Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:36

پەیامەکانی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان

لای خۆیەوە ئێران پێی باش نیە ئەمریکا جەخت لەسەر دۆسیەی هەرێمی بکات
د.سامان سۆرانی
100%

هێرشە مووشەکیە تیرۆریستیەکەی شەوی ١٥/١٦ی شوباتی ٢٠٢١ بۆ سەر هەولێری پایتەختی ئاشتی لە ڕێگەی گروپێکی چەکداری سەر بە میلیشیاکان لە عیراق بەناوی "سرایا أولياء الدم" ئەنجامدرا، قوربانی گیانی و زیانی ماددی هەبوو و توڕەیی گەل و حکومەتی هەرێمی كوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بۆیە ئەو هێرشە چەپەڵە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەتوندترین شێوە ئیدانەکرا.

ئێمە پێمان وایە پەیامەکانی پشت ئەم هێرشە بەپلەی یەکەم ئاراستەی هەولێر، پاشان ئەنقەرە و ئینجا واشنتۆن و بە دیاری کراوی ئاراستەی ئیدارەی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، جۆ بایدن کراوە، ئەمە کارتێکی فشاری بڕیاردەرانە لەسەر جووڵەی ئەو میلیشیانە.

لەئێستادا هەندێ لایەن باس لە سیاسەتەکانی بایدن دەکەن، گوایە هیچ جیاوازیەکی لە سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشووتر، دۆناڵد ترامپ نیە، کە توندترین سزاکانی بەکاردەهێنا.

تائێستا جۆ بایدن سزاکانی لەسەر ئێران هەڵنەگرتووە، پەلەی نیە لەگەڕانەوە بۆ ڕێکەوتننامە ئەتۆمیەکەی (٥+١)ی ساڵی ٢٠١٥ و فۆکوس دەخاتە سەر دۆسیەی هەرێمی.

لای خۆیەوە ئێران پێی باش نیە ئەمریکا جەخت لەسەر دۆسیەی هەرێمی بکات، بۆیە ئاستی خواستەکانی بەرز دەکاتەوە، چونکە بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە مانگی حوزێران گرفت لەناوخۆی وڵاتەکە زیاددەکات.

لە هەمان کاتدا ئێمە پێمان وانیە جۆ بایدن لە ئێستادا وەڵامێکی بۆ ئەم کردارە تیرۆریستیە هەبێ وەکو چۆن وەڵامی بۆ هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی ئەبها لە عەرەبستانی سعودی نەبوو، کە لە لایەن حوسیەکان بە فۆرکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجام درا.

ڕێکەوتننامەی شنگال لە نێوان هەرێمی كوردستان و حکومەتی مستەفا کازمی و نزیکبوونەوەی حکومەتی ئەنقەرە لە حکومەتی بەغدا و هەولێر هۆکارێکی ترە بۆ ئەم هێرشە و بۆ درووستکردنی ناسەقامگیری لە هەرێمی كوردستان، چونکە ئەو جۆرە نزیكبوونانە دەبنە مایەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی میلیشیاکان، کە بۆ ئەجیندای دەرەکی و بڵاوبوونەوەی هزری تایفەگەری کاردەکەن.

هەولێر پایتەختی ئاشتیە، مۆدێلێکی نموونەیی و سەرکەوتووی حوکمڕانیە لە عیراق و ناوچەکە، بە دڵنیاییەوە هەنگاودەنێت بۆ زیاتر بە فیدڕاڵیکردنی کردنی عیراق و چەسپاندنی ماددە دەستوریەکان و بڵاوبوونەوەی بەهاکانی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و ئاینەکان.

هەر ڕێکەوتن و نزیکبوونەوەیەکی هەولێر و بەغدا لە سەر ئاستی سیاسی و ئاسایشی بۆ بەهێزکردنی توانای هەردوو حکومەت بەمەبەستی نەهێشتنی هەژموونی میلیشیاکان، کە بە دەوڵەتی هاوتەریب ناوزەد دەکرێن، مایەی نیگەرانی و ترسئ میلیشیا چەکدارەکانە، کە بەدڵنیاییەوە لە عیراقێکی فیدراڵ و دیموکرات جێگەیان نابێتەوە.   

ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستیانەی دامەزراوە مەدەنی و گرینگەکانی وەکو فرۆکەخانە دەکەن بەئامانج و ناسەقامگیری درووست دەکەن دژ بە هەموو ڕێساو یاسا نێودەوڵەتیەکانە.

دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان هاوکاری و هاوسۆزی و پاڵپشتی خۆیان بۆ حکومەت و گەلی كوردستان دەربڕی. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن یەکسەرە پەیوەندی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مسرور بارزانی، کرد و لەگەڵیدا ڕووداوەکەی تاوتوێکرد و بەڵێنیدا پاڵپشتی هەموو هەوڵەکان بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەیەوە تاوەکو ئەنجامدەران بە سزای خۆیان بگەن.

بە خوێندنەوەیەك بۆ کاردانەوەکان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و تێشكخستنە سەر دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بەم هێرشە و دۆخی عیراق دەردەکەوێت، پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستان و هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر لە پاش ئەم هێرشە تیرۆریستیە بەهێزتر دەبێت.

دواجار ئەگەر ئەو جۆرە هەڕەشانە لەسەر سەقامگیری هەرێمی كوردستان و پێشکەوتنی لە ڕووی سیاسی و ئابوری و بونیادنانی ژێرخان بەردەوام بێت، ئەوا سەرکردایەتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ پاراستی گەلی كوردستان و دەسکەوتەکانی بەدڵنیاییەوە پەنا بۆ ئەنجامی ڕیفراندومی سەربەخۆیی دەبات

   دکتۆر سامان سۆرانی

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.