Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 12:20

حیزبایەتی لە سەردەمی کۆڕۆنا دا

دەبوایە حیزبەکان بە هەموو شێوە و شێوازێک هاوکار و پاڵپشتی حکومەت بن
ئاسۆ حاجی
100%

دەڵێن کۆڕۆنا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یەکخست و لە وڵاتان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی یەکهەڵوێست کرد و بووە هۆی وەستانی شەڕ لە زۆر شوێن،تەنها لە هەرێمی کوردستان نەبێ شەڕی سیاسی گەرمتر و توندتر کردووە،لەوەش سەیرتر ئەو لایەنانەی حکومەتیان پێکهێناوە و وڵات بەڕێوەدەبەن کەوتوونەتە وێزەی یەکدی و هەزار و یەک بەهانە دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر حکومەت و بە کەمتەرخەم و بێ پلان نیشانی بدەن و ئەوە کێماسیە و خەوشەش بە حیزبە هاوپەیمانەکانیان ساغ بکەنەوە.

دەبوایە وێنەکە پێچەوانە بێت،پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە تەواوکەری یەکدی بن و یەک دەست روبەڕوی ئەو دۆخە ترسناکە ببنەوە،نەک لەبەر ئەوەی سەرۆکی حکومەت پارتیە و وەزیری دارایی گۆڕانە یەکێتی وەک ئۆپۆزسیۆن و دژە دەسەڵات هەڵسوکەوت بکا و فشار دروست بکات و باری حکومەت گران بکات لە کاتێکدا جێگری سەرۆک وەزیران یەکێتیە و ژمارەی وەزیرەکانی لە گۆڕان زیاترە و وەک وەزیرێک لە پارتی کەمترە،لایەنە ئیسلامیەکانیش دروست نیە بە هاندانی سۆزی خەڵک هەوڵی کۆسپ دروست کردن بدەن لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان،چوونکە لە کۆتاییەکەی هاوڵاتیان قوربانین و باجی ئەو ململانێیە دەدەن.

دەبوایە حیزبەکان بە هەموو شێوە و شێوازێک هاوکار و پاڵپشتی حکومەت بن لایەنی کەم خەرجی ئەو مانگەی بارەگاکانیان و ئیمتیازاتی بەرپرسەکانیان کە پێویستە لە ماڵەوە بن نەک کار،هەروەها دەبوایە ململانێی یەکتری بکەن کا کیهانیان زیاتر هاوکاری حکومەت دەبێ نەک کامەیان زیاتر دژایەتی دەکات،داخستنی دەزگا میدیایەکانیان کە پارەیەکی یەکجار زۆریان پێویستە و پێشکەش کردنی بە حکومەت رەنگە وای کردبا وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی پارەی بەغدا نەکات هەتا موچەی فەرمانبەران بدات،یان لایەنی کەم ئەو کورت هێنانەیان پڕ دەکردەوە کە رەنگە بەهۆی دابەزینی نرخی نەفت لە داهاتی مانگانە دروست بووبێ،نەک ئاراستەی میدیاکانیان بە هێرش کردنە سەر کارەکانی حکومەت وەربگێڕن و زیاتر بێ ئومێدی و ترس لە ناو خەڵک بڵاو بکەنەوە.

تێپەڕاندنی ئەو دۆخە گیانێکی مرۆڤدۆسانە و مامەڵەیەکی بە ویژدانانەی دەوێ نەک قوڵکردنەوەی قەیرانەکە و هەوڵدان بۆ ماندوکردنی نەفسیەتی خەڵک،حیزبەکان دەتوانن بە ئاراستەکردنی خەڵک بە مانەوە بە ماڵەکانیان و پێگیری کردن بە بڕیار و رێنوماییەکان هاوکارێکی باشی حکومەت بن،چونکە ئەوە راستەقینەی کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە ئەوەندەی بە قسەی حیزب دەکەن بە قسەی حکومەت ناکەن،چونکە کۆمەڵگەیەکین تەواو بە حیزبی کراوین،کادیر و ئەندامان هەیە نەک تاک و هاوڵاتی.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.