هەندێک سیاسی و میدیا سێبەرەکانیان شاباشی روخانی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی رادەدێرن چونکە ئەو حکومەتە ناتوانێ موچە لە کاتی خۆی بدا،ئەو عەقلیەتە کە درێژکراوەی فەرهەنگ و تێگەیەکی شکست خواردووە و دەرئەنجامەکشیان هەمان دەرئەنجامی پێشوو دەبێت کە ئەوانەی تەنها روخان و سوتان و وێران کردن مێشک و حەزی داگیر کردبوون بەو خەفەتەوە سەریان نایەوە و حکومەتیش نە روخا.
پرسی دواکەوتنی موچە پرسێکی چەندین ساڵەیە،لەوەتەی بەرپرسە عەقڵ شۆڤینیەکانی بەغدا و بە پێشنیاری چەند کوردێکی باوەڕ لەرزۆک بودجە و موچەی خەڵکی کوردستانیان بڕی هەموو مانگێک بە جۆرێک دووبارە دەبێتەوە،بۆیە ئەوەی پێویستە بەوهۆیەوە بڕوخێ و روبەڕوی توڕەیی خەڵک بێتەوە حکومەتی دەوڵەتە بەزۆر دروستکراوەکەی عێڕاقە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی زیاتر لە سەت ساڵی کوردستانیانە.
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری کە پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کوردستانیانە بەردەوام لە ژێر هەڕەشە و گوشار و فشاری نەیارانە(داگیرکەران)لە نێو بێدەنگی و بێ هەڵوێستی وڵاتانی بەناو هاوپەیمان (ئەمەریکا و ئەوروپا) کە چەند ئەوان بێدەنگ و هەڵوێست سست بن ئەوەندە هێزە ئیقلیمیەکان کوردستان وێک دێنەوە تا ناتوانێ هەناسە بدا و دەیخنکێنن.
ئەو هێزگەلەی لە ناوخۆی کوردستان کە کار بۆ ئاراستەکردنی خەڵک دەکەن لە دژی حکومەتی خۆیان،لە چەند رۆژی رابردوو دەستیان ئاشکرا بوو کە بە ملیارات دۆلاریان لە وڵاتێکی هاوسێ و نەیاری کوردستان وەرگرتووە هەروەها زێر و مادەی هۆشبەریش،بەڵام نە پارەکە دیارە و نە زێڕەکە بەڵکو ئەوەی دیارە مادە هۆشبەرەکانن کە رۆژانە ژیان و گیانی گەنجانمان لەناو دەبا،هەروەها ئەوەش وەدیار کەوت کە ئەو هێزگەلە دەم گەرم و شیر تیژانەی دژی حکومەت پارەیەکی زۆر و زەمەند لە چ سەرف دەکەن،لە جیاتی هاوکاری کردنی خەڵکی هەژار یان دەست گرتنی گەنجێک(با ئەندام و کادیری خۆیان بێت)بەو پارەیە یان بەسەر کردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئاوڕدانەوەیەک لە پێویستی کەسوکاری ئەنفلکراوانی گەرمیان یان پاشماوەی کیمیابارانکراوانی هەلەبجە و خۆشناوەتی و بادینان.
ئەوە بە ملیۆنان دۆلار لە دروست کردن و بەڕێوەبردن و سپۆنسەر کردنی پەیج و ئەکاوەنتی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان سەرف دەکەن وەک ئەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاشکرای کرد کە زیاتر لە چوار سەت پەیج و ئەکاوەنتی سەر بە دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داخستووە چونکە ساختە بوون و کاریان جوێندان و سوکایەتی کردن بووە بەخەڵک هەروەها بەلاڕێدابردنیان،ئەو پەیج و ئەکاوەنتانە تەنها بۆ یەک مانگ سپۆنسەری کردن(سپۆنسەری بۆ ئەوەیە کە زۆرترین خەڵک ببینێ،لە بەرامبەردا بڕێک پارە دەدەی)دوو سەت و حەفتا هەزار دۆلار بووە واتا(بیست و حەفت دەفتەر)
باشە ئەگەر ئەوە جارانی دوازدە مانگی ساڵ بکەی دەکاتە چەند؟ ئەدی ئەگەر هەر پەیج و ئەکاوەنتێک کەسێک بەڕێوەی بردبێ و مانگانەی ئەو کەسەش تەنها پێنج سەت دۆلار بێت ئەو پارەیە دەکاتە چەند؟ باشە ئەگەر ئەو هەمووە داخرابن ئەدی دەبی چەند پەیج و ئەکاوەنت و گوپی دیکەیان هەیە و ئێستا کاران!
هەموو ئەوانە ئاماژەی روونن کە ئەوانەی دەستەواژەی روخان بۆ حکومەت بەکاردەهێنن لەو چوارچێوەیە جێ دەگرن و ئەوەی دیاریشە ئەوەیە کە ئەوان دادەخرێن و دەدۆڕێن و لە دەرئەنجامیشدا و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەڕوخێن وەک چۆن مۆڕال و کەسایەتیان روخاوە و حکومەتەکەی مەسرور بارزانیش بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە خەلکی داوە کە دیارتینیان و گرنگترینیان جێبەجێکرنی یاسای چاکسازیە کە خواستێکی گشتگیری خەڵکە.