Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 06:54

مێژووی راستەقینەی کورد و فەڕەنسا

بزاڤی توندکردنەوەی پەیوەندیە دۆستایەتیەکان دەستی پێکردەوە، کە سەرۆک مەسعود بارزانی سەرپەرشتی دەکرد و بەخۆی میحوەری دروست کردنەوە و داڕشتنەوەی ئەو پەیوەندیانە
ئاسۆ حاجی
100%

ئەو مێژووە لەو چەند ساڵە دەستی پێ نەکردووە، بەڵکو رەگ و ریشەیەکی درێژی هەیە، بۆ سەرەتاکانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول دەگەڕێتەوە، کە مستەفا بارزانی میر کامەران بەدرخان و دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی و نورەدین زازای وەک نوێنەری تایبەتی خۆی دیاری کردن، فەڕەنسایان کردە ناوەندی بزاڤە دبلۆماسیەکانیان، بە دەیان کەسیان لە فەڕنسی و کەسانی دیکەی ئەوروپایی ناردە کوردستان، ئەو کەسانە خزمەتێکی گەورە بە شۆڕش کرد، زۆربەشیان وەک دۆستی نزیک و خەمخۆری گەلی کوردستان مانەوە، ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسایەتیانە ئیستاش لە ژیاندا ماون.
لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ئەو دۆستانە لە تێکۆشانیان بۆ پاڵپشتی کردنی مافەکانی گەلی کوردستان بەردەوام بوون، لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەتەی رابردوو، لە رێگای ژمارەیەک کەسایەتی کورد و دۆستانی کورد، بزاڤی توندکردنەوەی پەیوەندیە دۆستایەتیەکان دەستی پێکردەوە، کە سەرۆک مەسعود بارزانی سەرپەرشتی دەکرد و بەخۆی میحوەری دروست کردنەوە و داڕشتنەوەی ئەو پەیوەندیانە بوو، کاریگەری سەرۆک بارزانی و بایەخ و گرنگی دروست کردنەوەی ئەو پەیوەندیانە ئەوەندە گەورە بوو کە حکومەتی بەعس و خودی سەدام حوسێن لێیان تۆقی بوو، بۆیە لە کۆتاییەکانی ساڵی 1979 هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانیان دا.
ئەو بزاڤانەی سەرۆک مەسعود بارزانی بازنەی پەیوەندیەکانی فراوانتر کرد، تا ئەو رادەیەی کەسانی وەک مەدام دانیال میتێڕان و هاوسەرەکەی سەرۆکی کۆچ کردووی فەڕەنسا فڕانسوا میتێڕان بەشێکی ئەو بازنەیەیان پێدەهێنا، ئەو پەیوەندیانە تەنها لە بەرژەوەندی باشوری کوردستان و شۆڕشەکەی گچکە نەکرانەوە، بەڵکو بۆ خزمەتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان درێژ کرانەوە، ئەو پەیوەندیانە لە هەموو رووداو و قۆناغەکانی مێژووی سیاسی کوردستان رۆڵی کاریگەریان هەبووە، لە ناردنی یارمەتی بۆ شۆڕش لە هەموو رووێکەوە، تا بە بەهاناوەچوونی دەربازبووانی کورد لە شالاوەکانی ئەنفال، هەروەها بە هاناوە هاتنی فەڕەنسا لە رۆژانی کۆڕەوە ملیۆنیەکەی ساڵی 1991، کە خودی مەدام میتڕان وێڕای هەوڵدانی ئێران لە رێگری کردنی بۆ نەپەڕینەوە لە سنووری دەستکردی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام خۆی گەیاندە ناو خەڵکی هەڵاتوو لە زولم و ستەمی رژێمی بەغدا، لەوێ لە نێو خەڵکی ئاوارە بوو لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوویەوە، کە بە گرنگترین کۆبوونەوە هەژمار دەکرێ لە مێژووی سیاسی کوردستان، چونکە ئەو کۆبوونەوەیە بووە هۆی ئەوەی فەڕەنسا و لە سەر زاری سەرۆکەکەی رەوانشاد فڕانسوا میتێڕان بە وڵاتانی زلهێز و دنیا بڵێ:" ئەگەر بە تەنهاش بین ئەوە بە هانای میللەتی کورد دەچین کە لە بەردەم هەڕەشەی لە ناوچوونە". ئەو بانگەوازەی فەڕەنسا دەرچوونی بڕیاری 688 ئەنجوومەنی ئاسایشی لێ وەبەرهات، کە بووە هەوێن و بناغەی دامەزاراندنی هەرێمی کوردستانی عێڕاق، کە ئێستا وەک قەوارەیەکی فیدڕالی دەستووری لە نێو دەستووری هەمیشەیی عێڕاق پێناسە کراوە.
لە شەڕی شکاندنی ئەفسانەی داعش لە سەر دەستی پێشمەرگەکانی کوردستان لە ژێر رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەو مێژووە خۆی نوێ کردەوە، چۆن پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگژ گەورەترین رێکخراوی تیرۆرستی جیهانی بوویەوە، بە هەمان شێوەش فەڕەنسا بووە نوێنەری راستەقینەی دۆستایەتی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، فەڕەنسا هێزی رەواندنەوەی ترس و نیگەرانی خەڵک بوو لە دوای رۆژە رەشەکانی دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر، فەڕەنسا ئەو دەستە بوو کە بۆ هەرێمی کوردستان درێژکرا و دەرگای گەڕانەوەی بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کردەوە.
سەردانی کردنی سەرۆک ماکڕۆن بۆ هەولێر درێژە کردنەوەی هەمان ئەو مێژووەیە، کە تێکۆشەرانی فەڕنسی و کورد پێکەوە بناغەیان داناوە، نیشان دانەوەی هەمان ئەو هەلوێستە گرنگانەیە کە فڕانسوا میتێڕان و فڕانسوا ئۆلاند نیشانیان دا، دەست درێژکردنەوەی سەرۆکێکی دیکەی کۆماری فەڕەنسایە بۆ هەمان ئەو دەستەی کە سەرۆکەکانی بەر لە خۆی متمانەیان پێ هەبووە و هەمیشە گوتوویانە:"خۆشحالین بە دۆستایەتیت سەرۆک مەسعود بارزانی".

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.