Erbil 22°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 16:03

16ی  ئۆکتۆبەر لەمێژوودا بۆ مێژوو !

وانەکانی ئەم ڕۆژە مێژوويە واتا شازدەی ئۆکتۆبەری پڕ شەرمەزاری هەرگیز له یاد و هزری تاك و کۆمەڵی کوردستانی دەرناچێت
یونس حه‌مه‌د
100%

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

ئەگەر چی له هەموو هەل و مەرجێکدا مێژوو بۆ گەلان هەمیشە خۆی دووبارە کردۆتەوە ، بەڵام بەهۆی ئەو زوڵم ونەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد هاتووە بەردەوام مێژوو دووبارە بۆتەوە ، زۆربەی دووبارەبوونەوەکانیش له خاڵە هەر نیگەتیفەکاندا خۆی وێنا کردووە ، ئەگەر بگەڕێنەوە مێژووی ئەو 60 شەست ساڵەی ڕابردوودا دەبینین بەهۆی خیانەت و کردەوەی بەکرێگیراوی بۆ داگیرکەر ودووژمنان کوردستان پڕ کێشەبووە، تاخمە بەکرێگیراو و خیانەتکاران له هەوڵی بەردەوامدا بوونه بۆ دژایەتیکردنی خەباتی گەلی کوردستان وەک ئەوەی مێژووی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 سەلماندی که دەستی خیانەت وخۆفرۆشی له ناو گەلی کوردستاندا له مێژووە بۆ مێژوو بەردەوامە .
 دەست له ناو دەستی دووژمنان بۆ له ناوبردنی دەستکەوتەکانی گەل که به هیوایه بگاتە ئەو ئومێدەی وەك گەلانی دیکە سەربەخۆ وسەرفرازانه بژیت.. نەشازی ئاوازەکانی ئەو ڕۆژه پڕ خیانەت وخۆفرۆشیە و ڕاوەستان دژ به بەرەی گەل ئەوە وانەیەک دەخاتە ژێر پرسیار که بۆ ئەو تاقمه له مێژووی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ بەردەوامن له دژایەتی گەلەکەی خۆیاندا و دەستیش دەخەنه ناو دەستی دووژمنان نەوەك هەر ئەوەندە ،بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەن که نیوەڕۆیەکی به هەتاو و له بەرچاوی هەموو جیهان بەرەی گەلی سەربەخۆخوازیان جێهێشت وچوونه پاڵ بەرەی دووژمن و (حەشد) تا وای لێهات کەوتنه پێش ئەو دەبابانەی که سوپا و ئەو ( فرقە) سەربازییە تووندڕەوانەی هێرشیان هێنایه سەر کوردستان و کەوتنه گیانی ئەو گەله ستەمدیدە که مێژووییەکەی هەر هەمووی نەهامەتی و ماڵوێرانی یه وێرای ئەمانەش دەزگا میدیاکانیان خستبووە خزمەت هێرشەکانی دووژمنان وپاڵپشتیان دەکردن بۆ ئەوەی نییەتی خۆیان بۆ دەسەڵات له بەغدا نیشان بدەن .. 
له سەرووبەندی ڕیفڕاندۆمه سەربەخۆییەکەی گەلی کوردستانی 2017 دا جەماوەر به هەستکردن به بەرپرسیاریەتی مێژوویی بەرانبەر خاك و وڵات هیچ شتێكی له هزردا نەمابوو تەنیا کوردایەتی وکوردستانی بوون نەبێت ،ئەو کوردایەتیەی که له ماوەی ریفڕاندۆمه سەرکەوتووەکە بینرا له هیچ کات و مێژوویەكی خەباتی گەلی کوردستاندا بەم جەشنه پڕ به جۆش خڕۆشە نەبینراوە ، ئاڵای کوردستان وەك تاکە سیمبوول وهێمای سەربەخۆیی له گۆڕەپانەکاندا دەبینران بەمەش دووژمن تووش ودووچاری هێستریا وملهوری بوون . هزر وبیریان لای خایین وخۆفرۆشان بوو بۆ ئەوەی بەبیریان بێننەوە که ئەوانه هەمیشە له دژی گەلی کوردستان بوونه بۆیە دەبێت ئەمجارەشیان هەر دژی گەلەکەی خۆیان بەکاریان بێنن..

وانەکانی ئەم ڕۆژە مێژووە واتا شازدەی ئۆکتۆبەر ی پڕ شەرمەزاری هەرگیز له یاد وبۆچوون وهزری تاك و کۆمەڵی کوردستانی دەرناچێت ،چونکه خیانەتەکه به شیوەیەك بوو به سانایی بیر ناچێتەوە، هەروەها دەتووانرێت چەندین وانە وپەرتووكی لەسەر دەربچێت ، هەر هەموو ئەو کتیب وپەرتووکانه به نەوەکانی ئایندە ودوا ڕۆژ دەڵێن مخابن کەسانێك لەو جیهانەدا ماوەن که خیانەت وخۆفرۆشی لەگەڵ خاك وگەل ونیشتیمانەکەی خۆیاندا بکەن ، چونکه وەك خوێنی ناو جەستە ولەش خیانەت کەوتۆتە دڵ ودەروون وگیانیان و بێ خیانەتکردن ژیانیان ئەستەمه ڕێڕەو بگرێت ، ئەو خیانەتەی کە له 16ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیاندا تەواوکەری ئەو خیانەتانەیە که مێژووەکەی ڕابردوویان بۆیانی جیهێشتووە ، به سانایی ناتووانن وازی لێبینن و دەستبەرداری بن ، چونکه ئەگەر هەر جۆرە بابەتێك کەوتە ناو خوێن وجەستە ئەستەمه مرۆڤ تووانای وازهینانی هەبێت ، یان وەك کورد دەڵێ ( شتێك بکەیت بە شیری تەرکی ناکەیت به پیری) زۆرانێك له نموونەی دیکە کە لەم ڕۆژە پڕ ئازار وخیانەتە بەرچاو کەوتن بوونه مێژوویەکی پڕ له شەرمەزاری بۆ ئەوانەی دەستیان خستە ناو دەستی دووژمن و بەرەی گەلیان بۆ داگیرکەر جێهێشت .
 بەڵێ ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی سەرکەوت و ئەنجامەکانی هەر وەك خۆی مایەوە ، بەڵام ئەوە پلان وپیلانەکانی دووژمن وداگیرکەر بوون دووچاری شکستبوون ،چونکه شەرمزارییەکه کەوتە لەعەنەتی مێژوو و ناسڕێتەوە .

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.