Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:34

کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق

ئەوان، وەك هەمیشە چێژیان لە رووخان و ئازاردانی تاكی كورد وەرگرتووە
ئومێد بابان
100%


بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو، حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، هیچ كات وەك هاوبەشی سەرەكی و دووەم گەورەترین نەتەوە لە عێراقدا، مامەڵەیان لەگەڵ خەڵكی كوردستاندا نەكردووە و هەمیشە وەك ژێردەستە و هاووڵاتیی پلە دوو، لە كوردستانیانیان ڕوانیوە.

 

عێراقییەكان، بەوەندەشەوە نەوەستاون، كۆمەڵكوژ و كیمیاباران، ئەنفال و زیندەبەچاڵیان كردووین و بە رۆژی رووناك و بە بەرچاوی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە، ستەمی زۆر گەورە و نامرۆڤانەیان دەرهەق بە گەلی كورد كردووە و بوونەتە مۆتەكە و بەربەستی سەرەكی لە بەردەم پێشكەوتنی نەتەوەیەكی زوڵملێكراوی بە ناحەق چەوسێندراوەدا، كە تەنانەت لەبەر كوردبوونمان، ژیانیشیان پێ رەوا نەبینیوین و شەلم كوێرم، ناپارێزم، كەوتوونەتە گیانی خەڵكی سڤیل و ئەگەر پێشیان نەكرابێت بمانكوژن، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، شەڕی دەروونییان لە بەرامبەرماندا راگەیاندووە.

 

ئەوان، وەك هەمیشە چێژیان لە رووخان و ئازاردانی تاكی كورد وەرگرتووە و شۆڤێنیانە، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داوا و خواست و ویستە رەواكانی گەلی كوردیان داوەتەوە و قەت رۆژێك لە رۆژانیش دانیان بە كۆی ئەو تاوانە گەورە و نائینسانیانەدا نەناوە، كە بەرامبەر میللـەتێكی زیندووی خاوەن زمان و كلتوور و فەرهەنگی جودا، ئەنجامیان داوە. لەوەش زیاتر، لە هەموو بارودۆخێكدا، بە جیاوازیی ئایین و ئایینزا و ئایدۆلۆژیاشەوە، یەكیان گرتووە و خەونی نەزۆكیان بە كپكردنی دەنگ و رەنگی كوردەوە بینیوە و بە بچووكترین شكستی كورد، شاگەشكە بوون.

 

لە عێراقی عروبەدا، كە فۆڕمی پێكدیهەڵنەكردن و ناتەبایی و ناكۆكی لەسەر داواكردنی مافە سەرەتاییەكانی نەتەوەیەك، لە دوای 2003وە ڕەنگی دایەوە، حوكمڕانییەكی ناهاوبەشی لێ كەوتەوە، كە بە هۆی بێباكی و خۆپەرستی و داردەستیی سەركردە سیاسییەكانی عێراقەوە، كورد لە كۆی كایە جیاوازەكاندا پەراوێز خرا و كرایە قۆچی قوربانیی دروشمی سەر كاغەزی (فیدڕاڵی و دیموكراسی و ئازادی و فرەیی).

 

بە كورتی، ئەوەی ئێستا لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پشتگوێخستنی كورد و تێپەڕاندنی یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی بێ نوێنەرانی خەڵكی كوردستان روودەدات، شتێكی نامۆ نییە و درێژكراوەی ئەو زهنیەتە شۆڤێنییەیە، كە حوكمڕان و قەڵەمبەدەستەكانی بەغدا فرچكیان پێوە گرتووە و دەشكرێ بڵێین، دووبارەكردنەوە و سەپاندنی ئەو دیكتاتۆرییەتەیە، كە لە خەیاڵدانی سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا جێگیر و نەگۆڕە، بەو واتایەی، دەسەڵاتدارانی بەغدا، هەمان نەهج و پیلانی رژێمە سەركوتكەرە داپڵۆسێنەر و ستەمكارەكانی پێش خۆیان پەیڕەو دەكەن.

 

دوور نەڕۆین، لەو كابینانەی حكوومەتی عێراقدا، كە كورد ئومێدی لەسەر هەڵچنیبوون تا عێراقی نوێ لە سایەی دەستوور و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان بنیات بنرێت و دەبوو هاوبەشی راستەقینە و سەرەكی و خاوەن بڕیاریش بێت، كەچی مووچەی هاونیشتمانیان بڕدرا، هێرشی سەربازی كرایە سەر هەرێمی كوردستان، هەوڵی لەباربردنی كیانە دانپێدانراوە دەستوورییەكەی درا و تا دوایی..

 

هاوكێشەكە روونە، دەبێ لەمەودوا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەوە حاڵی بن كە نە شیعە و نە سوننەی عەرەبیش، خێروبێریان بۆ كورد نییە و تەنانەت ئەگەر بۆیان بلوێت، ئامادەن بە ئاماژەیەكی ئیقلیمی، كۆی ئەو ئەزموونەش لەبار بەرن، كە بە ساڵەهای ساڵی ڕەنج و خەباتی شاخ و شاری تێكۆشەران و بەخشینی خوێنی هەزاران شەهید لە پێناو ئازادیدا، بەرهەم هاتووە.

 

بخوازین یان نا، دەرفەتێك بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، تا لە رێگەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسیی عێراق و گەڕانەوە بۆ هەمەجۆركردنی داهات و پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ و چاكسازی و پاكسازیی راستەقینە و بەخشینی زۆرەملێی پارەی ئەو بەرپرس و بازرگانانەی لە سایەی حكوومەتی هەرێمدا لە هیچەوە بوونە ملیاردێر، پشت بە خۆی ببەستێت و چیدی چاوی لە عێراقی شكستخواردوو نەبێت قوتی هاونیشتمانیانی دابین بكات.

 

ئێستا، كاتی بەخۆداچوونەوە و وەرگرتنی هەڵوێستی جددی و یەكدەنگی و یەكگوتاریی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانە بەرامبەر بەغدا، بەغدایەك كە تا سەر ئێسك، مایەی نەهامەتی و بەدبەختی و دەردەسەرییە بۆ كوردستان

 

 

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.