Erbil 10°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 12:00

په‌رله‌مانی عێراق  به‌ یاسا  کۆتایی به‌ شه‌راکه‌ت و پێکه‌وه‌ ژیان هێنا 

گرنگه‌ ئه‌وانیش له‌ مه‌ترسی ئه‌م یاسایه‌ی په‌رله‌مانی عێراق و مه‌ترسی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی شۆڤێنیانه‌ی په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌بی شیعه‌ و به‌شێك له‌ په‌رله‌مان
100%


به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ په‌رله‌مانتارانی شیعه وبه‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌بی سونه‌ ‌ به‌ زۆرینه ده‌نگ ،‌ یاسای قه‌رزكردنی بۆ حكومه‌ت په‌سه‌ند كرد، به‌پێی ئه‌م یاسایه‌   هه‌رێمی كوردستان له‌و قه‌رزانه‌ بێ به‌ش بكرێت. ئاشكراشه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران داوای له‌ په‌رله‌مان كردووه‌ كه‌ رێگه‌ی پێبدرێت بۆ ئه‌و ئامانجه‌ قه‌رز بكات، به‌ڵام په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ ئه‌و مه‌رجه‌یان فه‌رز كرد كه‌نابێت پشكی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.

مه‌ترسی ئه‌م یاسایه‌ش له‌وه‌دایه‌ ، ئه‌گه‌ر پێشتر به‌ مه‌زاجی شه‌خسی سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی پێشوو پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عێراق بڕدرابێت، ئه‌وا ئه‌مجاره‌یان به‌ یاسای په‌رله‌مانی عێراق پشكی هه‌رێمی كوردستان ده‌برێت ، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ له‌ میژووی وڵاتانی دیموكراتی و فیدرالی و په‌رله‌مانی، په‌رله‌مانی ده‌وڵه‌تی فیدرالی به‌یاسا بودجه‌ی هه‌رێمێكی خۆی ببرێت و به‌ یاساش شه‌رعیه‌ت به‌ بڕینی مووچه‌ و قووتی هاوڵاتیانی خۆی بدات.


كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ته‌نیا كێشه‌ی بودجه‌ و مووچه‌ نیه‌ ، به‌ڵام هه‌تا ئێستا دانوستاندن و دیالۆگ بۆ شێوازی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ ، له‌ناو بازنه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا بوون، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مانی عێراق  به‌ده‌ركردنی یاسایه‌ك به‌بێ ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتارانی كوردستان و به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی سونه‌ ، ده‌رگای پرۆسه‌ی سیاسی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی گرنگ داخست كه‌ ئه‌و یش كێشه‌ی  بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ و قووتی خه‌ڵكی كوردستانه‌.


مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌ سیاسی و یاسایه‌ی تازه‌ی عێراق و بڕیاردان له‌ شێوازی په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی فیدرالی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ، جیاوازه‌ له‌ واقیعی سیاسی و یاسایی پێش په‌سه‌ندكردنی یاسای وه‌رگرتنی قه‌رز له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ و ، ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی برده‌ قۆناخێكی ئه‌وتۆ كه‌ ده‌بێت زۆر به‌ هێمنی و به‌ زمانی یاسا و ده‌ستور به‌ راشكاوی په‌یامی گه‌لی كوردستان به‌ به‌غدا بگه‌یه‌نرێت.


به‌ دیدی خۆم وه‌ك په‌رله‌مانتارێكی كوردستان، باشترین و پیرۆزترین شوێن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و زه‌مینه‌ سازی بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق ( په‌رله‌مان، سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار) ئه‌وه‌یه‌ له‌م په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌م په‌یامه‌ ئاراسته‌ بكرێت و ، داوا بكرێت به‌ راشكاوی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق قسه‌بكرێت و ، ئه‌وه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێك له‌ناو ده‌وڵه‌تی فیدرالی عێراق ده‌بێت چۆن بێت و چۆن سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دروست ریكبخرێنه‌وه‌، ئه‌م پرسه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ و به‌شێكی عه‌ره‌بی  سونه‌ به‌زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی ، بڕینی مووچه‌ و بودجه‌ و قووتی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌نه‌ یاسا و، ئه‌م یاسایه‌ش وه‌ك كارتی هه‌ڵبژاردن و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ، له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتوو به‌كار بهێنن.


له‌ ئێستادا كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان ، زۆر به‌جدی میانگیری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقدا ریكبخرێته‌وه‌ و ، ئه‌وا گرنگه‌ ئه‌وانیش له‌ مه‌ترسی ئه‌م یاسایه‌ی په‌رله‌مانی عێراق و مه‌ترسی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی شۆڤێنیانه‌ی په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌بی شیعه‌ و به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی سونه‌ بۆیان روونبكرێته‌وه‌ و ، له‌وه‌ ئاگادار بكرێنه‌وه‌ ، ده‌وڵه‌تێك به‌م ئه‌قڵیه‌ته‌ شۆڤێنیه‌ بیه‌وێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمێك و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی خۆی بكات و به‌ یاسا شه‌رعیه‌ت به‌ كاره‌ شۆڤێنیه‌كانی بدات، ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانرێت له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا شه‌راكه‌ت دروست بكرێت وهه‌روه‌ها ناشتوانرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌قڵیه‌تانه‌ پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ بوونیاد بنرێت .


پێویستە په‌رله‌مانی كوردستان ل پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هەبێت ،بۆیه‌ له‌ ئێستاشدا بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسایه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ( یاسای قه‌رز ) هه‌ر ده‌بێت دوایین قسه‌ و دواین بڕیار به‌ هێمنی و دوور له‌ هه‌ڵچوونی سیاسی  له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بدرێت ، ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.
 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.