Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 14:10

ئیسرائیل و کاریگەریەکانی بە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەر کاتێک نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا سورپڕایزێک لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
100%

هەر لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و دامەزراندنیەوە ئەمریکا هەوڵی داوە یارمەتی لۆجیستی و دارایی و سەربازی تەنانەت ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری پێشکەشی ئیسرائیل بکات.

دوای ئەوەی ئیسرائیل توانی مەزنترین ڕێکخراوی لۆبی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیات بنێت..ئیتر لەو سا بە دواوە هەر هەنگاوێکی ئیستراتیجی و سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرایە ژێر چاودێری و بەرژەوەندی ئیسرائیلەوە ئەمەش بە هۆی زاڵبوونی ئەم لۆبیەوە بوو کە ئیسرائیل هەیبوو و هەیەتی لەم ووڵاتە و تاکوو ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری ئەو سیناتۆر و کۆنگرێسمانانەی لە هەڵبژاردن دا دەنگی زۆرینە بە دەست دێنن بە هۆی ئەو پاڵپشتیە سیاسی و ئابووریەی ئەم ڕێکخراوە لۆبیەی ئیسرائیلە کە بە ئایپاک ناسراوە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک بەڵێنی ئەوە بدەن کە تەنها لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و سەروەریەکانی کار بکەن ئەگەرنا دەرچوونیان مەحاڵە لە هەڵبژاردن..

راستە ئەمریکا هۆکاری تریشی هەیە بۆ پاڵپشتی کردنی ئیسرائیل بەڵام ئەمەیان هۆکاری هەرە سەرەکیەتی..

ئەمریکا هەردەم هەوڵی داوە هاوسەنگی هێزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو یا خود رووسیای ئێستا بپارێزێت..

بۆیە ئیسرائیلی وەک بەدیلێکی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پڕ چەک و بە هێز کرد بۆ ئەوەی بە سەر ووڵاتە نەیارە عەرەبەکانی کە هاوپەیمانن لەگەڵ رووسیا زاڵ بێت و لاوازیان بکات..تەنانەت لە ئێستا دا وەکوو سەربازگەیەکی ئەمریکا سەیری ئیسرائیل دەکات..
ئەمەش بووە هۆی جووڵاندنی هەست و سۆزی عەرەبەکان بەرامبەر بە دۆزی فەڵەستین و بەرهەم هاتنی کەسانی وەک ئۆسامە بن لادن کە بووە هۆی سەرەتای دژایەتیان بەرامبەر بە ئەمریکا و هاوپەیمانانی..

لە لایەکی ترەوە ئەمریکا بەرژەوەندی ئابووری هەیە لەم ناوچەیە و چەندەها کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی لەم گۆشەیەی جیهان خەریکی دەرهێنانی نەوت و کاری خۆیانن..

دوای گەڕانەوە بۆ فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل زۆربەی مەسیحیەکانی ئەمریکا لەو بڕوایە دا بوون کە ئیسرائیل و جوولەکە بە درێژایی مێژوو زوڵمیان لێکراوە و تەنانەت هۆلۆکۆستیان بە سەر دا هاتووەو لە نێو ئەو هەموو ووڵاتە عەرەبیە ئیسلامی و دوژمنە دا پێویستە خاوەنی سەروەری خۆی بێت و پشتگیری بکرێت ولە لایەکی تریشەوە دەڵێن لە ئینجیلی پیرۆز دا ئایەتێک هاتووە کە باس لەوە دەکات کاتێک جوولەکە توانی هەموو خاکی پیرۆز کە مەبەستی (فەڵەستین) ە بە یەکجاری بگەڕێنێتەوە ژێر ڕکێفی خۆی ئەو کات ئەو دەمەیە کە حەزرەتی عیساش سڵاوی خودای لە سەر بێت دادەبەزێت و جیهان پاک دەکات لە خراپە..بۆیەش لە نێوان سەرکردەکانی ئەمریکا هەر یەکێکیان دێتە سەر دەسەڵات هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کە یارمەتی ئیسرائیل بدات و هاتنی حەزرەتی مەسیح لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو ڕوو بدات و ئەو شانازیە بە بەر ئەو بکەوێت..

ئیسرائیل پاڵنەرێکی سەرەکی بووە بۆ هاندانی ئەمریکا و شەڕ لە دژی ئەفغانستان و عێراق..تەنانەت زۆر هەوڵی داوە ئەم جەنگە لە دژی ئێرانیش هەڵبگیرسێنێ..

ئێران کە بینی خەریکە شەڕ بەرۆکی ئەویش دەگرێتەوە و لەوانەیە لە دوای ئەوان نۆرەی ئەو بێت دەستە وەستان ڕانەوەستا و دەستی کرد بە جووڵە و سووپای قودسی بۆنیات نا و توانی هەژموونی خۆی بە سەر زۆربەی ووڵاتە شیعەکان بە عێراقیشەوە بگرێت و لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانیەوە بوو بە هەڕەشەیەکی مەزن بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا..

