Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 04:37

یەکێتی لە پێشنیارەوە بۆ بڕینی موچە

شیعەکان دەیانەوێ لە رێگای یەکێتیەوە فشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەشیەوە لە سەر پارتی دروست بکەن
ئاسۆ حاجی
100%

یەکێتی لە هەموو ئاستەکانیەوە، لە هاوسەرۆک و سەرکردایەتی و پەڕلەمانتار و میدیایەکەیەوە زیاتر لە سێ ساڵ بوو، ببووە درێژکراوەی ئەو دەنگانەی لە بەغدا حکومەتی کوردستانیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی داهاتەکانی کوردستان بە نەوتی و نا نەوتی رادەست ناکا، بۆیە بەغدا موچە نانێری.
حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند مانگێکە لەگەڵ بەغدا رێکەوتووە و هەموو رۆژێک ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی یەک بە یەک خاڵەکانی رێکەوتنەکە، بەڵام بەغدا نە نەوتەکەی لێ وەردەگرێ و نە پارە دەنێرێ، ئەوەش ئەو راستەقینەیە دەسەلمێنێ کە پرسی بڕینی پارەی کوردستان لەلایەن بەغداوە سیاسیە و هێزە شیعییەکان وەک کارتێک بۆ بێهێزکردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و بە کەمکردنەوەی خەرجی و زۆرکردنی داهات توانی خەڵکی کوردستان لە بن منەتی بەغدا دەربێنێ و بۆ چوار مانگ لەسەر یەک موچە لە کاتی خۆی دابەش بکات(بە لێبڕینەوە).
یەکێتی چەند مانگێکە سەرلەنوێ دەستی بەسەر داهاتی دەروازە سنووریەکان و داهاتەکانی دیکەی پارێزگای سلێمانی گرتۆتەوە و لە جیاتی ئەو داهاتە بچێتە گەنجینەی وەزارەتی دارایی و بکرێتە موچە و بدرێتە فەرمانبەران، ئەوە دەچێتە خەزێنەی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی و دارایی گشتی یەکێتی، یەکێتی بۆ دوو مەبەست پەنای بردۆتەوە بەر ئەو کارە:
یەکەمیان، گرفت دروست کردنە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تا نەتوانێ موچەی فەرمانبەرانی بدا و بەوەش پێگەی حیزبی سەرەکی و پێکهێنەری حکومەت کە پارتیە لە رووی جەماوەریەوە لاواز بکات، بە تایبەتیش کە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێڕاق دەچین، هەندێک زانیاریش هەیە کە ئەو داهاتەی کە بە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار مەزندە دەکرێ یەکێتی بۆ کڕینی وەلائی ژمارەیەک سەرۆک عەشیرەت لە سنووری پارتی بەکاربهێنێ.
دووەمیان، ئەو کارەی یەکێتی بە هەماهەنگیە لەگەڵ هێزە شیعییەکانی سەر بە ئێران کە بەو کارەی حکومەتی کوردستان نارەحەتن لەوەی توانی بۆ چوار مانگ لە سەر یەک موچە لە کاتی خۆی بدا بەبێ هەڵگرتنی منەتی بەغدا، بۆیە شیعەکان دەیانەوێ لە رێگای یەکێتیەوە فشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەشیەوە لە سەر پارتی دروست بکەن، کە ناچار بێ و مل بۆ داواکانی ئێران بدا و بچێتە ناو بەرەی ئێران، ئەگەر نا لایەنی کەم نەچێتە ناو ئەو بەرەیەی کە چاوەڕوان دەکرێ لە دژی ئێران لەلایەن هەندێک هێزی شیعی و سوونی بە پاڵپشتی ئەمریکا و ئەوروپا پێکبهێندرێ.
یەکێتی کە بۆ دەسکەوتێکی حیزبی و دڵڕاگرتنی ئەو هێزانەی لە بەغدا هاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی لەوەی ئێستا هەیە لاوازتر نەبێ، بە ئاشکرا بۆتە بەشێک لەو هێزانەی خەڵکی کوردستان برسی دەکەن و موچەی فەرمانبەرانی دەبڕن تەنها بۆ ئەوەی کورد بەرامبەر شیعە لاواز ببێ و بە هەموو مەرجەکانیان رازی بێت. یەکێتی بڕوا ناکەم لەو کارەی لە ڕووی جەماوەریەوە سەرکەوتوو بێ چونکە سەرنجی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو راستەقینەیە رادەکێشنەوە کە ئەگەر یەکەمجار یەکێتی پێشنیاری بۆ بەغدا(مالیکی) کردبێ کە موچە و بودجەی کوردستان ببڕێ، ئەوە ئێستا یەکێتی بە دەستی خۆی و بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بەبێ منەت بودجە و موچەی خەڵک دەبڕێ.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.