Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 08:39

خۆڕاگریی هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەکاندا

سەرۆك بارزانی هۆشداریی دا كە نابێت خەڵكی كوردستان بۆ ئەم شەڕە نەخوازراوە پەلكێش بكرێت
100%

لە دوای گۆڕانكارییە خێراكان لە عێراق و ناوچەكەدا، بە تایبەتی لە نێوخۆی هەرێم، بەداخەوە جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان كرایە ئامانج، بە شێوەیەك كە نەیاران و دوژمنان، هەرجارەو شێوازێك بۆ ئەم مەبەستە بەكار دەهێنن، بەڵام وەكو هەمیشە خۆڕاگریی گەل لە ژێر سەركردایەتییە حەكیمەكەیدا، وای كرد كە بەسەر گشت ئاستەنگەكاندا زاڵ بن.

 

ئەوەتا پێشتر بە سوودوەرگرتن لە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی هەرێم و لە ڕێگەی حكوومەتی عێراقی و بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، فشارەكانیان بۆ سەر هەرێم دەهێنا، دواتر لە رێگەی دروستكردنی هەندێك هێزی نافەرمی، كێشەی جددییان بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست كرد، لە دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمموز و ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش، ئیدی بۆشاییەك بۆ ئەم هەوڵانەی دژی هەرێم نەمایەوە، بەڵام ئەمجارە هەوڵەكانیان چڕ كردەوە بە ئاراستەی تێكدانی ئارامیی هەرێم و لێدان لە ناوبانگ و پێگەی هەرێمی كوردستان.

 

بە هەمان مەبەستی دژایەتیكردنی ئەم ئەزموونە، زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان لە ماوەی ڕابردوودا بەربەست بوون لە بەردەم نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، كە مەبەست لەم هەوڵانە، رێگریكردنە لە بەدامەزراوەییكردنی دەسەڵاتەكانی هەرێم، لە هەمان كاتدا هەمان ئەو  هێزە ساسییانە بەرپرسن لە پەكخستنی هەوڵێكی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ كۆبوونەوەی گشت لایەنەكان لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە مەبەست لەم كۆبوونەوەیە، بۆ دروستكردنی كۆدەنگی  بوو لە بەغدا، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر پێگەی كورد لە عێراقدا، كە دەكرا پەرتەوازەیی ماڵی شیعە و یەكدەنگنەبوونی سوننەكان، وەك دەرفەتێك بۆ كورد هەژماری بكرێت بۆ جێكردنەوەی زۆرترین داواكارییەكانی لە بەرنامەی كاری حكوومەتی داهاتووی عێراقدا.

 

ئەوەی نكۆڵیی لێ ناكرێت، داواكاریی مامۆستایانی وانەبێژ بە مەبەستی دامەزراندنی هەمیشەیی و قوتابیان بۆ پێدانی دەرماڵە، مافێكی ڕەوایە، بەڵام هەمووان باش دەزانن كە هەموو هەوڵەكانی حكوومەت لە ئێستادا بۆ دابینكردنی مووچەیە، لە كاتێكدا ڕێگریی جددی هەیە لە كۆكردنەوەی داهات و تەگەرە دەخرێتە بەردەم چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و، حكوومەتی فیدراڵیش سستە لە ناردنی بەشەبودجەی كوردستان.

 

لەگەڵ هەبوونی ئەم ڕاستیانەدا، هاندان بۆ خۆپیشاندان بە جۆرێك بوو، كە لە میانەیدا  سوكایەتی بە پیرۆزییەكانی كوردستان بكرێت و هێرش بۆ سەر دامەزراوە حكوومیەكان ئەنجام بدرێت، ئەمە جگە لەوەی قوڵكردنەوەی ناكۆكییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان كوردستانیان بوو، بە تایبەتی لە مامەڵەی نێوان خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا، ئەمەش دەریدەخات كە پیلانێكی هەمەلایەنی نێوان چەند هێزێكی جیاواز بۆ تێكدانی ئارامیی كوردستان لە ئارادایە، هاوكات  قەیرانی كۆچبەرانی كورد لە سنووری نێوان بێلارووسیا و پۆڵەنداش، بە پیلانی هەندێك هێزی دیاریكراوە بۆ لەكەداركردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.

 

لە چەند رۆژی رابردووش، چڕبوونەوەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و گوندە سنوورییەكان بە بەرچاوی هێزە عێراقییەكانەوە بە تایبەتی چەكدارانی (حەشدی شەعبی)، كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕە، هەم بۆ سەرقاڵكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و لەلایەكی تریش بۆ چۆڵكردنی ناوچە كوردستانییە دەوڵەمەندەكان بە نەوت و ئەو ناوچانەی بە سەبەتەی خۆراكی عێراق هەژمار دەكرێن، ئەمە جگە لە تەعریبێكی نوێ، كە دەكرێ بە فشارێك بۆ سەر هەرێم هەژمار بكرێت بۆ گۆڕینی  هەڵوێستەكانی سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.

 

لە هەمان كاتدا، ئاماژە شاراوەكەی پشت ئەم ناكۆكیانە، بە ئاراستەی پێكدادانی نەتەوەییە، بە شێوەیەك كە نەتوانرێ كۆنترۆڵ بكرێت، بێگومان هاتنی خودی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش بۆ هەولێر و سەردانی مەخموور، بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەم پیلانەیە، بە شێوەیەك لە دوا وتاری (سەرۆك بارزانی) لە كۆنگرەی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردی لە هەولێر، هۆشداریی دا كە نابێت خەڵكی كوردستان بۆ ئەم شەڕە نەخوازراوە پەلكێش بكرێت، ئەمە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكی چڕی میدیای نێوخۆیی بۆ شەڕێكی دەروونی لەگەڵ جەماوەری كوردستان و بێئومێدكردنیان لە حكوومەت و دامودەزگا سەربازییەكانی.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.