Erbil 9°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 02:15

خۆپیشاندان گوزارشتە لە داواکارییەکانی خەڵک، نەوەک ئامانج بۆ بەدیهێنانی مەرامێکی حزبی..!

زۆر ئاشكرایە، ئەم دەهۆڵ لێدانە تەنها دەهۆڵی لایەنێكی حزبیە و بۆ مەرامێكی حزبیشە
جوان عه‌بدوڵلا
100%

خۆپیشاندانی ئاشتیانە و گردبوونەوە لە پێناو ئازادی ڕادەربرین مافێكی سروشتی هەر تاكێكە لە كۆمەڵگەیەكی مەدەنی دا، پێویستیشی بە زەمینەسازیێكی یاسایی هەیە لەژێر دەسەڵاتی هەر سیستمێكی سیاسی دیموكراسی دا.

لە ڕێگەی مومارسەكردنی ئەم مافە دەستووریە خەڵك دەتوانێ فشار بخاتە سەر دەسەڵات بۆ باشتركردنی گوزەران و ئەنجامدانی ڕیفۆرمی ئابوری و سیاسی. بەڵام خۆپیشاندان ئەوكاتە شەرعیەتی دەبێ كە بێ لایەن بێ و هەڵقوڵاوی خواست و هەڵگری پەیامی راستەقینەی هاوڵاتیان بێ، گوزاشت لە داواكارییەکانی خەڵك بكا لە پێناو بەرهەمهێنانەوەی بەهای كۆمەڵایەتی و سیاسی نەوەك لە پێناو بەدیهێنانی مەرامێكی حزبی بێ بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی داھات و سەروەت و سامان، هەر بۆیەش خەڵكی ئەم هەرێمە ئەزمونێکی تاڵیان هەیە لەگەڵ خۆپیشاندان دا لەسایەی بەڕێلابردنی خۆپیشاندانەكان و بەكارهێنیان بۆ ئامانجی حزبی.

مایەی نیگەرانیە كە هەركاتێ حزبێكی سیاسی نەیتوانی لە گۆرەپانی سیاسیدا دەسەڵات و دەسكەوتەكانی بپارێزێ، پەنا بباتە بەر خەڵك و دەنگی شەقام بەكاربهێنێ لەپێناو سەپاندنی داواكارییەكانی خۆی و خاوەندارێتی خۆپیشاندانەكە بگرێتە ئەستۆ.

لە ئێستا دا، راستە كە بارودۆخی ئابووری خەڵك بە شێوەیەكی گشتی لە هەموو جیهان و لە كوردستانیش سەقامگیر نیە. گوزەرانی خەڵك باش نیە، مافی ئاسایی هەر تاكێكە ناڕەزایی خۆی دەرببڕێ وەك هاوڵاتیێكی خاوەن ماف، بەڵام تێكدان و شێواندنی سەقامگیری هەر شارێكی كوردستان لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێك نیە جگە لەو لایەنانەی كە تموحی دەسەڵات و شەڕی مانەوە دەكات. كابرا لە سلێمانی و ناوچەكانی دەورووبەر لەناو جەرگەی گەندەڵی هێزی ئەوەی نیە هەڵسێ دژی دەسەڵاتدارانی ئەوێ ڕابپەڕێ، كەچی دەیەوێ خەڵك لە هەوڵێرەوە ڕابپەڕێنێ، لە جیاتی ئەوەی لەوێ پێشڕەوی خۆپیشاندان بێ كەچی لەپشت مۆبایلێكەوە پێشڕەوی ناڕازایەتی و ڕاپەرین دەكا...!

زۆر ئاشكرایە، ئەم دەهۆڵ لێدانە تەنها دەهۆڵی لایەنێكی حزبیە و بۆ مەرامێكی حزبیشە..! ئەوانەی ئێستا بانگەشەی خۆپیشاندان و تێكدانی ئارامی هەولێر دەكەن لە ژێر هوتافی چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی، بەڵام خودی خۆیان ڕێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی ریفۆرمی ئابوری و سیاسی و ئەو دروشمانەی كە دەیانەوێ خەڵكی پێ چەواشە بكەن...! ئیتر با بەس بێ، چیتر خەڵك مەكەنە ئامرازی یەكلاكردنەوەی گەمەسیاسی و ئەجێندا حزبیەكانتان، ئەگەر فعلەن لەم بارودۆخەی ئێستا ناڕازین سەرەتا لەخۆتانەوە دەست پێ بكەن كەس دەستی نەگرتوون.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.