یەکێتی کەتۆتە داوی خۆی نە دەتوانێ بە ئاسانی ئەو پەیوەندیە ئالۆزیەی چەندین ساڵە بەبێ دیراسەکردن و دووربینی لەگەڵ پەکەکە دروستی کردوە کۆتایی پێبێنێ،نە دەتوانێ لەگەڵ تورکیا بگاتە ئەو قۆناغەی کە مەترسی لە سەر دروست نەکا و دژایەتی نەکات.
ئەگەرچی ئێستا و بە دەست پێشخەری یەکێتی ژمارەیەکی زۆری کێڵگە نەوتیەکانی سنووری سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی تورکی کڕاونەتەوە و ئەوان وەبەرهێنانیان تێدا دەکەن،هەروەها هاوکاریەکی هەواڵگری توند لە نێوان میت و دەزگای زانیاری یەکێتی هەیە کە ئەنجامەکەی تا ئێستا کوژرانی چەندین سەرکردە و کادیری پەکەکە بووە،یەکێتی ئەوەی وەک شیرینی و نیاز پاکی پێشکەشی تورکیا کردوە بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە هاوکێشەکە بگۆڕێ چونکە پەکەکە بە چەک و هێزەوە لە زۆنی سەوز بوونی هەیە و دەتوانێ ببێتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر یەکێتی،بەتایبەتیش کە پەکەکە بەشێکە لە ئەجێندا و ستراتیژیەتی ئێران و لەو خاڵەدا لەگەڵ یەکێتی یەکدەگرنەوە،دیاریشە دوور کەوتنەوەی یەکێتی لە ئێران بە مانای لاوازبوونی دێ تا رادەی لەناو چوون.
پەکەکە هۆکارە سەرەکیەکەیە لە راکێشانی تورکیا بۆ ناو باشور،ئێستا هەبوونی گەورەی پەکەکە نە لە ناو خاکی باکوری کوردستانە و نە لە چیا سنووریەکانی نێوان باشور و باکور بەڵکو هەبوونی گەورەیان لە رووی سەربازیەوە لە دەڤەری شنگال و باشوری کەرکوک کە لە ژێر سێبەری حەشدی شەعبی سەربازگەیان دامەزراندووە و موچەیان لێوەردەگرن،هەروەها لە سنوورەکانی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانن واتا لە ژێر سێبەری یەکێتی و ئێران کە دريَژکراوەی هەمان ستراتیژیەتی هەبوونیانە لە شنگال و کەرکوک و گەرمیان.
کاتی خۆی لە باکور دەمیرتاش و هەڤالانی سەرکەوتن و هەشتا و یەک کورسیان بردەوە و ئەردۆغان مەمنونیان بوو حکومەتیان لەگەل پێکبهێنێ و ئامادە بوو هەتا شەش وەزیریان بداتێ،بەلام قەندیل گوتی دەمیرتاش ئەو کەسە نیە بتوانێ بریاری بەشداریکردن و نەکردن بدا و ئەوە قەندیلە ئەو بریارانە دەدا،چوون شەریان لە بن دیمەشق بردەوە ناو مالە کوردی هەژار لە جزیرە و دیاربەکر و شەرنەخ و هەزەخ و نسێبین و جۆلەميَرگ و هەکاری و زیاتر لە شەش هەزار کەسیان بە کوشت دا کە چوار هەزار زیاتریان گەریلا و هێزەکانی هەپەسە بوون و باکوریان رادەستی تورکی تۆرانی کردەوە و لە سوریاش ئێرانیان بەهێز کرد و ئەسەدیان لە روخان دەرباز کرد.
هەروەها نەیانهێشت دەمیرتاش ببێتە رابەری بێ رکابەری کوردانی باکور و خستیانە زیندان،ئێستا کە پارتی چاودێری ئاشتی نێوان کوردانی رۆژئاوا دەکا و جەنەرال مەزلوم کۆبانی رۆژ بە رۆژ لە قەندیل دوور دەکەوێ و بڕیارەکانیان جێبەجێ ناکات دەیانەوێ ئەو تۆڵەیە لە باشور بکەنەوە و ئەوجارەیان ئەگەر بۆیان بچێتە سەر وێرانی دەکەن.
وەستانی لەشکرکێشی تورکیا لە خاڵێکدا بە بۆچوونی من پەیوەندی بە هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزەوە هەیە هەروەها بە هاوکێشە ئیقلیمیەکان،ئەگەر نا بۆی بچێتە سەر تورکیا سیاسەتی (کێ هێزی هەیە ئەو بڕیار دەدا)جيَبەجێ دەکات و رەنگە گەراندنەوەی ویلایەتی موسلَ بۆ سەر ئیمپراتۆریەتەکەیان بکەنەوە واقیع و عەهدی میللی بەجێبگەیێنن.
حکومەتی عێڕاقی و شەخسی مستەفا کازمی داوەتکەری سوپای تورکیایە بۆ ناو سنووری نێودەوڵەتی دەوڵەتی بەناو عێڕاق لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنەی کە بەر لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 عەبادی لەگەڵ تورکیا ئیمزای کردوە و مستەفا کازمی یەکێک بووە لە کەسە ئاگادارەکانی ناوەڕۆکی ئەو رێکەوتنە کە بەهۆیەوە تورکیای زیاتر دەست کراوەتر کردوە لەو رێکەوتنە ئەمنیەی لە ناوەراستی ساڵانی هەشتاکانی سەتەی رابردوو لە نێوان عیڕاق و تورکیا ئیمزا کراوە کە رێگە بە تورکیا دەدا بە قوڵایی پازدە کیلۆمەتر سنووری عێڕاق ببەزێنێ بۆ راوەدوونانی ئەو گروپە چەکداریانەی مەترسی لە سەر ئەمنیەتی تورکیا دروست دەکەن.
هەر ئەو رێکەوتنەی عەبادیشە لەگەڵ تورکیا زاری حکومەتی عێڕاقی بەستەوە لە بەرامبەر هەبوونی نزیکەی دوو هەزار سەربازی تورکی لە بەعشیقەی نزیک موسل. سەرەدانی نهێنی هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای میت و کۆبوونەوەی لەگەڵ کازمی و هەبوونی یەکێک لە هاوسەرۆکەکانی یەکێتی لەهەمان کاتدا لە بەغدا و بەنهێنی سەرنجمان بۆ ئەو پرسیارە دەبا،دەکرێ بەغدا لەشکری تورکیای داوەت کردبێ؟