دوای زیاتر لە ساڵێك لە دەستبەكاربوونی كابینەی نوێەمی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی ، ئاشكرایە، ناوچەكە، دونیا وعێراقیش رووبەرووی كۆمەڵێك كێشە وقەیرانی ئابووری، ئەمنی و تەندروستی بوونەوە و كە هەموویان رٍاستەوخۆ كاریگەرییان لە سەر ئەدا و پلان و ستراتیژی وهەنگاوەكانی حكومەتی كوردستان كە بە دروشمی كوردستانێكی بەهێز و حكومەتی هەموو كوردستانییەك بە بێ جیاوازی دانا.
ئەگەر واقعبیانە و وردبینانە هەڵوەستە لە سەر بەرنامەی كانی حكومەتی كوردستان بكەین ، ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە سەرٍەرای ئەوەی قەیرانی گەورەی دارایی و ڤایرۆسی كۆرٍۆنا و دابەزینی بەهای نەوت و گوشارەكانی بەغدا بۆ نەناردنی شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، هەروەها كێشە وگرفتەكانی كابینەكانی رابردوو و ئینجا كەلەكەبوونی رێژەیەكی زۆر قەرزی فەرمانبەران و بابەتەكانی تر بەڵام توانیوێتی لەماوەی زیاتر لە ساڵێك چەندین پرۆژەی ستراتیژی بخانە بواری جێبەجێكردنەوە لە سەرانسەری كوردستان ئەمەش هیوایەكی گەورەی لە نێو دڵی كوردستانیان بۆ ئایندە چاندووە .
ئەو هەنگاوانە و باشتربوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و بەردەوامی دانووستانەكانی هەر دوو لا و رژدبوونی حكومەتی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی و گرنیگدان بە هەنگاوەكانی بەرێوەبردن و بەرەو پێشبردنی پرۆسەی و بونیاتی ئابووری و هەروەها پەیوەندییە دیپلۆماسی وسیاسییەكان لە سەر ئاستێكی بەر لە ناوچەكە و نێودەوڵەتیی ئاماژەیەكی روونن بۆ دوارۆژی گەشی حكومەت و كوردستانێكی بەهێزتر .
حكومەتی كوردستان لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە كاری جیدی و بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە سیاسی ودیپلۆماسییەكان لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئەنجامداوە و بە تایبەت لەگەڵ بەغدا و پرسی بودجە و مووچەی كوردستان كە چاوەروان دەكرێت لە سەر بنەمای دەستوور و مافەكانی گەلی كورد كە چاوەروان دەكرێت بە هۆی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان و پێداگری سەركردایەتیی سیاسی هەرێم وحكومەتی كوردستان هەنگاویی باشی بەرەو پێشەوە ناوە .
هەروەها لە رووی پروژەكانی ئاوەدانی هەر لە زاخۆ تا خانەقین ، دەیان پرۆژی بواری رێگەوبان و پێشەسازی وكارەبا و تەندروستی چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و یانیش لە قۆناغەكانی كۆتایی و سوود لێ وەرگرتندا ، ئەو هەنگاوانە لە كاتێدان كە حكومەتی كوردستان بەسەرۆكایەتی رێزدار مەسروور بارزانی سەرٍەرای قەیرانی دارایی و بودجەیەكی كەم ئەوا رێگەی نەداوە كارو پرۆسەی ئاوەدانی و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان رابوەستێت .
بەدڵنییاییەوە، جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە ستراتیژییە جۆراوجۆرانە ، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەبنە هۆی رەخساندن و فەراهەمكردنی سەدان هەڵی كار و پێشكەوتنی ئابووری كوردستان . هەموو ئەو كارو هەنگاوانە پێیمان دەڵێن كە سەرۆكی حكومەتی كوردستان و تیمەكەی بە شێوەیەكی گشتی توانیویانە لە ماوەی زیاتر لە ساڵی رابردوو، سەركەوتووانە رووبەرووی قەیرانەكان ببنەوە و مامەڵە و ئیدارەدانێكی باشی كوردستان بكات بەرەو ستراتیژییەكی سەركەوتوو و كوردستانێكی بەهێزتر و ئاوەدانتر.