Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 00:51

تورکیا له‌ هاوکێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا

توركیا یه‌كێكه‌ له‌و پێنج ولاتانه‌ى كاریگه‌رییان به‌سه‌ر پێشبركێى بازرگانى چین و ئه‌مریكادا هه‌یه‌
100%

توركیا له‌ چه‌قبه‌ستووى پێنج شه‌ش ساڵى رابردوو ده‌رچووه‌ و ئێستا له‌ ئاستێكى به‌هێزدایه‌ و هه‌ر جارێك په‌ل بۆ ولاتێك ده‌هاوێژێت. و هه‌وڵى داگیركردنى خاكه‌كه‌ى ده‌دات و ئالاى وڵاته‌كه‌ى له‌سه‌ر خاكى ولاتانى بیانى به‌رز ده‌كاته‌وه‌، به‌بێگوێدانه‌ یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. پێشان توركیا كاره‌كته‌رێكى هه‌رێمى بوو، به‌رژه‌وه‌ندى له‌گه‌ڵ كام لایه‌نى هه‌رێمى یان نێوده‌وڵه‌تى وه‌ك روسیا و ئه‌مریكا هه‌بوو، ده‌هۆلأ بۆ ئه‌و لایه‌ لێده‌دا، به‌تایبه‌تى بۆ گه‌شه‌پێدانى ئابوورییه‌ داڕماوه‌كه‌ى. به‌ڵام ئێستا هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه‌ بووینه‌وه‌ و له‌ كاره‌كته‌رێكى هه‌رێمییه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بوویته‌ كاره‌كته‌رێكى نێوده‌وڵه‌تى جیهانى.

له‌ دواى چه‌ندین ساڵ داگیركردنى زۆرێك له‌ خاكى سوریا، هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گوند و شاره‌كانى كوردى رۆژئاوا و ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ركردنی هاولاتیه‌كانیان، به‌ به‌هانه‌ى جۆراوجۆر، زۆرێك له‌ ئامانجه‌ناشه‌رعییه‌كانى له‌م وڵاته‌دا پێكا.

 ئه‌مه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ده‌سى كردووه‌ به‌ جێبه‌جێ كردنى ئه‌جینداكانى خۆى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ له‌شكر كێشى و داگیركارى و تۆپ باران كردنى گونده‌كانى هه‌رێمى كوردستان و داگیركردنی شوێنه‌ به‌رز ستراتیجى، قوناغ به‌قوناغ، به‌ بیانووى بوونى په‌كه‌كه‌ له‌م شوێنانه‌، له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كى زۆرى هاونیشتمانیانى كوردستان شه‌هید كران و به‌ سه‌دان گوند چول كران و هه‌موو ره‌زو باغه‌كانیشیان سوتاند.

 مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌وه‌دایه‌ توركیا كاریگه‌رى به‌سه‌ر هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌ى و هه‌رێمیه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، له‌ داڕشتنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌ له‌مێژه‌ باسی لێوه‌ ده‌كرێت. ئه‌وه‌ش له‌بیرمان نه‌چێت توركیا رۆڵێكى محوه‌رى هه‌بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ئاستانا و جنێف و به‌رلین و كاریگه‌رى خۆى به‌سه‌ر وڵاتاندا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى رابردوو، توركیا جێى پێى خۆى قایم كرد، ئینجا توانییان رێكه‌وتننامه‌ى سێڤه‌ر هه‌لوه‌شێننه‌وه‌ و كوردستان له‌ رێكه‌وتننامه‌ى لوزان دابه‌ش بكه‌ن.

له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ توركیا راسته‌وخۆ هاوكارى حكومه‌تى ئینقازى وه‌ته‌نى لیبیا ده‌كات و هێز ده‌باته‌ لیبیا و له‌ رێگه‌ى ئه‌م هاوپه‌یمانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌شێكى خاكى ئه‌م ولاته‌ داگیر بكات، وه‌ك شارى سێرت، كه‌ زۆربه‌ى نه‌وتى ئه‌م وڵاته‌ له‌م شوێنه‌یه‌، ئه‌ویش چه‌ند ئامانجی توركیاى له‌پشته‌ وه‌ك: داگیر كردنى نه‌وت و دۆزینه‌وه‌ى بازارێك بۆ كاڵاكانى توركیا له‌ ئه‌فریقیا، بۆ ئه‌وه‌ى شوێنى بازارى كاڵاكانى چین بگرێته‌وه‌، له‌به‌ر بوونى پێشبركێیه‌كى توندى بازرگانى و سیاسی له‌ نێوان ئه‌مریكا و چیندا، ئه‌م هه‌وڵه‌ى توركیا زۆر به‌دڵى ئه‌مریكایه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ترامپ زۆرترین په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئوردوگان ئه‌نجام ده‌دات.له‌وانه‌یه‌ هه‌ردوكیان بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێكى هاوبه‌ش له‌ لیبیا.

ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك وه‌ له‌لایه‌كیتره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى بازرگان به‌هێز له‌ نێوان توركیا و روسیادا هه‌یه‌. به‌پێى ناوه‌ندێكى لێكۆلینه‌وه‌ى ئه‌مریكا، توركیا یه‌كێكه‌ له‌و پێنج ولاتانه‌ى كاریگه‌رییان به‌سه‌ر پێشبركێى بازرگانى چین و ئه‌مریكادا هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌ (هیند. به‌ریتانیا. ئه‌لمانیا. فه‌ره‌نسا. توركیا). كه‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریكادا كار ده‌كات، كه‌واته‌ توركیا بوویته‌كاره‌كته‌رێكى جیهانى. به‌لگه‌ش بۆ ئه‌م راستییه‌ ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر به‌پێى ئه‌م ناوه‌نده‌ لێكولینه‌وه‌یه‌، ئوردوگان له‌و سه‌رۆكانه‌یه‌ كه‌ ترامپ و پوتین زۆرترین په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له‌لایه‌كیتره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى توركیا له‌ ئاستى هێزدایه‌، ده‌یه‌وێت ریكه‌وتنى ده‌ریایی له‌ گه‌ڵ یونان و میسر ئه‌نجام بدات سه‌باره‌ى دیاریكردنى ناوچه‌كانى ده‌سه‌لاتى ده‌ریایی له‌ ده‌ریاى سپی ناوه‌راست.

هه‌ندێك ده‌نگى نارازیش له‌ دژى توركیا هه‌ن، وه‌ك فه‌ره‌نسا، ماكرۆن ده‌ڵێت: ئه‌وروپا له‌ حاله‌تى شلل ده‌ماغدایه‌، ئه‌و له‌و بروایه‌دایه‌ ده‌بێت ئه‌وروپا ئه‌وه‌نده‌ بێده‌نگ نه‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌كانى توركیا له‌ سنوور به‌زاندن و پێشێل كردنى زۆر له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

 

تورکیا

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.