Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:48

لە کۆشکی (ئێلیزێ)وە تا کۆشکی بەغدا!

یەکێک لەو گرێکوێرە دەستوورییە گرنگانەی کە تا ئێستاش بووەتە هۆی بەردەوامیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پابەند نەبوونە بە دەستوور
نوورى بێخاڵى
100%

سەردانی ئەمجارەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و سەرۆکی هەرێمدا، جگە لەوەی بەشێک بوو لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ دەستنیشانکردنی شێواز و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی (نەخشەڕێگای فەڕەنسی - عێراقی)، کە پارساڵ لە پاریس واژۆی لەسەر کرا. هاوکات بەو پێیەی ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە قسەکردن بوو لەسەر پرسی (سەرەوەری و سەقامگیریی عێراق)، پەیامێکی ڕوون بوو بۆ بەرپرس و لایەنە عێراقییەکان، کە سەروەریی و سەقامگیریی عێراق، بەبێ بوون و ئامادەیی کارای هەرێمی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیی  دەوڵەتەکەدا، سەروەریێکی نیوەچڵ و سەقامگیریێکی شڵۆقە!


لەم گۆشەنیگایەوە، ئامادەبوون و بەشداریکردنی (نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان) لەسەر داوای فەرمیی سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆبوونەوەکاندا، ئامراز، یان ئەو کەناڵە بوو، کە سەرۆک ماکڕۆن بە هۆیەوە، ناڕاستەوخۆ پەیامەکەی گەیاندە بەرپرسانی عێراق.

 

مایەی خۆشحاڵییە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک هەموو بەشداریی و ئامادەبوونەکانی تری لە کۆبوونەوە و کۆنگرە کوردستانی، عێراقی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمجارەش وەک بەشێک لە ستراتیژییەتی نیشتمانیی خۆی، لە دیدار و گفتوگۆکانی بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و سەرۆکی فەڕەنسادا، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئیرادەی کورستانیانی بە سەرجەم پێکهات و لایەنەکانیانەوە کرد.

 

ڕاستییەکەی پەیامەکانی هەر چوار سەرۆکایەتییەکە و سەرۆکی فەڕەنسا، کە دوای کۆبوونەوەکانیان و لە میانی لێداونەکانیاندا ئاماژەیان پێیان دا، زۆر ڕوون و ڕاشکاو بوون. بەوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕاستەڕێکردنەوەی عێراق، بەندە بە پاراستنی سەروەرییەکەی و ئەویشیان بە دوو پرسی زۆر گرنگ بەستەوە، یەکێکیان سەقامگیریی ناوخۆیی و دووەمیشیان دەرستتێوەردانی هەرێمایەتیی لە کاروبارەکانیدا.

 

هەرچی پەیوەندیی بە پرسی سەقامگیریی ناوخۆیەوە هەبوو، ڕاستەوخۆ بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەبەر ڕۆشنایی دەستوور گرێ درایەوە. جەختکردنەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی فەڕەنساش لەسەر ئەوەی دەبێ کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە نێوخۆییەکانی، پێویستە عێراق بە کردەنی دەوڵەتێکی فیدڕاڵی بێت و دەستوور تیایدا سەنگی مەحەکی یەکلاکردنەوەی هەموو کێشەکان بێت.

 

دیارە بەرمەبنای دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە و هەر بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو دەستوورەش، ئەرک و ماف و دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمەکان دیار کراون. لەو نێوەدا یەکێک لەو گرێکوێرە دەستوورییە گرنگانەی، کە تا ئێستاش بووەتە هۆی بەردەوامیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پابەند نەبوونە بە دەستوور. خۆبواردن لە پشک و مافی هەرێمی کوردستان لە پۆستی دامەزراوە فیدڕاڵییەکانیشدا وەک مافێکی دەستووریی، دیوێکی گرنگی ئەو پابەندنەبوونەیە.

 

بە واتایەکی تر، ئەوە تەنیا پرسەکانی بودجە و پێشمەرگە، یان ساڵ دوای ساڵ کەمترکردنەوەی ڕێژە و پشکی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراقدا نین، کە کێشە بن، بەڵکوو خۆدزینەوەی حکوومەتی فیدڕاڵی لە پرسەکانی (دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئەنجوومەنی هەرێمەکان، یاسای نەوت و غاز) و ڕۆڵ و پشکی کورد لەو دامەزراوانەدا، دیوێکی هەرە سەرەکیی کێشەکانن. جەختکردنەوەی بەردەوامیی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش لە ڕابردوودا، لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە دەستوور و چەسپاندنی سییانەی (هاوبەشیی ڕاستەقینە، سازان و هاوسەنگیی) لە ژیانی سیاسی و حوکمڕانیکردنی عێراقدا، هەر لەم بابەتەوە هەستیارەوە سەرچاوە دەگرێت.

 

بەهەرحاڵ، گرنگیی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم لە ئاوکردن بە ئاگری ناکۆکییەکانی عێراقدا، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە بڕوای تەواوی بەوە هەیە لە چوارچێوەی دەستوور و لە میانی دیالۆگی شارستانیانەدا، لایەنە ناکۆکەکان بگەنە تێگەیشتنی هاوبەش و ڕێککەوتنی کۆنکریتی بۆ چارەسەری کێشەکان. هەروەها یەکێکیشە لەو کاراکتەرە سیاسییانەی کە سوورە لەسەر ئەوەی لە عێراقدا ماف بۆ مافخوراوەکان بگەڕێندرێتەوە و هەمووان و بەبێ جیاوازی لە مافەکانیان بەرخورد بن.

 

فەڕەنسا و تەنانەت بەشێکی دیاریش لە دۆستەکانی لەناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا لەوە گەیشتوون، کە تێڕوانین و ڕوانگەی (نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان) بۆ چییەتیی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاراستە هەرە دروستەکەیە. بۆیە بە لای ئەوانەوە بوونی کاراکتەرێکی سیاسی بەم دونیابینی و گوتارە ئاشتیخوازە لە هەرێمی کوردستاندا گرنگە، چونکە بە ڕۆڵی میانڕەو و ئاشتیخوازانەی خۆی، باری ئەوانیش لە پرۆسەی ڕاستەڕێکردنەوەی عێراقدا سووکتر دەکات. دیارە ئەم بایەخ پێدانە نێودەوڵەتییە و بەتایبەتیش فەڕەنسییە بە (نێچیرڤان بارزانی) هی ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو هی ئەزموونی ساڵانی پێشووتری کۆشکی (ئێلیزێ)یە لەگەڵیدا.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.