Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:08

پشت له‌به‌غدای مایه‌ پووچ،ڕوو له‌ هه‌ولێری مه‌زن 

ئه‌و ئاین و ئۆینه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌ورۆژه‌ له‌ژێربنمیچی ده‌زگایه‌كی یاسادانان و یاسادارێژی روویدا ، ڕووداوێك نییه‌ وا به‌ئاسانی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان
100%

به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 12ی 11ی 2020 له‌په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ زه‌نگێكی تری مه‌ترسیدار رووبه‌ری خه‌ڵكی خۆراگرو تێكۆشه‌ری هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرایه‌وه‌ و به‌رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانتارانی شیعه‌وسوونه‌ی عه‌ره‌بی عێراقی جارێكی تریش ده‌ست برایه‌وه‌

 بۆ بڕینی  بوودجه‌و مووچه‌ .

ئه‌و ئاین و ئۆینه‌ی  به‌ره‌به‌یانی ئه‌ورۆژه‌ له‌ژێربنمیچی ده‌زگایه‌كی یاسادانان و یاسادارێژی وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق روویدا ، ڕووداوێك نییه‌ ، وا به‌ئاسانی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی گووزه‌ر بكات وهیواو و  دڵخۆشی خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی به‌و نه‌زیرۆكه‌ بداته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ:(به‌ناردنی شاندێكی دیكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا و گفتۆگۆكردن ورێككه‌وتن له‌سه‌ر ناردنی نه‌وت و وه‌رگرتنی بوودجه‌ ، ده‌گه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر .....تد  )

كه‌ نموونه‌ی ئه‌و نه‌زیرۆكه‌ له‌م سات و رۆژگاره‌ دێنینه‌وه‌ ، ده‌پرسین له‌و جڕت و فڕته‌ی  ناردنی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا تێر نه‌بووین ، یا هێشتا ماومانه‌ بچووكترو بچووكتر خۆمان وێناكه‌ین ..؟

 ئه‌رێ  كاتی نییه‌ ، سات و رۆژگاری سه‌رۆك ورابه‌ری مه‌زن مسته‌فا بارزانی بێنینه‌وه‌ بیرخۆمان ..؟  ئه‌و سه‌رۆك رابه‌ره‌ مه‌زنه‌ی ده‌یگوت ( كورد سه‌پانی باوكی كه‌س نییه‌ ) ، ئه‌رێ هه‌میشه‌ له‌ به‌غداوه‌ شاند دوای شاندی باڵا بۆی نه‌ ده‌هاته‌ باره‌گای مه‌زنی له‌ چۆمان و ناوپردان ..؟   

ئه‌وه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌ورۆژه‌ له‌ به‌غدا روویدا به‌یاساكردنی بڕین و نه‌ناردنی بوودجه‌و مووچه‌یه‌،  كه‌له‌سه‌رده‌می مالیكییه‌وه‌ له‌ ساڵی 2014  خراوه‌ته‌ سه‌رهه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌رده‌می عه‌بادیش وه‌ك سزاو شه‌ڕپێفرۆشتن به‌كوردستان تووندتر كرایه‌وه‌.

 ده‌بێ خه‌ڵكی كوردستان له‌ڕوانگه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی به‌غدا له‌پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی وشكستی مه‌زنییان له‌ پردێ وسحێلاوه‌ سه‌یری ئه‌م رووداوه‌ی ئه‌مرۆ بكه‌ن وبه‌ هه‌ڵرشتنی ئه‌و ڕق و كینه‌یه‌ی به‌غداش بیبینن كه‌  له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه  په‌رله‌مانتارانی كورد نه‌بوونه‌ژماره‌یه‌ك له‌ ژماره‌كانی كارتی فشاروبریارو یاسای وه‌ده‌رنانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراقدا .

قسه‌ له‌سه‌ر سزا و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ی به‌غدایه‌ ، نه‌ك تووك نه‌رمی و بێ مرووه‌تی هێزی هاوپه‌یمانان به‌گشتی و ئه‌مریكای دۆناڵد تڕه‌مه‌پ به‌تایبه‌تی .