ئەمریکا بۆ ئەوەی جارێکی تر نەکەوێتە داوی شەڕێکی تر و تاکە هەنگاو کە لە دژی ئێران هاوێشتی گەمارۆی ئابووری خستە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوانیان خۆی کشاندەوە..

ئەمریکا پێی ناخۆش نەبووە کۆماری ئیسلامی ئێران بوونی هەبێت بۆ ترساندنی ووڵاتە عەرەبیەکان و دۆشینی سەروەت و سامانی ئەم ووڵاتانە بە فرۆشتنی چەک پێیان و بە دەست هێنانی پشتیوانی ئەمریکا بۆ بەرگری کردن لێیان و پاراستنیان لە مەترسی ئێران..

ئاخر بوونی ئێران و دەست تێوەردانەکانی لە ووڵاتانی دراوسێ بەهانەی ئەوەی بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی داوە کە هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێڵێتەوە و بەردەوام بێت لە دۆشینی ووڵاتە عەرەبیەکان..

لە لایەکی تریشەوە ئەو زەرەر و زیانە ماددی و مرۆییانەی ئەمریکا لە هەر دوو جەنگی عێراق و ئەفغانستان دا بینی وای کرد دوور کەوێتەوە لە دووبارە هەڵگیرساندنەوەی شەڕ و بە کارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی ووڵاتێکی مەزنی وەک ئێران کە توانای سەربازی و ڕووبەری ووڵاتەکەی بەراوورد ناکرێت لەگەڵ دوو ووڵاتەکەی تر..بێجگە لەوەش ئێران توانیویەتی لق و پۆپی بهاوێژێت لە زۆربەی ووڵاتانی دراوسێی خۆی بە هۆی سوپای قودسەوە و میلیشیا شیعەکانی..هەروەها پشتگیریش دەکرێت لە لایەن ووڵاتانی زلهێزی وەک ڕووسیا و چین..

بەڵام لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دا و بەرەبەری نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمریکا و میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق لە زیاد بوون دایە و تەنانەت گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی ئەمریکا هەڕەشەی لە ناو بردنی ئەم میلیشیایانە دەکات گەر بێت و بەردەوام بن لە هێرش کردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا..

گەر سەیر بکەین ئەو ووڵاتانەی کە لە بەرژەوەندی ستراتیجی ئیسرائیل دا نەبووینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان شەڕ تیایدا ڕووی داوە یاخود حکوومەتەکەی ڕووخاوە بە شۆڕشی جەماوەری خەڵک..

ئیسرائیل و بەرزاییەکانی جۆڵان لە سوریا..

کاتێک هەموو دەوڵەتە عەرەبیەکان لەساڵی ١٩٦٧ هێرشیان کردە سەر ئێسرائیل تەنها ٦ ڕۆژی کێشا، بەڵام لەو ٦ ڕۆژە نەک ئیسرائیل سەرکەوت بەڵکو لە هەموو لایەکەوە بەرپەرچی هێرشەکانی عەرەبی داوە و لەهەمان کاتدا توانی خاکێکی باشی سینا‌ ی لە میسر داگیر بکات و بەشێکی باش لە دەریاچەی ئوردن و بەرزاییەکانی جۆلانی داگیر کرد و دەستی کرد بە دەرکردنی خەڵکی ڕاستەقینەی ئەم شوێنە و دروست کردنی كۆمەڵگای نیشتەجێبوون و هێنانی جوولەکە بۆ ئەم کۆمەڵگایانە،لەوسا بە دواوە کێشە لە نێوان ئیسرائیل و حکوومەتی سووریا دروست بوو..سووریا هانی گرووپە چەکدارە ئیسلامیەکانی دەدا و چەکداری دەکردن بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل..

تەنانەت لە عێراقیش هانی دەدان هێرش بکەنە سەر کاروانی هێزە ئەمریکیەکان و ئاژاوە بنێنەوە..

ئیسرائیل کە بینی سووریاش لە بەرژەوەندی ئەو ناجووڵێتەوە لە ڕێی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هانی ئۆپۆزسیۆنی دا لە دژی حکوومەت شەڕ بکەن..ئیتر سووریاش ئاژاوەی تێکەوت و تا ئێستاش لە نێو ئاسن و ئاگر دایە..

تەنانەت ساڵی ۲٠٠٦ شەڕی لە دژی حیزبوڵلای لۆبنان ڕاگەیاند و ئەم شەڕە بۆ ماوەی ۳۳ ڕۆژ بەردەوام بوو دواتر بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی پێ هات..

هەر کاتێک نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا سورپڕایزێک لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە جۆشدراوە لە لایەن ئیسرائیلی هاوپەیمانەکەی..

پێویستە سەبر بگرین و بزانین ئیسرائیل و ئەمریکا چ خەونێکی تریان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینیوە..

لە کاتێک دا کە ئێستا ئیسرائیل خەریکی بونیاتنانی پەیوەندیە لە گەڵ ووڵاتە عەرەبیەکان تۆ بڵێی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا ئەمجارە مەرجی دەرچواندنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرش کردنە سەر کام ووڵات و ڕوخاندن یان لاواز کردنی کام دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت؟!

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.