Erbil 17°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 21:02

کەی بەدەم ئەم بانگەوازەوە دێن؟

قەناعەتیان بە شەقامی خۆیان هێنا كە دواكەوتنی بەسرە هۆكارەكەی پێشكەوتنی هەولێرە
100%

گەشەی كوردستان بەراورد بە دواكەوتنی ناوچەكانی دیكەی عێراق، بەڵگەی شكستی ئەوان بوو، كەچی توانییان وێنەكە ئاوەژوو بكەنەوە و بیكەن بە خەتای كورد، قەناعەتیان بە شەقامی خۆیان هێنا كە دواكەوتنی بەسرە هۆكارەكەی پێشكەوتنی هەولێرە، داهاتی نەوتی بەسرە نە دزراوە و نە بەهەدەرچووە، بەلكو بە ناهەق لە دەمی خەڵكی ناوەڕاست و باشوور دەرهێنراوە وكراوە بە قوڕگی هەرێمدا. ئەم چەواشەكارییە لە  غیابی خیتابێكی كوردیی خەمخۆرانەی ئاڕاستەكراو بۆ شەقامی عەرەبی و لە سەروەختی بێ منەتیی كورد و فەرامۆشكردنی ئەو شەقامەدا، بە ئاسانی جێی گرت و بووە قەناعەتێكی میللی و رقێكی ئەوتۆی لە لە نێو شەقامی عەرەبیدا لە دژی كورد و كوردستان دروست كرد، كە  هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر (غەدری كورد!) ببێتە كەرەستەی كێبركێی ئینتخابی. پێشتریش قۆستنەوەی لێكەوتەكانی ریفراندۆم و وێناكردنی كورد وەك جوداخوازو دژەعێراق، هاوزەمان لەگەڵ خیتابێكی خوێنگەرمانەی میدیا و سۆشیالمیدیای كوردی بێباك لەوەی ناوەڕۆكەكەی دەكرێتە عەرەبی ورای گشتیی عەرەبی پێدەكرێ بە گژ كورددا، هەموو پێكەوە ئاویان بە ئاشی ئەو شەپۆلی دوژمنایەتییە قەومی ومەزهەبییەدا كرد كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقدا سەنگەری لە كورد گرتووە و میللەتەكەمانی تووشی ئەم نەهامەتییە كردووە.


بۆچی گەیشتین بەم رەوشە و بۆ لەم عێراقە نوێیەدا كە كورد پایەكانی دامەزراند و دەستورەكەی نوسییەوە و پرنسیپەكانی داڕشت، كەچی بەم ئاستە پێگە و سەنگی كورد دابەزی و بەم جۆرە ستەمی لێ دەكرێ، پرسیارگەلێكن وەڵامی جددی و راشكاو و بوێرانە دەخوازن و وەڵامی سواو و سەرپێی بەدەردیان ناخوات.
بەڵام  سەرباری ئەم تەنگژە سەختە، دیسان تەنگوچەڵەمە گەورەكە ئەمەیان نییە، بەڵكو ئەو لێكترازانە ناموجەب و ناوەختەیە كە سەرباری ئەم تەنگژە سەختە، كایەی سیاسیی كوردستانی گرتۆتەوە، لێكترازان و شڵۆقییەك كە لە ئێستادا كورد لە هەموو شتێكی كەمە لەمە نەبێت! شڵۆقیەك وایكردووە بەغدا بەو هەموو شڵۆقییەی خۆیەوە بتوانێ بەرامبەر كوردستان بەو ئاستە بی منەت بێ.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای سال و نیوێك هەوڵ و تەقەللا بۆ كۆتاییهێنان بەو لێكترازانە كوشندەیە، لە پەیامی سەری ساڵدا، لەهەرجار راشكاوانەتر هەموو لایەنە كوردستانییەكانی خستەبەردەم مەترسییە راستەقینەكانی درێژەكێشانی ئەم پەرتەوازەیی و دژبەرییە نێوخۆییە، بە هەمووانی گووت فیدرالیزم و قەوارەی هەرێم و وجودی هەموان لەبەردەم مەترسی لەنێوچوون و ئەركی لەدواخستن نەهاتووی دیفاع لێكردندان.
 گەلەكەمان لە میحنەتێكی تاقەتپڕوكێندایە، خەمی نان و ژیان و روشاندنی كەرامەتیی میللی بە ئاستێك ماندوو و شەكەتیان كردووە، حەوسەڵەی ئەوەی نەماوە لە رێی شەڕە جنێوی سۆشیالمیدیاوە تێبگات لەم لێكترازانەدا كێ خەتابارە وكێ بێ خەتا، ناپەرژێتە سەر ئەو قەزاوەتە و دەربەست نییە و بۆی گرنگ نەماوە.
سەرۆكی هەرێم راشكاوانەتر لە هەر جارێك بە هەمووانی گووت بەم وەزعە نالەبارە ناوخۆییەوە، نەك هەر دیفاع لە پێگە و شكۆ و ماف و موچەی  خەڵكی كوردستان مەحاڵە، بەڵكو گەر زیاتر درێژەبكێشێ، ئاكامەكەی هەڵدێران و لەدەستدانی هەموو شتێكە، بۆیەش دەبێ بە زووترین كات كۆتایی بێت.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە بانگەوازەكەیدا، یەكدەستیی نێوخۆیی وەك:  هێزو ئیرادە بەرامبەر ستەمكاریی و نامەسئولییەتی بەغدا، هاندەری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیرییمان، زەمینەی سەرخستنی چاكسازی، تەرجەمەیەكی دەقیقی دروشمی( كوردستانێكی بەهێز) وێنا كرد.
بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەم بانگەوازە، درەنگە، درەنگ كەوتنی زیاتریش، كارەساتە..

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.