Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 12:43

((هەرێمى کوردستان لە ستراتیژیەتى فەڕەنسا))

ماکڕۆن وەک سەرۆک کۆمارى فەرەنسا کە گەلى فەرنسا بە قوتابی فرانسوا ئۆلاندى دەزانن زیاترو زۆرتر گرنگى بە عێراق و هەرێمى کوردستان دەدات
بوتان به‌كر
100%

 سەرەتا دەکرێت لەوە دەست پێ بکەین کەجێگەى ئیعتیبارو هەڵوەستەیە؛ وڵاتێک ئەندامى هەمیشەیی ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان بێت و خاوەن مافی ڤیتۆ بڕیاردەرى گرنگ بێت لە پرسەکانى جیهان و ناوچەکەو تەنانەت ڕۆژ هەڵاتى ناوین، بەشێوازێک مامەڵە لەگەڵ هەرێمێکى دیفاکتۆى سەربەخۆ لە گۆڕەپانەکە دەکات کە ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگەى تێڕامانە، بە بڕواى من دەبوو سەرکردایەتى سیاسی کورد  و ئیدارەى کوردی و حکومەتى هەرێم زۆر مکوڕتر و واقعیانە تر بەدەم ئەم هەنگاوە کردەییانەى ئەم دەوڵەتەوە بهاتان، بەڵێ ئەم دەوڵەتەش وڵاتى فەڕەنسایە.!

     وڵاتى فەڕەنسا لە سێ کابینەى پێشوو ئێستاشدا زیاتر گرنگى بە سیاسەتى دەرەوەى وڵات دەدات، وە لەنێویانیشدا ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەى کەمتر کەلتورو ڕۆشنبیرى دەوڵەتەکەیان گرتۆتەوە. لەسەردەمى بەڕێز فرانسوا میترانى لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردوو تا دەگاتە سەردەمى سۆسیال گۆش و چەپەکانى فرانسوا ئۆڵاندو پارتى بۆ پێشەوەى ئیمانوێل ماکڕۆن بەشێوازێکى زۆر جیاواز و کردەییانە گرنگیان بە دۆزى کورد داوە.

     مێژووى هاوکارییە دبلۆماسی و کردەییەکانى فەڕەنسا بە زەقی لە دوو ئاستى سەرەکى دەبینرێن یەکیان بریتی بوون لە دەرچوونى بڕیارى 688 لە 5ى ئەڤغیلى 1991 کە تایبەت بوو بە پاراستن و نەهێشتنى قەمعى کوردانى باشور لەلایەن ڕژێمى پێشووترى عێراقی و  دروستکردنى ناوچەى دژە فڕین و ئارام، وە ئەوەى تریان لە کۆتاییەکانى ساڵى 2017 بەهۆی ئەنجامدانى ڕیفراندۆم و سەربەخۆی بۆ کوردستان جارێکى تر ئەم وڵاتە بووە فریاد ڕەس و بەدەمەوە هاتنى کوردانى باشوور و کرانەوەى جارێکى ترى پەیوەندییە دبلۆماسیەکانى هەرێمى کوردستان بە دونیاى دەرەوە دا کردەوە و هەرێمى کوردستانى لە قۆناغى چەق بەستوویی بردەوە بۆ قۆناغى هەرێمێکى دیفاکتۆی بەنێو دەوڵەتى کراو. ئەمەو وێڕاى ئەو هەموو هاوکارییە سەربازى و مرۆییانەى کە لەمیانەى جەنگى داعش پێشکەشی هەرێمى کوردستانى کرد ، وە هەر سەرۆکى ئەم وڵاتە بوو وەک یەکەمین سەرۆکى وڵاتێکى ئەوروپی سەرەدانى هەرێمى کوردستانى کرد لە کاتى تەنگانەو ناخۆشی شەڕدا، وە پێشوازى کردنى وەفدى هەرێم لە کۆشکى ئیلیزێ چەندین جارە ئەمە دوبارە بوویەوە لەلایەن کاربەدەستانى ئەم وڵاتە.

