Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:27

سیخوڕ لەبەرگی ڕۆژنامەنوسدا !

کار بۆ ئەوە دەکەن پیشەی ڕۆژنامەنوسی بدەنە پاڵ خەلکێک کە لەبەرامبەر پارەدا سیخوڕیان بۆ لایەنی دەرەکی کردووە
سیامه‌ند سێلکی
100%

ڕۆژنامەنوسی کارێکی پیرۆزە ،بەڵام ئەو پیرۆزیە کاتێک واتادارو واقعیە کە تاکی ڕۆژ نامەنوس پیشەیانەو لەچوارچێوەی ئیتیکی ڕۆژنامەنوسیداو بەئەمانەت و ڕاستگوییەوە ببێتە پردێک لەنیوان دەسەلات و خەلکدا،واتە دڵسۆزانەو لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و لەڕێگای ڕەخنەی بنیاننەرەوە کەموکوڕیەکانی دەسەڵات و ناشیرینیەکانی نێو کومەڵگا بخاتە پێش چاو .

بەو شێوەیە ڕۆژنامەنوس لەڕێگای پەیامەکەیەوە دەتوانێت دەسەڵات ناچار بکات تا کەموکوڕی و هەڵەکانی ڕاست بکاتەوەو ، وەکو فاکتەرێکیش کاریگەری ئەرێنی (پۆزەتیف) ی دەبێ بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگاو هانیان دەدات بۆ دوورکەوتنەوە لەناشیرینیەکان .

مخابن لەسایەی ئەو کەش و هەوا ئازادەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئازادی بیروڕای ڕەخساندوە ،کەسانێک دوور لەهەموو بەهایەکی ئەخلاقی و لەپێناو گیرفانی خۆیان کاری ڕۆژنامەنوسیان بەلاڕێدا بردووەو ناشیرین کردووە،لەژێرپەردەی ئازدی بیروڕا دەربڕیندا کومەڵێک ناوەندی میدیاییان وەکو (ئێن ئاڕتی ،شار پرێس ،لڤین ،ئاوێنە ،ستاندارد)بەناوی ئازادو ئەهلی دامەزراندووە .

هەڵبەت شێوازی کارکردن و گوتاری میدیایی ئەو ناوەندانە ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستیەی کە ئەوان نەک میدیای ئازادو ئەهلی نین ،بەڵکو هێلانەیەکی واقعین بۆ سیخوڕیکردن بەسەر دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم و زیان گەیاندن بەبەرژەوەندیە نەتەوەیەکان و ئەمنی قەومی کوردستان .

بەردەوام لەپێناو ڕازیکردنی دۆژمنانی کوردو بەدەست هێنانی پاروی چەور سوکایەتی بەبەها نەتەوەیەکانی کورد دەکەن ، لەڕێگای هۆنینەوەی هەوالی ناڕاست و لێکدانەوەی چەواشەکارانە هەولی بەلاڕێدا بردنی خەڵکی کوردستان دەدەن و پاساو بۆ ئەو ناحەقی و غەدرو زۆلمە دێننەوە کە لەبەغداوە دژی کورد دەکرێت هتد.

لەهەموو ئەمانە خەراپتر بۆ ناشیرینکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێش چاوی دونیایی دەرەوە ، کار بۆ ئەوە دەکەن پیشەی ڕۆژنامەنوسی بدەنە پاڵ خەلکێک کە لەبەرامبەر پارەدا سیخوڕیان بۆ لایەنی دەرەکی کردووەو هەوڵی تێکدانی بارودۆخی کوردستانیان داوە .

ئەو کەسانەی کە ئەو ناوەندە میدیایانەو هەندێ هێزی سەر بەمیحوەری مقاومە (ئێران)بەڕۆژنامەنوس ناویان دەهێنن ، وەکو سیخۆڕێکی عەیار بیست و چوار زانیاریان لەسەر جموجۆڵی پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنیەکانی کوردستان و هێزی هاوپەیمانان لەکوردستان داوە بەلایەنێکی دەرەکی،بێ گومان لەهیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەبووەو ناش بێت و قبول ناکرێت .

کەسانێک لەژێر ناوی ڕۆژنامەنوسیدا زانیاری لەسەر هێزی سەربازی و دامودەزگا ئەمنیەکان کۆبکاتەوەو بداتە لایەنێکی دەرەکی ،لەهەر وڵاتێک ئەمە ڕوو بدات بەتاوانی خیانەت لەبەرژەوەندیە باڵاکانی وڵات و زیان گەیاندن بەئەمنی قەومی سزا دەدرێن .

بێ گومان ئەوانەی میدیاو هێزەکانی سەربەمیحوەری مقاومە ناویان لێناون گیراوانی بادینان و بەڕۆژنامەنوس وەسفیان دەکەن ئەوە کارو پیشەیان بووە ، دیارە ئەم ڕاستیە لای ئەوانیش ڕوونە ،بەڵام چونکە لەخزمەتکردنی ئەجێندای دەرەکیدا دژی کوردستان هاوڕاو هاوهەلۆێستن و پیشەیان سیخوڕیکردنە بەسەر هێزی پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنیەکانی کوردستان،ناچارن بۆ شەرعیەتدان بەخیانەتی خۆیان و هاوڕێکانیان بەرگی ڕۆژنامەنوسی وەبەر کومەڵێک سیخوڕو تێکدەر بکەن !

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.