Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:40

فه‌ڕه‌نسا قه‌ره‌بووی کورد ده‌کاته‌وه‌

له‌ رۆژئاوای كوردستان و سووریایش دۆخه‌كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌
100%

فره‌نسا یه‌ك له‌و ئاكته‌ره‌ گرنگانه‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌مدا دیزاینی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان كرد و به‌شه‌ گه‌وره‌كه‌ی كوردستانیشیان له‌ نێوان دوو وڵاتی عه‌ره‌بی داگیركراوی فره‌نسا و بریتانیادا دابه‌ش كرد.


دوای تێ په‌ڕبوونی نزیك به‌ یه‌ك سه‌ده‌، فره‌نسا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌كته‌رێكی گرنگی دیزاین كردنی سه‌ر له‌ نوێ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا فره‌نسا به‌ پشتیوانییه‌ دیپلۆماتیكی، سه‌ربازی و سیاسییه‌كاننی خۆی قه‌ره‌بووی ئه‌و زوڵمه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ یه‌ك سه‌ده‌ له‌گه‌ڵ بریتانیا له‌ گه‌لی كوردستانیان كردبوو. 
له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌دواوه‌ فره‌نسا به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می فرانسوا میتراندا سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كوردستان و كوردستان گۆڕیوه‌ و له‌سه‌ر ئاستی جیهانی فره‌نسا خۆی وه‌كو قه‌یوومی كورد له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی سیاسی و دیپلۆماتیكی له‌ كورد و كوردستان كردووه‌.


ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ باشوور و رۆژئاوای كوردستان وه‌كو چالاكی فره‌نسا ده‌بینرێت، سه‌ره‌تای هه‌نگاوه‌ كردارییه‌كانی فره‌نسایه‌ بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان. له‌ ماوه‌ی دوو تا سێ ساڵی داهاتوویشدا فره‌نسا هه‌نگاوی كرداری گه‌وره‌تر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌نێت.


سه‌رۆكی فره‌نسا ئیمانۆئێل ماكڕۆن كه‌ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر بوو، په‌یامی زۆرگرنگی به‌ گه‌لی كوردستاندا و گوتی: فره‌نسا به‌ ته‌نیاتان ناهێلێت و له‌مه‌و به‌دواوه‌ رۆلی فره‌نسا له‌ عێراق و كوردستان زیاتر ده‌بێت.


مانای ئه‌م قسانه‌ی ماكڕۆن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌ هاوبه‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دیزاین ده‌كه‌نه‌وه‌.


بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ئه‌مریكا یارییه‌كه‌ی له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ ده‌ست پێكرد. به‌ كێشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان، وه‌كو چۆن سه‌رده‌می داعش هه‌موو ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ سووریا و عێراق له‌ ژێر ناوی داعش كۆ كرانه‌وه‌ و دواتر له‌ ناوبران، ئه‌مجاره‌یش له‌ ئه‌فغانستان كۆمه‌ڵێك گرووپی رادیكاڵی دیكه‌ كۆ ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ سه‌ر ئێشته‌ بۆ ئێران، رووسیا و چین، تا به‌مجۆره‌ له‌ پڕۆسه‌ی سه‌ر له‌ نوێیه‌وه‌ دیزاین كردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا رۆل و پێگه‌ی ئه‌و سێ وڵاته‌ نه‌بێت.


ئه‌مریكا به‌ڵێنی كێشانه‌وه‌ی هێزی شه‌ڕكه‌ڕی له‌ عێراق داوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌ینێت كه‌ به‌ یه‌كجاری له‌ عێراق ده‌كێشێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌مه‌و به‌دواوه‌ فره‌نسا و ئه‌مریكا رۆل و چالاكی خۆیان له‌ ناوچه‌كه‌دا زیاتر ده‌كه‌ن.


هه‌م ماكرۆن و هه‌م به‌رپرسانی ئه‌مریكا به‌ شێوه‌ی هاوكات سۆز و به‌ڵێنی به‌رده‌وامی پشتیوانییه‌كانیان به‌ گه‌لی كوردستان داوه‌. ئه‌م سۆز و به‌ڵێنه‌ نیشانه‌ی ده‌ستپێكردنی قۆناخێكی نوێ و گۆڕانكاری زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و ئه‌م دوو وڵاته‌یش له‌م قۆناخه‌دا كورد به‌ ته‌نیا ناهێلێن.


