Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:38

یٔه‌و دیوی سه‌ردانه‌که‌ی ماکرۆن بۆ هه‌ولێر  

هەموو ئەوانەی كە لەژێر فشار و زوڵمدان دەبێت بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا بگەڕێن و دەرفەتەكان باش هەڵسەنگێنن
100%

دیوی پشته‌وه‌ی سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی (ئیمانوێل ماكرۆن) بۆ هه‌ولێر گرنگه‌، لێكدانه‌وه‌ی سۆزداری دواجار له‌ له‌ ئامانجه‌كه‌ دوورمان ده‌خاته‌وه‌ 

سێ بژارده‌ی گرنگ هه‌یه‌ له‌ پشت سه‌ردانه‌كه‌ی ماكرۆن بۆ هه‌ولێر:
 یه‌كه‌میان بابه‌تی پشتیوانی له‌ كوردستانێكی به‌هێزه‌ به‌م شێوه‌ی ئێستا كه‌ هه‌م هاوسه‌نگه‌ له‌نێوان ئاڕاسته‌ی زلهێزانی جیهان له‌ ناوچه‌كه‌ و هه‌م نه‌بۆته‌ فاكته‌ری گرژی له‌نێوان وڵاتانی دراوسێ، ئه‌م كاراكته‌ره‌ی كوردستان هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌رێته‌وه‌ و فشاری كۆچ له‌سه‌ر ئه‌وروپاش كه‌م بكاته‌وه‌، له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ئاڕاسته‌ی تیرۆر راگیرا، رێگا نه‌درا تیرۆر شه‌ڕی كۆڵان به‌ كۆڵان بباته‌ ئه‌وروپا!. 

به‌شێكی دیكه‌ له‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا به‌فه‌رمی ده‌ست خۆشییه‌ له‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ چه‌ند ساڵه‌ په‌یڕه‌وی كردووه‌.
 
پرسی دووه‌م: (ماكرۆن)ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تی فه‌ڕه‌نسای به‌ره‌و سوریا و عێراق په‌ره‌پێداوه‌ له‌چوار چێوه‌ی په‌ره‌پێدانی بابه‌تی ئابووری بڕیاره‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسی له‌ ساڵی داهاتوه‌وه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ كاركردن له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئارام.

 بابه‌تی سێیه‌م: سه‌رۆك بارزانی وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سیاسی رۆڵَێكی به‌هێزی هه‌بووه‌ له‌ ئاڕاسته‌كردنی ئارامی ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ك ده‌بینین هه‌ڵبژاردنی عێراق له‌ ئارادایه‌ به‌ڵام كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ترسیان هه‌یه‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان گرفت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق دروست ببێت، بۆیه‌ ئه‌وان رۆڵی سه‌رۆك بارزانی به‌ گرنگ ده‌زانن بۆ ده‌رباز بوونی عێراق له‌و دۆخه‌ی ئێستا.

 بۆعێراق و هه‌رێمی كوردستان باره‌گای بارزانی كۆكه‌ره‌وه‌و چه‌تری هه‌موو لایه‌كه‌، له‌ رابردوودا سه‌رجه‌م سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی رابردووی عێراق سه‌ردانی باره‌گایان كردووه‌ ئومێدێكی زۆر هه‌یه‌ لێره‌وه‌ گرفته‌كانی داهاتووی ناوچه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت بۆیه‌ ماكرۆن به‌شێكی گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ی، ده‌ست خۆشییه‌ بۆ سه‌رۆك بارزانی.

سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ کوردستان،  جێگای دڵخۆشیە لەوەش دڵخۆشتر ئه‌وه‌ دەبێت كه‌ قسەیه‌کی سیاسیانەی خێر بۆ کورد بکات" وەک ئەوەی لە ١٩٩١ بە پێداگری فه‌ڕه‌نسا وەک ئەندامێكی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش، توانرا بڕیاری٦٨٨ ده‌ربچێت كه‌ بریتی بوو دژە فڕین له‌ھێڵی  ٣٦ كه‌ ھەرێمی کوردستانی ده‌گرته‌وه‌ تا ئێستاش جێگای خۆی گرتووه‌، لەدوایی خەباتی شاخ جارێکی دیكه‌ بەدڵنیایەوە له‌و خاڵه‌وه‌ دەستمان پێکرد. 

فەڕەنسا وڵاتیکی گرنگە یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە بڕیار لە چارەنووسی جیھان دەدەن، به‌پێی ئه‌زمونی رابردوومان له‌ (فالیری جیسكار دیستان، فرانسوا میتران، جاك شیراك، نیكۆلا ساركۆزی، فرانسوا ئۆلاند و ئیمانوێل ماكرۆن) قسە و کرداری یەک بووه‌.  

هاتنی‌ (ماكرۆن) له‌م كاته‌دا بۆ خۆی گرنگه‌و ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان، هه‌رێمه‌كان ده‌توانن رۆڵی به‌هێز ببینن، ده‌رفه‌تێكی باشیشە بەڵکو  په‌یامێكی تازه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌بێت.
 
