Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 05:06

بارزانی دامەزرێنەری قوتابخانەی نوێی کوردایەتی 

ستوونەکانی عەقیدەکە لە سەر سێ چەمکی ( خواپەرستی، مرۆڤدۆستی، خاکویستی) دامەزراوە
ئاسۆ حاجی
100%

کە باسی لێڤەگەڕ(مەرجەعیەت)ی مەسعود بارزانی دەکرێ ناکرێ مێژووی ئەو کەسایەتیە لە ساڵەکانی تەمەنیەوە کوورت بکرێتەوە بەڵکو دەبێت وەک درێژکراوەی زیاتر لە دوو سەت ساڵی فکر و فەلسەفە و رێبازی کوردایەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کە عەقیدەی بارزان پێکدەهێنێت، لە سەر دەستی شێخ عەبدولسەلامی گەورە دامەزراوە، ستوونەکانی عەقیدەکە لە سەر سێ چەمکی ( خواپەرستی، مرۆڤدۆستی، خاکویستی) دامەزراوە، دواتر لە لایەن نەوەکەی شێخ عەبدولسەلامی دووەم ئەو فکر و فەلسەفەیە گۆڕدرا بۆ بزاڤێکی سیاسی و رێکخراو کە بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان (بزووتنەوەی کوردایەتی) ناسراوە و شێخ عەبدولسەلامی دووەمیش وەک دامەزرێنەر و باوکی ئەو بزاڤە ناسرا.
شێخ ئەحمەد بارزانی لە رابەرایەتی کردنی هەردوو شۆڕشی (دووەم و سێیەم)ی بارزان درێژەی بەو مێژووە دا و یاسا و رێساکانی عەقیدەی بارزانی کردە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی تاکەکان و هەموو تێفکرینی بارزانیەکان( بارزانی بوون عەقیدەیە نەک عەشیرەت و ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو) هەر بەو بیروباوەڕەوە بەشداریان لە دامەزراندن و بەرگریکردن کرد لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، بەو باوەڕەش مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەیلولی هەڵگیرساند کە جگە لەوەی شۆڕشێکی هاوچەرخ و رێکخستوو و بەهێز بوو، توانی بۆیەکەمین جاریش لە مێژووی نوێی گەلی کوردستان بیردانک (زاکیرە)ی هاوبەشی لە نێوان کورد وەک نەتەوە و کوردستانیان وەک گەل دروست بکات، کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان شۆڕشیان بە هی خۆیان دەزانی و خۆشیان بە هی شۆڕش دەزانی، بە هەمان شێوە هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیەکان هەمان هەستیان بۆ شۆڕش و رابەرەکەی هەبوو،بۆیە شۆڕشی ئەیلول بە قوتابخانەی کوردایەتی و مستەفا بارزانیش وەک باوکی روحی گەلی کوردستان ناسرا.
لە قۆناغی دوای کۆچی دوایی مستەفا بارزانی کە دوژمنان گرەویان لەسەر لەناوچوونی بزاڤی کوردایەتی دەکرد، مەسعود بارزانی نەک هەر درێژەی بەو مێژووە و رێبازە دا بەڵکو توانی مێژوو و مرۆڤی کوردستانی لە رابەرایەتی کردن و سەرخستنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بگەینێتە خاڵێکی وەچەرخانی دیرۆکی و لەو خاڵەدا مێژووی ژێردەستەیی و داگیرکاری بپچڕێنێ و بۆ یەکەمین جار ئیرادەی خەڵکی کوردستان بە سەر ئیرادەی داگیرکەران سەربکەوێ، لەوێوە دەرگای بەسەر قوتابخانەیەکی نوێی ناو رێبازی کوردایەتی کردەوە کە قوتابخانەی ( خۆنەچەماندنە) ئەو قوتابخانەیەی لە دوای راپەڕینەوە مەسعود بارزانی بناغەکەی داناوە و هەموو هەوڵ و کار و بزاڤێکی بۆ ئەوە بووە کە مرۆڤی کوردستانی ئامادە بکرێ بۆ ئەوەی قۆناغی ئیرادەی داگیرکراو و لەرزۆک تێبپەڕێنێ و ئامادە بکرێ بۆ ئەوەی بە ئیرادەیەکی ئازاد و سەربەخۆوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەوەش مەسعود بارزانی توانی تەجاوازی هەموو سەرکردەکانی پێشی خۆی بکات و ئەو قۆناغە بە ناوی خۆیەوە گرێبدات.
بۆیە کاتێک باسی مەرجەعیەتی سەرۆک بارزانی دەکرێ پێویستە لە سەرەوەی مێژووی ململانێی حیزبایەتی و دوور لە حیساباتی سیاسی وشک و لە گۆشەنیگای کەسی و گروپەوە تەماشا بکرێ و مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. مەرجەعیەتی بارزانی لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تا رادەیەکی زۆر یەکلابۆتەوە و لە ناوخۆی کوردستانیش ئەگەر بەرچاوتەنگی و عینادی سیاسی و گیانی تۆڵەکردنەوەی حیزبایەتی نەبێت ئەوە دەبێ کوردستانیان وەک ‌لێڤەگەڕ و ژێدەری هێز و رابەری بزاڤی رزگاریخوازی دەست بە بارزانیەوە بگرن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.