شایانى باسکردنە و ئەوەى جێگەى دڵخۆشی و ئاماژە دانە ئەوەیە کە ڕۆڵى وڵاتى فەڕەنسا لە دۆزیەى نەتەوەى کورد وێڕاى ئەوەى کە لە ئاستى سیاسەتى دەرەوەى وڵاتەکە لە بارێکى باشدایەو هەمیشە ئەوە بینراوە کە متعاطف و سۆزدارن بە قەزیەى کورد، وە لەسەر ئاستى ناوخۆی ئەو وڵاتەش کە ئەمە جێگەى دڵخۆشیە لەنێو هەموو پارتە دەسەڵاتدارەکانى فەڕەنسا دۆزى کورد ڕۆڵ و بایەخێکى گەورەى هەبووە، چ لەلایەن پارتى ڕاستڕەوى کۆمارییەکان بێ چ لەلایەن پارتى سۆسیالیستى چەپڕەوکان بێت یاخود پارتى نوێ ى دەسەڵاتدارى ئێستا بۆ پێشەوەى ئیمانوێل ماکڕۆن بێت. بۆیە زۆر گرنگە لەلایەنى حکومەتى هەرێم و سەرکردایەتى سیاسی کوردستان ئیستثمار و وەبەرهێنى ئەو پەیوەندیە بکات، ئەویش بە پاراستن و خستنەڕووی زیاترى بەرژەوەندیەکانى فەڕەنسا لەهەرێم و ئەنجامدانى ئاسانکارى بۆ هێنانە ناوەوەى زیاترى کۆمپانیاکان جگە لە بوارى نەوت و وزە وەک ئەوەى ئێستاى کۆمپانیاى تۆتالى فەرەنسی پێویستە برەو بەو پەیوەندییە بدرێت و لە هەموو بوارەکانى کلتورى و ڕۆشنبیرى و پەروەردەی و تەندروستى و ئاوەدانکردنەو پرۆژەى خزمەتگوزارى بۆ فەراهەم کردنى بەرژەوەندى دولایەنە.

  ئەگەر سەیرى سەردانەکانى سەرۆک کۆمارى فەرەنسا بکەین لەم دواییانە ئەوە دووەمین جارە سەرەدانى ڕۆژ هەڵاتى ناوەڕاست دەکات ، کەوەک میدیاکانى فەڕەنسا ئاماژەى بۆ دەکەن ئیمانوێل ماکڕۆن دەیەوێت وڵاتەکەى پێگەیەکى زۆر تایبەتى هەبێت لە وڵاتانى ڕۆژ هەڵاتى ناوەند زیاتریش لەو وڵاتانە مەبەست و گەرەکیەتى ئوردن و سوریاو لوبنان و عێراق، ئەگەر سەیرى لوبنان وسوریا بکەین ئەو وڵاتانە خۆی لە خۆیاندا فڕانکۆفۆنن واتە فەڕەنسا بە هی خۆی دەزانێ بۆیە مەبەستیەتى ئاوەدانیان بکاتەوە لەلایەک، لەلایەکى تریش وەک وڵاتێکى باڵاى نێو یەکێتى ئەوڕوپا بۆ جێگیربوونى ئاشتى و ئاسایش لەو وڵاتانەو پێشگیری لە دیاردەى کۆچڕەوى ئەم هەنگاوانە دەهاوێژێت. وە ئیمانوێل ماکڕۆن وەک سەرۆک کۆمارى فەرەنسا کە گەلى فەرنسا بە قوتابی فرانسوا ئۆلاندى دەزانن زیاترو زۆرتر گرنگى بە عێراق و هەرێمى کوردستان دەدات، پێ ى وایە کە لەم وڵاتەوە دەتوانێ جارێکى تر کۆنترۆڵى خۆی بکات و سەنگ و قورسای بەدەست بێنێتەوە لە ڕۆژهەڵاتى ناوین ئەویش لەڕێگەى دەوڵەتێکى دەوڵەمەندى وەک عێراق و پێگەى گرنگى هەرێمى کوردستان.

وا بڕیارە بەروارى 1ى9ى2020 سەرۆک کۆمارى فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە گەشتەکەى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، بابەتى ئاوەندانکردنەوەى بەیروتى پایتەختى لوبنان دواى ئەو کارەساتەى کە بەسەردا هات، سەردانى بەغداد بکات لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتەو سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش کۆ دەبێتەوە.

