Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:44

نوقڵانەی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا

ئەركێكی دیكەی سەرشانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كە پرسی لێخۆشبوون لە كرێی خانوو و فرۆشگا و دوكان و تا دوایی، بكاتە بڕیار
ئومێد بابان
100%

بڕیار و رێنمایی و رێوشوێنەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، جێگای دەستخۆشین، بەڵام بۆ دەربازبوون و سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر شەڕی سایكۆلۆژی و ئابووری و دێوەزمە مەترسیدارەكەی كۆرۆنادا، راسپاردە و بڕیاری دیكەی سەرەكی و حەیاتی پێویستن.

 

ئەو دۆخە نەخوازراوەی بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ناوچەكە و جیهاندا هاتووەتە ئاراوە، ئەركی حكوومەت و هاووڵاتی قورستر دەكەن و پێویستیشە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، تا بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەك ئەو دۆخەش بە سەلامەتی تێپەڕێنین.

 

بە پلەی یەكەم، ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ئەوەیە، دەست بە دابەشكردنی مووچە بەسەر فەرمانبەراندا بكاتەوە، بە جۆرێك كە كاریگەری بەسەر رێوشوێن و رێنماییەكانی خۆپاراستن لە (كۆڤید 19) نەبێت و ئەمەش دەكرێ بە سەرپەرشتی و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت و لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانیش رێكاری پێویست بگیرێتە بەر و هەرچی زووە مووچە دابەش بكرێت، چونكە خەڵك بە گشتی لە قەیرانێكی ئابووریی قووڵدان و ژیان تا رادەیەكی زۆر قورس و سەخت بووە.

 

نابێ بیرمان بچێت، ئەركێكی دیكەی سەرشانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كە پرسی لێخۆشبوون لە كرێی خانوو و فرۆشگا و دوكان و تا دوایی، بكاتە بڕیار و بە نووسراوی فەرمی خاوەن موڵك و خانووەكان ناچار بكرێن بەلای كەمەوە دوو مانگ لە سەرجەم كرێنشینان خۆش بن، كە بەمەش باری سەرشانی هاووڵاتیان كەمێك سووكتر دەبێت.

 

بێگومان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەش، پێویستمان بە كاری دەستەجەمعی هەیە، كە لەو دەلاقەیەشەوە دەكرێ داوا لە خەڵكی سەرمایەدار و خواپێداو و دەوڵەمەند بكرێت، وەك ئەركێكی ویژدانی و ئینسانی و ئایینی، هەرچی لە توانایاندا هەیە، هاوكاریی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت بكەن و خەمێك لە خەمەكانیان كەم بكەنەوە، كە دەشێ ئەوەش بە بەرنامە بێت و هەموو ئەوانەی دەستكورت و نەدارن، لە بەخشین و كۆمەكی خێرخوازان سوودمەند بن.

 

لێرەشەوە بە پێویستی دەزانین، داوا لە سەرجەم كۆمپانیاكانی پەیوەندی بكەین كە نرخەكانی پەیوەندی بۆ نیوەی نرخی ئێستا دابەزێنن و دەشكرێ بە شێوەیەكی كاتی نرخەكانی پەیوەندیكردن بە مۆبایل و هەروەها بەكارهێنانی ئینتەرنێت بەخۆڕایی بێت، تا ئەو كاتەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكەوێتەوە سەر سكەی خۆی.

 

هەروەها پێویستیشە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاودێرییەكی چڕ بخەنە سەر بازاڕ و رێگا نەدەن خەڵكانێكی هەلپەرست و چاوچنۆك، بە ئارەزووی خۆیان نرخی كاڵاكان بەرز بكەنەوە، بۆ ئەمەش سزای توند دابنرێت و هەر كەسێك نرخی كەلوپەلی گران كرد، دەست بەسەر كاڵاكانیدا بگیرێت و بەسەر خەڵكی هەژار و لێقەوماودا دابەش بكرێت و بۆ چەند هەفتەیەكیش شوێنەكانیان دابخرێن.

 

دەمێنێتەوە سەر هاووڵاتیانیش، كە ئەو پەتایە زۆر بە جددی وەربگرن و هەموو لایەكمان پابەندی بڕیار و رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ بین لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گشتیدا، كە بێگومان ئەو دۆخەش كاتییە و دوای پەیڕەوكردنی بڕیار و رێنماییەكان، هێندە ناخایەنێت كە لە سەرجەم پارێزگا و شار و شارۆچكە و گوند و ئاواییەكان، پێكەوە نوقڵانەی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا دەبەخشینەوە و ژیانیش وەك پێشوو ئاسایی دەبێتەوە.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.