Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 21:45

بەبۆنەی گەڕانەوەی شاندی کوردستان ئەرێ بەغدا ناوەندە ؟

سەت ساڵە خەبات دەکا بۆ ئەوەی بەغدا ناوەندی نەبێ و کوردستان ناوەندی خۆی هەبێ چونکە مافێکی سادە و ئاسایی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەڵکەکەیەتی
ئاسۆ حاجی
100%

گەڕانەوەی کاک قوباد تاڵەبانی و هاوڕێیانی لە بەغدا لەوە دەچێ تەنها لە یەک خاڵدا گەیشتبنە رێکەوتن ئەویش ئەو خاڵەیە کە بەغدا ئارەزوویەتی بە دیاریکردنی بەشە پارەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021،کە وەک چەند ساڵی رابردوو پێشبینی دەکرێ هیچی لێ جێبەجێ نەکرێ،نەک لەبەر ئەوەی کاک قوباد و هاوڕێیانی رژد نەبوون و بڕیار بەدەست نەبوون و نەیانوویست بگەنە رێکەوتن بەڵکو ئەو عەقڵیەتە شۆڤینیەی دەستی بە بەسەر بڕیاری سیاسی و دەوڵەتی داگرتووە رێگرە لە هەر جۆرە رێکەوتنێک،چونکە ئەوان تەنها بە یەک شت لەگەڵ کوردستان رێک دەکەون کە دەستبەرداری هەموو مافە دەستووریەکانی خۆی بێ.

ئەو جارەش و هەموو جاران کە باسی هەولێر و بەغدا یان هەرێمی کوردستان و عێڕاق دەکرێ،ژمارەیەک لە کورد لە جیاتی نووسینی حکومەتی عێراق یان بەغدا دەنووسن و دەڵێن حکومەتی ناوەندی،کە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاق دەوڵەتێکی فیدڕالیە نەک ناوەندی،جگە لەوەش خەڵکی کوردستان سەت ساڵە خەبات دەکا بۆ ئەوەی بەغدا ناوەندی نەبێ و کوردستان ناوەندی خۆی هەبێ چونکە مافێکی سادە و ئاسایی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەڵکەکەیەتی.

باشە بۆ ئەو ناوهێنانە بەوشێوەیە دووبارە دەکرێتەوە، عەرەب کاتێک دەستەواژەی حکومەتی ناوەندی بەکاردێنن ئەوە گوزارشت لەو پەروەردە رەگەزپەرستی و شۆڤینە دەکەن کە پێی پەروەردە کراون و مەبەستیانە کە نیشانی بدەن کە سیستەمی فیدڕالی تەنها حوبری سەر کاغەزە،بەڵام کورد بۆ ئەوە دەکەن،بە بۆچوونی من دوو جۆر کورد ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنن،یەکەمیان ئەو کوردانەی خۆیان رادەستی عەرەب کردووە و بوونەتە بەشێک لەو هەوڵانەی کە دەیانەوێ قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان لاواز بکەن یان لەناو ببەن،دووەمیان ئەو ژمارەیەک کوردی بەناو سیاسی و پەڕلەمانتاران کە بە نەزانی و بێ ئاگایی ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنن کە تەنیا مانا و لێکدانەوە کە هەڵبگرێ بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە خۆ رادەستکردنە بە عەقڵیەتی شۆڤینی عەرەب و قبوڵکردنی ناوەندیەتی بەغدایە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.