بەدرێژایی مێژوو گەلی كورد بە هۆی خەبات و بەرخۆدانی لە پێناو بەدەسهێنانەوەی مافەزەوتكراوەكانی هەردەم تووشی هەڕەشەی لەناوبردن و جینۆسایدی گەورە بۆتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا گشت هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ گەیاندنی پەیامی گەلێكی ستەمڵێكراو بۆ سەرانسەر جیهان و بەدەسهێنانی دۆست وپشتیوان بۆ دۆزی ڕەوایی گەلەكەی. ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ئەو دۆستە لەمێژینە وفڕیادرەسە بكەین ، لە مێژوویی دوێنی و ئەمڕۆشدا ، وڵاتی فەڕەنسا لە زۆرێك لە كاتە سەخت و دژوارەكاندا توانیوێتی دەنگ و رەنگی گەلی كورد بگەێنێتە ناوەندە بریار بەدەستەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەتایبەتی و كاریگەری زۆر وكاردانەوەی ڕژدی بەدوای خۆیدا جێهێشتووە.
بەتایبەت كە ، وڵاتی فەرەنسا یەكێكە لە زلهێزەكان و ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانە ، مێژوو گەواهیدەری ئەو ڕاستییەكە، كاتێك لە كۆڕەوی ملیۆنی ساڵی 1991، فەرەنسا پێگەی بەهێزی خۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەكارهێنا بۆ ئەوەی بە بڕیارێك لە دژی هێرشی سوپا دڕندە و داگیركەرەكەی بەعسی رووخاوی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان بوەستێنێت و ئەنجامەكەیشی دەركردنی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنەكە بوو لە 5ی نیسانی 1991داگەلی كورد لە دژ بە هێرشەكەی رژێمی سەدامی رووخاو.
هەروەها ، لەمێژوویی ئەمڕۆشدا و ئەو كاتەی كە ساڵی 2014 هەرێمی كوردستان تووشی هەڕەشەی تیرۆر بۆوە ، وڵاتی فەرەنسا بە زۆر شێواز هاوكاری پێشكەشی هەرێمی كوردستان كردووە لە شەڕی دژی داعش و خودی فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشیان هەیە و چەند جارێك یەكدیان بینیوە، سەرۆكی فەرەنسا یەكەم سەرۆكیش بوو كە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
دەتوانین بڵێن كە پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا و زۆر پتەوە و مێژینەن، بەڵگەش بۆ ئەو ڕاستییەیە ئەوەیە كە ئەو كاتەی كە دەسەڵاتدارانی عێراق بە پیلانگێرییەكی پێشوەختە و بە پاساویی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ، ئەوا هێرش وپەڵاماری هەرێمی كوردستانیاندا و ئینجا گەمارۆیان خستە سەر ، بەڵام ئەمجارەشیان فەرەنسا لەو وڵاتانە بوو كە لە رۆژانی تەنگانەدا پشتیوانی لە مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و داوای كرد كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە رێی دەستوور چارەسەر بكرێت. هەر ئەوەش بوو كە جارێكی تر بازنەی گەمارۆكانی تێكشكاند .
بۆ قۆناغی ئێستای رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە ، ئەوەی پێشبینی كراوە ، جارێكی تر رۆڵی گرنگی فەرەنسایە لە ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ، بەتایبەت كە لە ئیستاتدا لە عێراق لە دوای بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا كۆنفرانسێكی جیهانی گەورە بە ئامادەبوونی سەرۆك وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بەرێوە دەچێت و بڕیارە ئیمانوئێل ماكرۆن سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و بەبانگهێشتی فەرمی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، ئەوەش خۆی لەخۆیدا پێشهات وپەیامێكی گرنگە .
هۆكارەكەشی بۆ پێگەی بەهێزو ستراتیژی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی یاسایی و دەستووری لە ناوچەكە لە سیاسەتی وڵاتی فەرەنسادا بوونی هەیە ، بەتایبەت كە لەماوەی رابردوودا ، پەیوەندی ئابووری وسیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەكان لە ئاستێكی زۆردا گەشەی كردووە . ئەوەی لە بەهێزبوونی ئەو پەیوەندییانە دەبینرێت ، بوونی هێزەكانی فەرەنسایە بەمەبەستی مەشق و راهێنانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەش گرنگی زۆرهەیە.هەروەها پێگەی جوگرافی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا وایكردووە كە ، وڵاتی فەرەنسا بتوانێت یارمەتیدەر وپشتیوانیكاری گەلی كورد بێت لە رووی سیاسی و ئابووری بە تایبەت بۆ رۆژئاوای كوردستانیش.
یەكێكی تر لەو گرنگیدانانەی وڵاتی فەرەنسا بە هەرێمی كوردستان ، هەموو ئەو سەركەوتن وقارەمانییەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ تێكشكاندنی دڕندەترین رێكخراویی تیرۆریستی بەناوی داعش كە نەك تەنها ، نەك مەترسی بۆ سەر ناوچەكە بەڵكو بۆ سەر هەموو جیهان و بەتایبەت كە ئێستاش ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی داعش لە ناوچەكە زۆرن و هێزی پێشمەرگەی كوردستان متمانەپێكراوترین هێزە لە ناوچەكەدا.
لایەنێكی تر بایەخدانی فەرەنسا بە ناوچەكە ، بەتایبەت بە دۆزی كورد ، كە هیچ دوور ناگیرێت ، كە چۆن لە ساڵی 1991 هۆكار بوو بۆ پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان ، لە ئێستاشدا ، بۆ زیاتر سەقامگیری ناوچەكە و ئەوا چارەسەركردنی پرسی كوردە كە دەیان ساڵە بەهۆی دابەشكردنی ناڕەوایی خاكەكەی گەلی كورد خەبات بۆ گەڕاندنەوەی دەكات ، ئەوەش ئاشتی و سوودی هەموو گەلانی ناوچەكەی لێدەكەوێتەوە .
هەروەها فەرەنسا یەكێك لەو وڵاتانەی كە بەردەوامی دژایەتیی سیاسەتەكانی توركیایی كردووە بۆ دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتی گەلی كورد و هەرێمی كوردستان و ئەگەری زۆرە كە فەرەنسا بۆ ئەو مەبەستە رووبەڕووی ئەو دەستدرێژیانە ببێتەوە ، بەتایبەت كە توركیا هەستی بەو گۆرانكاریی و پێشهاتانە كردووە و لە ماوەی رابردوو، هێرش و پەڵاماردان كە ئامانج تێیدا خۆسەپاندنە بە پاساویی بوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
لەم كات وساتەدا ، هەستیار وچارەنووسسازەدا كە ناوچەكە پێیدا گوزەر دەكات ، سەردانی سەرۆككۆماری فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرەمی پەیامێكی گرنگ ودڵنییاكەرەوەی دۆستایەتیی و پشتیوانیكردنی گەل و كیانی كوردستانە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەكە ، بەتایبەت كە كوردستان وەك دوورگەیەكی ئاڕام و سەقامگیری پێكەوەژیانە بە بەراوەرد لەگەڵ عێراق و زۆرێكی تر لە وڵاتان .