هه‌ولێر ئێستا ته‌نیا نییه‌ ده‌سته‌خوشكی پاریس و له‌ڕێڕه‌وی ماراسۆنی پێشكه‌وتنی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌شه‌ بۆیه‌ هیوایه‌ك هه‌یه‌ ماكڕۆن چایه‌كی هه‌ولێریانی له‌ مه‌چكۆ بخواردبایه‌وه‌ و بریارێكی بوێرانه‌ی له‌ ئایندە‌ی كورد له‌ناوچه‌كه‌ش بدرێت. ئەوجا بەخۆشەویستی دڵ و دەروونەوە ھەولێر و پاریس یش دوو ده‌ستە خۆشک دەبن ھەتاھەتایە. 

ڕه‌نگه‌ لێره‌و له‌وێ لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ په‌یوه‌ندی كوردستان و فه‌ره‌نسا هه‌بێت، به‌ڵام پێش هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و چه‌مكانه‌ وكوردستان پێویستی به‌ دۆزینه‌وه‌ی دۆست هه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا كوردستان ده‌رچه‌ی تازه‌ی ده‌وێت بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ى، دونیای ئێستای سیاسه‌تی وه‌ك چۆمسكی ده‌ڵێت: "دۆستی هه‌میشه‌یی و دوژمنی هه‌میشییه‌ی نییه‌". 

 ‎لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا هیچ كەسێك دۆست نییە، هەموو كەسێك بیر لەبەرژەوەندی خۆی دەكاتەوە. كوردستان تائێستا سیاسه‌تی راست و دروستی كردووه‌، به‌ڵام بۆ قۆناغی داهاتوو ده‌بێت ئه‌م سیاسه‌ته‌ په‌یره‌و بكات، چونكه‌ گرفتی ئێمه‌ی كوردستان له‌ 100 ساڵەی مێژووی نوێدا كاراكته‌ری به‌هێز نه‌بووین له‌ گۆرینی هاوكێشه‌كاندا بۆ داهاتوو و بۆ ئێستاش ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان راكێشینه‌ كوردستان رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر وانه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان و زلهێزانی جیهان ، ئه‌مه‌ریكا جارێكی دیكه‌ ناتوانێت بگه‌رێته‌وه‌ بۆ مێژووی ئه‌و رووداوه‌ باش له‌وه‌ گه‌یشت كه‌ له‌و شوێنانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره‌ كه‌ كاتی خۆی بێ ده‌نگ بوو له‌وه‌ی داگیركاری كوردستان له‌و شوێنانه‌وه‌ ده‌كرا توركیاش په‌یامێكی روونی پێگه‌یشت كه‌ كوردستان رۆڵی نادیده‌ ناگیرێت له‌ بزاوتی ئابووری و سه‌قامگیری سنووره‌كانی."

ئێستا ئه‌وه‌ی گرنگه‌ نەك تەنیا كورد، بەڵكو هەموو ئەوانەی كە لەژێر فشار و زوڵمدان دەبێت بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا بگەڕێن و دەرفەتەكان باش هەڵسەنگێنن، بەڵام وا هزر نەكەن كە ئەمریكا یان هێزێكی دیكە خێرمان پێ بكات، دیفاكتۆری كوردستان شیاوی رێزگرتن له‌ ئاستی جیهان، په‌یامی سه‌رۆك بارزانیش به‌وه‌ی هه‌ر گه‌لێك به‌رگری له‌ خۆی نه‌كات ناتوانێت له‌ ناوچه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌ په‌یامێكی روون بوو كه‌ ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان به‌نده‌ به‌ به‌رگری له‌ قه‌زیه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ سه‌دان ساڵه‌ تێكۆرشانی له‌پێناو ده‌كات.

‎له‌ چوار چێوه‌ی گۆرانكاریه‌كان بابه‌تی سه‌ر له‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ زۆر باس و خواستی له‌سه‌ر ده‌كرێت، كاتی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی عێراق به‌بێ وه‌رگرتنی ویستی پێكهاته‌كان هاتن ئه‌وه‌یان دروستكرد كه‌ هه‌یه‌ دواجار عێراق قه‌د نه‌یتوانی له‌ مێژووی خۆیدا ئۆقره‌یی به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، سیاسه‌تی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ رۆڵی پێكهاته‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ دابرێژرێته‌وه‌، هزری كوردستانێكی به‌هێز و سەربەخۆ لەدەست نادرێت ده‌بێت به‌هێزتر له‌ جاران كاری بۆ بكرێت، چونكە ئەو سنوورە دەستكردانەی كە داگیركاران دروستیان كردوون نامێنن ده‌رفه‌تی گرنگ له‌به‌رده‌م كوردستانه‌ بتوانێت رۆڵی یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ ببینێت له‌ ناوچه‌كه‌".

سەرۆک ماکرۆن بەخێربێ
بۆ کوردستان بۆ هەولێر


٢٨ی٨ی٢٠٢١

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.