Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 06:43

سەرۆکی هەرێم و بەرژەوەندییەکانی کوردستان لە پڕۆژەکەی فەرەنسادا

ماكرۆن لەبەغدا و لە حزوری سەركردە و نوێنەرانی كۆی دەوڵەتانی ناوچەكەدا و لە كۆنگرەیەكدا كە كوردستان و سەرۆكەكەی دەستی لە تیۆریزەكردنی ئەجینداكەی و رێكخستنیدا هەی
100%

لە پرێسكۆنفرانسە دووقۆڵییەكەیاندا، سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانی، بەرلەبەخێرهێنان بۆ كوردستان، سەرۆك ماكرۆنی بۆ عێراق بەخێرهێنا، بەرلەوەی سوپاسی بكات كە پشتیوانیی خۆی بۆ كوردستان دووپاتكردۆتەوە، بۆ بەیەكگەیاندن وكۆكردنەوەی سەركردەی ووڵاتانی ناوچەكە لە لوتكەی بەغدا، سوپاسی كرد. تەنانەت بەرلەوەی ماكرۆن بگاتە هەولێر وهەر لەگەڵ كۆتاییهاتنی كۆنگرەكەدا، سەرۆكی هەرێم لەو یەكەمین كەسانە بوو كە بە گەرمی پرۆزبایی و پشتیوانی لە بەئەنجامگەیشتنی كۆنگرەكە كرد.


ئەو پێشوازی و پشتیوانییەی سەرۆكی هەرێم لە كۆنگرەی ( شەراكەتی بەغدا)كە سەرەتای پیادەكردنی پرۆژەكەی فەرەنسایە كە جەڕباندنی چارەیەكی نوێیە بۆ گرفتەكانی عێراق. پشتیوانییە لە ستراتیجێك كە چەند ساڵیكە كاری لەسەر دەكرێت و لە چنین و گەڵاڵە كردنیدا، نێچیرڤان بارزانی یەك لە شەریك و راوێژپێكراوە سەرەكییەكان بووە.
لە راستیدا كۆی دیدارەكانی هەردوو سەرۆك لە ماوەی رابردوودا چ لە پاریس و چ لە بەغدا و ئەمجارەش  لە هەولێر، هەربۆ داڕشتن و دەست بەپیادەكردنی ئەو پڕۆژەیە بوو، گەرموگوڕیی پەیوەندیی نێوانیشیان تا ئاستی هاوڕێیەتی، هەر زادەی شەریكایەتی و هاوڕاییانە لەو دنیابنییەدا. رەنگە ئامانجێكی سەرەكی لە سەردان و دیدارەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ ووڵاتانی دراوسێ وكۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەركردەكانی عێراق لە بەغدا، هەر بۆ شرۆڤەكردنی ئەو ستراتیجە و پەیداكردنی پشتیوانی بووبێت بۆ سەرخستنی.


لە ستراتیجەكەی فەرەنسادا، سەقامگیریی عێراق بە خاوكردنەوەی گرژیی نێوان بەرژەوەندییە بەریەككەوتووەكانی ووڵاتانی ناوچەكەدا تێدەپەڕێ، دەبێ عێراق لە گۆڕەپانی شەڕی بە وەكالەتی ئەوانەوە كە ئۆقرەیی سیاسی وسیمای دەوڵەتداری و سیادەتی لێ داماڵیوە، ببێتە گۆڕەپانی دیبلۆماسیەتی دانوستان و بەیەكگەیاندنی بەریەككەوتووەكان. چەندە ئەو ئامانجە بەدیبێت، ئەوەندە دەستوەردان لە كاروباری عێراق كەمدەبێتەوە و بەوەش ئۆقرەیی سیاسی و سیادەت و سیماكانی دەوڵەتداری بۆ دەگەڕیتەوە. ئەوكات عێراقییەكان ئیرادەی سەربەخۆیان دەستەبەر دەكەنەوە ودەتوانن خۆ بەخۆ و بێ فشار و ئیملائات و سەپاندن، دەریچەی چارەسەر بۆ كێشەكانیان بدۆزنەوە و لەسەر بنەمای ئەو دەستور و بنەما و پرنسیپانەی دوای  نەمانی دیكتاتۆریەت لەسەری رێكەوتبوون، ووڵاتی خۆیان دووبارە راستەڕێ بكەنەوە.


لە سەروەختی تەنكبوونی وجودی ئەمریكییەكان و پێچانەوی بەشێك لە باروبنەیان وگەیشتنی ستراتیجەكەیان بۆ بنیانتنانی دەوڵەت و دیموكراسی لە عێراقدا، بە نیمچە بنبەست، بۆ  فەرەنسا، كاتی گونجاوی قۆڵهەڵماڵین و پیادەكردنی ستراتیجەكەیەتی. ئەو ستراتیجەی كە دەیەوێت بۆ عێراق سیادەت و دەوڵەتداری و ئۆقرەیی، بۆ كوردستان ماف و بەركەوتی دەستوری و رەوا، بۆ ناوچەكەش جۆرێك لە هاوسەنگی و خاوكردنەوەی گرژییەكان، لە چوارچێوەی چەمكگەلی ( ئاشتی بەكۆمەڵ و سوودی بەكۆمەڵ و رەچاوكردنی بەرژەوەندی یەكدی)دا، دەستەبەر بكات. ئەمە ئامانج و خەونێكی سەختگیرە، بەڵێ.. بەڵام نائومێدبون لە دۆخی عێراق و دەستهەڵگرتن لە چارەسەر، ئەنجامەكانی لە نزیك و دوور مەودادا، بۆ هەموو جیهان كارەساتبارە.  


