سەردانەکە هیچی لە پشت نیە نهێنی و شاراوە بێ بەڵام زۆری لە پێشە کە ئاشکرا و راگەیەندراو بێ.
گرنگترین خاڵی ئەو سەردانە شێواز و پڕۆتۆکۆلی پێشوازیکردنەکە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نیە چونکە ئەوانە خەریکە دەبنە شتێکی سەتان بارە، بەڵکو ئەجێندای بانگهێشتەکە گرنگە کە سەرۆک ماکڕۆن کاری بۆ دەکا و وەک ئامانجی هاوبەشی وڵاتانی ئەوروپی چەندین جار جەختی لێکراوەتەوە ئەویش بەهێز مانەوەی قەوارەی دەستوری و سیاسی کوردستانە.
رەنگە پرسیار بکرێ مانەوەی ئەو قەوارەیە بۆ گرنگە و خۆ فەڕەنسی و ئەوروپی باب برای کورد نین و دەتوانن ئەو بەرژەوەندیەی لەو جوگرافیایە بچووکە دەستیان دەکەوێ ئەوە لە بەغدا زیاتریان پێببڕێ.
ئەو پرسیار و بیرکردنەوەیە بۆ چەند ساڵی پێشوو راست بوو،تا قۆناغی بەر لە ریفراندۆم بەڵام بۆ قۆناغی دوای ریفراندۆم چیتر ئەو تێڕوانینە راست نیە و ئەو پرسیارەش بەو شێوە تەقلیدیە ناکرێ. وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ولاتانی ئیقلیمیش لەوە تێگەیشتن کە هەر پاشەکشەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن هێز و قەوارە دیموکراتخوازەکان کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو پێناسەیە ئەوە ئێران جێگایان پڕ دەکاتەوە و پێشڕەوی دەکات، جگە لە نموونەی هەرێمی کوردستان و قۆناغی دوای ریفراندۆم کە لەسەر حیسابی هەوڵدان بۆ بێهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەوە هێزە گرێدراوەکانی سەر بە ئێران بەهێز دەبوون و ئێران جوگرافیای قەڵەمڕەویەکەی فراوانتر دەکات وەک ئێستا لە تەماشا کردنێکی نەخشەی عێڕاق دیارە کە تەنها هەولێر و دهۆک لە دەرووەی کۆنتڕۆلی ئێران بزاڤ دەکەن، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە هەولێر بە تەنیا چەندی دیکە دەتوانێ خۆی بەرامبەر هێز و فشاری ئێران خۆی رابگرێ!
بۆیە بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان و راست کردنەوەی هاوکێشەکان وەک خاڵێکی ستڕاتیژی لە کارنامەی فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا جێی گرتووە و رەنگە ئیدارەی نوێی ئەمریکاش لە هەمان گۆشەنیگاوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێڕاق بکات و چیتر کار بۆ ئەوە نەکات عێڕاق تەنها ناوەندێکی بەهێزی هەبێت ئەویش بەغدا بێت، بەڵکو پێویستە دان بە واقیعی مێژوویی و ئێستای عێڕاق بندرێ و گرفتەکەی بە دروستی دەستنیشان بکرێ کە وڵاتێکی بەزۆر پێکەوە لکێندراوە و بەرهەمی شەڕ و ململانێیە نەک وڵاتێکی دامەزراو، بۆیە ئەو تێگەیشتنە دەبێ ببێتە چەقی بزاڤەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی گرفتەکان، ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بە سەرەتایەکی باشی کارکردن بەو ئاراستەیە دادەندرێت.
لە پشت سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی چ هەیە؟
رەنگە پرسیار بکرێ مانەوەی ئەو قەوارەیە بۆ گرنگە و خۆ فەڕەنسی و ئەوروپی باب برای کورد نین
100%