له‌ رۆژئاوای كوردستان و سووریایش دۆخه‌كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، كاتێك له‌ سه‌رده‌می ترامپدا ئه‌مریكا پلانی كێشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی خسته‌ روو،هه‌ر زۆر فره‌نسا هاته‌ سه‌ر خه‌ت و هێزی خۆی له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌جێ كرد. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینێت كه‌ له‌ دیزاینی نوێ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ر دوو به‌شی كوردستان، ( باشوور و رۆژئاوای كوردستان) له‌ ژێر چه‌تری فره‌نسادا ده‌گه‌نه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌ بۆ تێ ده‌كۆشن.


خاڵی گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی ماكرۆن سه‌ردانی بۆ مووسل و پێكهاته‌ ئه‌تنیكییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بوو. پاپای ڤاتیكانیش كاتی سه‌ردانی بۆ كوردستان و عێراق، سه‌ردانی ده‌شتی نه‌ینه‌وای كردبوو و به‌ مه‌سیحییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی گوتبوو له‌ پاڵ زمانی زگماكی خۆتان زمانی كوردیش وه‌كو یه‌كه‌م زمان فێِر ببن. ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ بۆ هه‌ندێ كه‌س قسه‌یه‌كی زۆر ئاسایی بێت، به‌ڵام بۆ سیاسه‌ت و سیاسه‌تمه‌داره‌كان، په‌یامێكی زۆرگرنگه‌ كه‌ نیشانه‌ی ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.


ماكڕۆنیش به‌ هه‌مان شێوه‌ی پاپا، داوای له‌ مه‌سیحییه‌كان كردووه‌ كه‌ خۆیان زیاتر له‌ كورد نزیك بكه‌نه‌وه‌. ئه‌م دوو قسه‌یه‌ په‌یوه‌ندی زۆریان به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. واتای قسه‌كانیش نیشانه‌ی نزیك بوونه‌وه‌ پڕۆسه‌ی دابه‌ش كردنی عێراقه‌. له‌ دیزاینی نوێ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه‌ فره‌نسا و ئه‌مریكا سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌كه‌ن، عێراق ده‌بێته‌ سێ به‌ش، به‌شی شێعه‌، سوونه‌ و كورد.


 پێكهاته‌ ئاینییه‌كان ده‌خرێنه‌ سه‌ر كوردستان. ده‌وڵه‌تێكی سوننه‌ له‌ عێراق و سووریا به‌ هاوبه‌شی بۆ سوننه‌كان داده‌مه‌زرێت. له‌ باشووریش ده‌وڵه‌تێكی شێعه‌ بۆ شێعه‌ مه‌زهه‌به‌كانی عێراق و سووریا داده‌مه‌زرێت.


 له‌ هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانیش ده‌وڵه‌تێكی كوردستانی بۆ كورد، مه‌سیحی، ئه‌رمه‌نی، ئیزدی و پێكهاته‌ ئاینییه‌كانی دیكه‌ داده‌مه‌زرێت. 


ئه‌مه‌ پلان و به‌رنامه‌ی ئه‌مریكا و فره‌نسایه‌، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ رووسیا و ئێران و بگره‌ توركیایش له‌ دژی ده‌وه‌ستێنه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مریكا به‌ كێشانه‌وه‌ی له‌ ناكاوی له‌ ئه‌فغانستان، یارییه‌كه‌ی ده‌ست پێكرد، به‌ یه‌ك تیر سێ ده‌وڵه‌تی كاریگه‌ری ناوچه‌كه‌ی تووشی سه‌ر ئێشه‌ كرد. 


هاوكات بۆ رازیكردن یا په‌راوێز خستنی توركیایش كه‌ ئاسته‌نگێكی دیكه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌، ئه‌مریكا و فره‌نسا، پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی گرنگیان له‌ دژی توركیا هه‌یه‌.

پرسه‌كانی قوبرس، رۆژهه‌ڵاتی به‌حری سپی، یونان، لیبیا و بالكان هه‌موویان له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك پڕۆژه‌ی هاوبه‌شدا له‌ دژی توركیا كۆ كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ گه‌ڕ خستنی پڕۆژه‌كه‌ توركیا هه‌م له‌ نێو ناتۆ په‌راوێز ده‌خرێت و هه‌م له‌ نێو یه‌كێتی ئه‌ورووپایشدا تووشی گۆشه‌گیركردن ده‌بێت و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیشیدا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، تووشی ته‌گه‌ره‌ و گرفتی گه‌وره‌تر ده‌كرێت.
 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.