Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 06:49

له‌ دوو ساڵه‌ی سەرۆکایەتیدا..

روانگای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ چاره‌ی كێشه‌كانی هه‌ولێر به‌غدا
100%

 بەر لە دوو ساڵ و لە ووتاری دەستبەكاربوونیدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، چارەی گرفتەكانی نێوان هەولێر بەغدای وەك بەشێك لە ئەرك و ئەجیندای خۆی ناساند.. روانگای  خۆشی بۆ چاره‌سه‌ر خسته‌ڕوو كه‌ به‌رمه‌بنای دانوستان و دەستورسالاری و گەڕانەوە بۆ پرنسیپەكانی شەریكایەتی و سازان و هاوسەنگی و لێتێگه‌یشتن و جێبه‌جێگردنی راسته‌قینه‌ی سیستمی فدڕالییه‌. جیا له‌م نه‌خشه‌ ڕێیه‌، نە لەبەردەم بەغدا و نە لەبەردەم هەولێردا بژارە و ئاسۆ و ده‌ره‌تانێكی  دیكەی چارەسەر بەدیناكرێت.  

نێچیرڤان بارزانی لەو پێناوەدا دەستپێشخەر بوو، لە بری جارێك، چەندی پێوویست بوو سەردانی بەغدای كرد. لەوێش هیچ كەسی نەبوارد و هەمووانی دواند. بێ هیچ هەڵاوێردێك لەگەل كۆك و ناكۆك، میانڕەو و توندئاژۆ، دۆستانی دوێنێی خەباتی هاوبەش دژی دیكتاتۆریەت وهەڵكەوتوانی ئەمڕۆش كەوتە گفتوگۆ. ئەوراستییەشی بوێرانە قبوڵكرد كە نەوەیەكی نوێی سیاسەت لە عێراقدا هاتونەمەیدان كە یاده‌وه‌ری هاوبەشیان لەگەل خەباتكارانی دوێنێ نیە و بۆیەش دەبێ بە لۆژیكێكی تازە بدوێنرێن.

سەرۆك نێچیرڤان لەدەسپێكی هەوڵەكانیەوە، چاوی له‌ چارەیەكی بنەڕەتییه‌ كە له‌یه‌ككاتدا ئاسودەیی بۆ كوردستانییان و ئۆقره‌ییش بۆ عێراق بێنێتەدی. چارەیەكی هەمیشەیی نەك كاتی و بێ متمانە و بەرهەڕەشەی هەڵوەشانەوە و پاشگەزبوونەوە. هه‌ر له‌و پێودانگه‌شه‌وه‌ بوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و تێگه‌یاندنه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی لای شه‌قامی عێراقی راستكرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ كوردستان ته‌نها بۆ مافه ‌ده‌ستوری و وبه‌ركه‌وته‌ ئابورییه‌كانی خۆی رووده‌كاته‌ به‌غدا وهیچ به‌ خه‌می كێشه‌كانی باقی عێراقه‌وه‌ نییه‌. هاوكات وویستیشی ئەو پەیامە بە هەموو لایەك بدات كە نیاز وهەنگاو بەرەو چارەی راستەقینە، هەرگیز بە قۆڵی یەكدی بادان، یەكتر غافڵاندن و یه‌كدی بوغزاندن، دەستی دەستی، ژیاندنه‌وه‌ی هزری شۆڤێنی، بەگژیەكداكردنی شەقامەكان، بە شانی خۆ تەكاندن لە خەتا وشانی بەرامبەر رەتاندن بە خەتا، نایەتەدی.

نێچیرڤان بارزانی لە دوایین سەردانیدا بەرپەری بوێرییەوە گووتی: هەموومان لە رابردوودا هەڵەمان كردووە، داننان بەو هەڵانەدا باشترین گەرەنتییە بۆ دوبارەنەكردنەوە و سوودلێوەرگرتنیان.

ئه‌و  به‌و راشكاوی و مامه‌ڵه‌ بوێرانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مكی هه‌ڵه‌دا، وویستی سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان هانبدات له‌ لای خۆیانه‌وه‌ دان به‌هه‌ڵه‌كانیاندا بنێن، هه‌ڵه‌ سیاسییه‌كانیان و هه‌ڵه‌ و شكستیان له‌ ئیداره‌دانی ووڵاتدا. تا چیتر شه‌قامی خۆیان نه‌گه‌وجێنن و خه‌تای شكست و كورتهێنان و ناشایسته‌یی خۆیان نه‌هاوێنه‌ ئه‌ستۆی كوردستان. هه‌ر به‌و راشكاوی و راستگۆییه‌ش، زەمینەی دانوستانی به‌رهه‌مدار و چارەسەری جددی و كردنەوەی لاپەڕەی نوێ واڵا دەبێت. هه‌ر له‌و زه‌مینه‌یه‌شدا  دید و تێگەیشتنی هاوبەش بۆ  كێشەكان وچارەسەركردنیان دێنەئاراوە.

لە روانگای چارەسەرخوازانەی نێچیرڤان بارزانیدا نە ( شكست و پاشاگەردانی و قەرانباریی بەغدا) بە خێر و قازانجی كوردستان دەشكێتەوە، نە ( ئابڵوقەدانی كوردستان و هەژاركردنی خەڵكەكەی و ئینكاری مافە دەستورییەكانی)هەیبەت و هێز و سیادەت بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە. نە ئەوان بە ئیفلیجكردنی گەشەی كوردستان، گەشە دەكەن، نە ئێمەش لە ژیر ئاستەنگ و ئابڵوقەی ئەواندا دەتوانین به‌رده‌وامی بەگەشەی كوردستان بدەین.

 ئه‌و پێیوایه‌ كوردستان دەبێ لە قوڵاییە ستراتیجییەكەی كە عێراقە، هێزوپشتیوانی دەستەبەر بكات و بۆیه‌ش دەبێ بە گەڕانەوەی سەروەری و پێگەو ئیراده‌  بۆ عێراق و بەهەر پێشكەوتن و بەرەوپیشچوون و تەنانەت قیرتاوكردنی شەقامێكی شارێكی باشور، دڵخۆش بێ. لەبەرامبەریشدا دەبێ بەغدا جیا لە قبوڵكردن و پیادەكردنی فیدرالیزم به‌ مانا راسته‌قینه‌كه‌ی و و كۆتاییهێنان بە نكۆڵی لە مافە دەستورییەكانی كوردستان، گەشه‌ و پێشكه‌وتنی هەرێم بە گەشەی بەشێكی ووڵاتەكەی بزانێ و ئافەرین و پشتیوانی لێبكات. هەر به‌م روانگەیەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ووڵاتانی دۆست هانده‌درێن بێنە ناو ووردەكارییەكانی ئەو پرۆسەیە و ببنە یاریدەدەری سەرخستنی دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا

دوو ساڵە و هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بێ ماندووبوون و نائومێدبوون بەردەوامن.. سەرباری ئاستەنگە سەختەكان، دانوستان بە بنبەست نەگەیشتووە و جیهانیش پاڵپشتە بۆ گەیشتنی بە ئەنجامی كۆتایی.. ئەنجامێك كوردستانێكی بەهێز و بێ قەیران لە عێراقێكی سەقامگرتوودا بەرقەرار بكات.. 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.