ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن
رۆژانامه‌ی به ناوبانگی نیویۆرک تایمز له راپۆرته هه‌واڵێكدا په‌رژاوه‌ته سه‌ر هه‌وڵی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو جۆو بایده‌ن بۆ ده‌سنیشان كردنی ژه‌نه‌راڵ لۆهید ئۆستن بۆ وەزیری بەرگری ئه‌مریكا. ژه‌نه‌ڕاڵ ئۆستن پێشتر له چوارجێوه‌ی سپای ئه‌مریكادا له عێراق ئه‌ركدار بوه، به لێكدانه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه هه‌وڵی بایده‌ن له‌م بواره‌دا ماناداره، چوونكه جیا له‌وه‌ی كه ژه‌نه‌ڕاڵ ئۆستن یه‌كه‌مین ره‌شپێستی ئه‌مریكاییه بۆ ئه‌و پۆسته ده‌پاڵێورێ، له هه‌مان كاتدا دیدو روانگه‌ی ژهنهراڵهكه ده‌رباره‌ی عێراق كراوه‌و پڕ ئه‌زموونه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نیویۆرك تایمز، ژه‌نه‌راڵ ماوه‌ی 4 ساڵ به‌ر له ئێستا خانه‌نشین كراوه. پاڵێوراوه‌كه‌ی سه‌رۆك بایده‌ن بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری، شاره‌زایه‌كی چڕوپڕی سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌و ئاسته‌نگانه هه‌یه كه سپای ئه‌مریكا له عێراق له‌گه‌ڵی رووبه‌روویه. له هه‌مان ده‌مدا ناوبراو ئه‌زموونی باشی ده‌رباره‌ی ئه‌و گروپ و تاقمانه هه‌یه كه له ڕابردوودا‌و له‌گه‌ڵ سپای عێراق دا شه‌ری داعشیان كردوه.
نیویۆرك تایمز له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات كه ژه‌نه‌ڕاڵ ئۆستن به باشی شاره‌زاو ئاگاداری ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و مهترسیانهشه كه تاقم و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق دا دژ به به‌رنامه‌و به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یهێنه ئاراوه.
رۆژنامه‌كه ئه‌و باسه‌شی وروژاندوه كه ئایا پاش ده‌ست به‌كار بوونی جۆو بایده‌ن، ره‌وتی كه‌مكردنه‌وه‌و پاشه‌كشه كردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق كۆتایی دێت یان نه كه پێشتر سه‌رۆك تره‌مپ بڕیاری لێداوه؟
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئه‌مریكا جۆو بایدن دیاریکردنی ژه‌نه‌راڵی خانەنشین لوەید ئۆستنی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا پشتڕاست کردۆته‌وه‌و ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌نجوومه‌نی پیران ژه‌نه‌راڵ ئۆستن بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری په‌سه‌ند بکات ئەوا ناوبراو دەبێتە یەکەمین ڕەشپێست كه ئه‌و به‌رپرسایه‌تییه وه‌رده‌گرێ.
جۆو بایده‌ن لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا لەگەڵ به‌ربژێره‌كه‌ی بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری کاری کردوە، ئه‌وان پێكه‌وه سەرپەرشتی جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی ساڵی 2011ی سه‌رۆك ئۆبامایان کردوه بۆ کشاندنەوەی 50 هەزار سەربازی ئهرمریكایی لە عێراق.
جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا ده‌رباره‌ی ژه‌نه‌راڵ ئۆستن نووسیویه‌تی: "هه‌نووكه به شێوەیەکی بێ وێنه دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو ئاسته‌نگ و قەیرانانە ببێتەوە کە ڕووبەڕوومان بونه‌ته‌وه. بە درێژایی خزمەتەکەی و لەو ماوە زۆرەی پێکەوە له كۆشكی سپی و لە وه‌تاغی ئەرکەکان و هێزەکانمان لە دەرەوە تێپه‌ڕاندوه، ژه‌نه‌راڵ ئۆستن سەلماندوویەتی له سهركهردایهتی كردن دا کەسێکی بێ وێنه‌یه.ئه‌و کەسێکی بەڕێزو سەرسوڕهێنەرەو کەسایەتییەکی دیارە لە مێژووی سوپای ئەمەریکادا."
ژه‌نه‌راڵ ئۆستن ساڵی 2016، پاش 40 ساڵ خزمەت كردن له سپای ئه‌مریكادا، له ته‌مه‌نی67 ساڵی دا خانه‌نشین كرا. لوەید ئۆستن لە شه‌ڕه‌كانی عێراق و ئەفغانستان دا بەشداری کردوەو دواتر فه‌رمانده‌یی ناوەندی سوپای ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له ئه‌ستۆ بوه
ژه‌نه‌راڵ لۆید ئۆستن جیا له‌وه‌ی شاره‌زایه‌كی باشی له‌سه‌ر كورد‌و هێزی پێشمه‌رگه هه‌یه، كاتی خۆی له پله‌ی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئه‌مریكادا، چه‌ند جار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كۆبۆته‌وه‌و به دۆستی هێزه كوردییه‌كان ناوی ده‌بردرێ.
#مستەر_كورد