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 12-11-2020 له‌به‌غدا روویدا پێشێلكردنی یه‌كجاره‌كی هه‌موو بنه‌ماكانی هاوبه‌شی و پێكه‌وه‌بوون ورێككه‌وتنه‌كانه‌ ، ته‌نیا مه‌به‌ست لێیی ته‌نگپێ هه‌ڵچین و شه‌ڕپێفرۆشتنی كاتیی نییه‌ ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ هێزی راسته‌قینه‌ی شاراوه‌ی هزری باڵاده‌ستی و شۆفینیه‌تی ئه‌وانه‌ ، له‌ساته‌كانی باڵاده‌ست بوون و تێكه‌ڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شیعه‌و شیعه‌ ، سوونه ‌وشیعه‌ ئاوا سه‌رهه‌ڵده‌دات و پڕده‌ده‌نه‌ كوردستان و كورد كه‌ له‌ بنه‌چه‌وه‌ چاویان به‌ پێشكه‌وتن وبوژانه‌وه‌كانی ئه‌و مێرگه‌ ئارامه‌ خۆشگوزه‌رانه‌ ، فره‌ ئایین و فره‌ نه‌ته‌وه‌ و مۆزایكه‌ هه‌ره‌جوانه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌ڵنه‌هاتووه‌و وهه‌ڵنایێ .

 ئه‌وان هه‌ر له‌هزری ئه‌نفالكردن وجینۆسایدكردنمان وه‌ك هاووڵاتی پله‌ دووی بن ده‌ست و ژێرده‌سته‌ له‌كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌یان ڕوانییوه‌ و ده‌ڕوانن .

گه‌ر له‌ عێراقی كۆندا،به‌ هزری ئه‌نفال وجینۆسایدكردن سزای خه‌لكی كوردستانیان دابێ ، واله‌ عێراقی تازه‌ی دوای به‌عس به‌سزای برسیكردن و گه‌مارۆیی ئابووری درێژه‌ به‌ هزره‌ باڵاشۆفینییه‌كه‌ ده‌ده‌ن .

وا خه‌ریكه‌ ده‌بێت‌ به‌سه‌ده‌یه‌كی ته‌واو،عێراقی عه‌ره‌بی له‌سۆنگه‌ی هێزو ژماره‌ و خۆباڵاو خۆ به‌ده‌سه‌ڵات بین  ، سیاسه‌تی( سزادان و تاوانباركردنی) كوردستان و كوردی عێراق بێ په‌روا پیاده‌ ده‌كات .

له‌سۆنگه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ش خه‌ریكه‌ تاكی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستانی به‌ره‌و تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی سادی مازۆخی ده‌چێت و له‌ بێ ده‌نگی و چاوپۆشێین و نوزانه‌وه‌مان بۆ(برایه‌تی كوردوعه‌ره‌ب) وناورانه‌وه‌مان بۆ(عێراقی یه‌كگرتوو) ،

چێژله‌ ئازاردان و سزادانمان وه‌رده‌گرین و تاك و كۆمه‌لگایه‌كی ده‌روون شێواو شپرزه‌ی سادۆماسۆشیزم مان لێ ده‌رده‌چێ .

ئیدی به‌سه‌ ، ده‌ره‌نگه‌ زوونییه‌ ، تا شیرازه‌ی پێكاته‌ی كۆمه‌ڵ و خێزان و ته‌واوی  كۆمه‌ڵگای كوردستان تێكنه‌چووه‌ ، تا بنه‌مای ئابووریی وژیانی پێكه‌ویی كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگا ته‌واو شپرزه‌ نه‌بووه‌ با یه‌ك ده‌ست و یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ره‌نگ  به‌تووندی بێینه‌ده‌نگ و پێوه‌رو بیبینمان بۆ ئه‌وان (نه‌شیری حوشتر، نه‌دیداری به‌غدا) بێیت .

ئیدی به‌سه‌ ، دره‌نگه‌ زوو نییه‌ ،وا كاتی هات ده‌بێ هه‌ولێری مه‌زن بێ باك له‌م وله‌و و له‌ویتر ، سنوورێك بۆ به‌غدای مایه‌ پووچ دابنێت.  

هه‌ولێر 12-11-2020

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.