وە بەبڕواى ئێمە ئەو سەردانە زیاتر پەیوەستە بەو کێشانەى کە لەنێوان عێراق و تورکیا دا دروست بوونە وە هەرێمى کوردستان لەم نێوەندەدا ئەمە یەکێکە لە ستراتیژە هەرە گرنگەکانى فەڕەنسا. کێشەى تورکیا لە عێراق و ڕەنگدانەوەى لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا. چونکە فەرەنسا پێى وایە دەوڵەتى تورکیا کۆسپ و تەگەرە وگرفت لە ڕۆژ هەڵاتى ناوەڕاست دروست دەکات ئەو لەشکرکێشیەى کە لە سوریاو لیبیاو عێراقدا دەیکات ئەمە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەتى ئەو وڵاتە یەکناگرێتەوە بۆیە دەیەوێت بەڕاشکاوى لەگەڵ کاربەدەستانى عێراقی و هەرێمى وەک لە دەزگا میدیایەکانى فەرەنسا بڵاوکراوەتەوە ئەوە بخاتە ڕوو، چونکە وەک باسم کرد دەوڵەتى عێراقی بۆ فەرەنسا گرنگە ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمریکاى دۆنالد ترەمپ وردە وردە خەریکە لەم وڵاتەدا پێگەى بەهێزى خۆی  لە دەست دەدات.

لەم نێوەندەدا ئەوەى شیاوى باسکردنە پەەوندییەکانى هەولێر و پاریس و بەشدارى کردنى بەڕێز سەرۆکى هەرێمە لەم پرسە هەستیارانەدا پەیوەندییەکى زۆر توندو تۆڵن ئەوەش زیاتر پەیوەست بووە بە سیاسەتى دەرەوەى فەرەنسا کە هەمیشە ویستویەتى حکومەتێکى بەهێزى هەرێم هەبێت لە ڕووە سەربازى و کارگێرى و ئابورى ، چوون هەرێم پێگەیەکى تایبەتى هەیە چ لەڕووی ئەوەى کە ناوچەیەکى ئارام بووە وە چ لەڕووی ئەوەى کە پێگە جوگرافیەکەى کە هاوسێ ى دوو دەوڵەتى گەورەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە ئەوانیش تورکیاو ئێرانن. ئەم سیاسەتە ڕەنگدانەوەى هەبووە لە ماوەى ڕابردوو چ لەسەر ئاستى پەیوەندى کەسایەتى وەک مام جلال و سەرۆک بارزانى کە بانگهێشتى پاریس کراون و چ پەیوەندى نزیکى هاوڕێیەتى نێوان سەرۆک ماکڕۆن و کەسایەتى ئاشتیخوازانەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەم ڕوەوە پێویستە ئەوە بڵێین کە عێراق و هەرێمى کوردستان پێوستە سوود لە هاوکارییەکانی فەڕەنسا وەربگرن کە کۆمارى ئەو وڵاتە ستراتیژیەتى دوورو درێژی بۆ کێشاوە.

بۆیە ئەم سەردانە زیاتر پەیوەستە بە پەلهاوێشتەکانى وڵاتى تورکیا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەندو کە بەر لە هەفتەیەک وەزیری بەرگرى فەڕەنسا سەردانی عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد ئەوەى بە ڕاشکاوانە لەگەڵ لێپرسراوانی کورد و عێراق وروژاند کە بوار بە دەستوەردانی تورکیا نەدەن، بەیانیش ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی عێراق ئەکات، هەمان داوا لە لێپسراوانی کورد بە تایبەتی ئەکات.

گرنگی دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ماکرۆن، لەمکاتەدا بە بڕواى ئێمە لە دوو تەوەر خۆی دەنوێنێت، یەکیان  پەیوەستە بەو هاوکارییە مرۆیی و ئابورى و گەشەسەندنەوەى ناوچەکانى عێراق و هەرێم کە بڕیاروایە بەبڕى یەک ملیار یۆرۆ لە بەصراوە تاکو هەڵەبجە وەبەرهێن بکات بە هێنانە پێشەوەى کۆمپانیاکانى فەڕەنسی. تەوەرى دووەم سیاسیەو زیاتر پەیوەستە بە هەوڵى لێ نزیک بوونەوەى لایەنى کوردی و عێراقیە بە شیعەو سوننەوە لەسەر ئەو کێشانەى کە هەڵپەسێردراون بۆ مەبەستى چارەسەرکردنیان و بەتایبەتى سەروەرى خاکى عێراق و نەهاتنە پێشەوەى تورکیاو گەرەنتى کردنى زیاترى پاراستنى قەوارەى هەرێمە لەلایەنى فەڕەنسى لەهەمبەر لەشکرکێشیەکانى وڵاتى تورکیا کە ئەمەش پێم وایە لەداهاتوو دەرەنجامەکەى زیاتر بەدەردەکەوێت.

*قوتابی دکتۆرا لەیاسا لە وڵاتى فەڕەنسا

1ى9ى2020

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.