سەردانەكەی ماكرۆن بۆ هەولێر، گرنگ و دڵنیایی بەخش و پڕ لە پابەندی و پشتیوانی بوو، بەڵام هەموو ئەو گرنگی و دڵنیاییە لە بەغداوە سەرچاوەی گرت: ماكرۆن لەبەغدا و لە حزوری سەركردە و نوێنەرانی كۆی دەوڵەتانی ناوچەكەدا و لە كۆنگرەیەكدا كە كوردستان و سەرۆكەكەی دەستی لە تیۆریزەكردنی ئەجینداكەی و رێكخستنیدا هەیە، رایگەیاند كە بۆ پشتیوانی لە مافەكانی كورد، لە جەنگاوەرانی تیرۆربەزێنی كوردستان، سەردانی هەولێر دەكات. ماكرۆن بەو پەیامە، بە هەموو لایەكی گووت : ئەم ستراتیجە چارەسەرئامێزە مومكین نییە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی كورد و بە بێ زامنی مافەكانی، جێبەجێ بكرێت و بە ئەنجام بگات. ئەوە بەشێكە لە ستراتیجەكەی پاریس كە جێپەنجەی سەرۆكی هەرێمی پێوەدیارە، بۆیەش دەكرێ بڵێین: دەستكەوتی كوردستان لە بەشداریی سەرۆكی هەرێم لە ستراتیجەكەی سەرۆك ماكرۆندا، لەم پەیامە دڵنیاییبەخشەدا بەرجەستەبوو. هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە هێندەی سەردانەكەی بۆ هەولێر، سەردانی ماكرۆن بۆ بەغدا و سازدانی كۆنگرەكەی بەغدا، بۆ كورد گرنگ و مانادار بوو.
بەشداریی سەرۆكی هەرێم لە داڕشتن و گەڵاڵەكردنی ستراتیجەكەی پاریس و پشتیوانیكردنی، بەرمەبنای قەناعەتێكی پراكماتیك و عەقلانی و خوێندنەوەی واقیعبینانەی نێچیرڤان بارزانییە  بۆ كۆی دۆخی عێراق و ناوچەكە و وابەستەیی كوردستان بەو دۆخەوە.

لە باوەری ئەو زاتەدا وەك چۆن عێراق بە بێ پێكهاتن لەگەڵ كوردستان و بە بێ سەلماندنی مافە دەستورییەكانی، ئۆقرەیی سیاسی بەخۆوە نابینێ، ئەوهاش كوردستان لە بی ئۆقرەیی و پاشاگەردانی و لاوازیی و بێ سیادەیی بەغدا، نەك هەر سوود نابینێ و بەهێز نابێ، بەلكو غەرقی قەیرانیش دەبێ و ڕەوڕەوەی پەرەسەندنیشی دەوەستێ، كێشەكانی ئەم چەند ساڵەی كوردستان گەواهیدەری ئەو راستییەن.

هەر بەهەمانشێوە سەقامگیریی بەغداش بە بێ ئارامبوونەوەی بەشێك لە گرژییەكانی ووڵاتانی ناوچەكە، نایەتەدی، هەر بۆیە لەو پێودانگەشەوە چەندی كوردستان بتوانێ لە خاوكردنەوەی گرژییەكان و بەریەككەوتنی بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێی عێراقدا، رۆڵی خێر و میانگیر ببینی و هاریكار و دەستباری پرۆژەكەی فەرەنسا بێت، ئەوەندە خزمەت بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەی خۆی دەكات.

هەر پەیوەست بەو راستییەش، كوردستان لەناوخۆدا چەندی بتوانێ نموونە دیموكراتییە ئازادیخوازەكەی بپارێزێ و تەبایی ناوخۆیی بەدیبێنێ و حوكمڕانییەكی زۆر باشتر و گەلپەسەندتر پەیڕەوبكات، ئەوەندە هێزی بەشداری و رۆڵ بینینی لە رێی سەرۆكەكەیەوە لەو ستراتیجە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەدا زیاترو بەرچاوتر دەبێت كە لە دواجاردا بە خێر بۆ خۆی دەشكێتەوە.
لەم تێگەیشتنەوە، گەر لە جوڵە سیاسییەكانی دوو ساڵ و نیوی رابردووی سەرۆكی هەرێم و هەڵوێست و پەیامەكانی لەسەر هەر چوار ئاستی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و جیهان و بە تایبەت فەرەنسا ووردبینەوە، تانوپۆی پیكەوەگرێدراوی ئەو ئامانجانە رونتر دەبینین كە سەرۆكی هەرێم لە پێناویاندا كاردەكات.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.