Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:53

نه‌وتی قامیشلۆ ئاواته‌ به‌دی نه‌هاتووه‌که‌ی ئه‌ردۆغان

 توركیا و رووسیا لێدوانی جیاوازیان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌
100%

ئه‌ردۆغان كه‌ سه‌ره‌تا پاساوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی توركیای بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی خۆی له‌ سووریا و رۆژئاوای كوردستان ده‌هێنایه‌وه‌، له‌ هه‌ر دوو ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ر عه‌فرین و دواتریش ئۆپه‌راسیۆنی سه‌رێ كانی و گرێ سپی، له‌ پاڵ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا، پرسی رێگریكردن له‌ دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی و كردنه‌وه‌ی كریدۆری به‌حری سپی به‌ رووی كورددا خستبوو رۆژه‌ڤه‌وه‌ و له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا هه‌م سێ شاری گه‌وره‌ی رۆژئاوای كوردستانی ( عه‌فرین، گرێ سپی و سه‌رێ كانی) داگیركرد و له‌ رێگه‌ی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ جیهادییه‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان پێیان (قوای میللیه‌) ده‌ڵێت ده‌ستی به‌ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئه‌و ناوچه‌ كوردییانه‌ كرد.

دواتر تێكچوونی دۆخی ئیدلێب و هێرشه‌ راسته‌وخۆییه‌كانی سووریا بۆ سه‌ر سوپای توركیا دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد و پێگه‌ی توركیا و جیهادییه‌كانی نزیك له‌ توركیای له‌ ناوچه‌كه‌دا لاوازتر كرد.

 كۆنترۆڵ كردنی رێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیم 5 و باكوور و رۆژئاوای حه‌له‌ب، كۆنترۆڵ كردنی (سه‌راقیب) و به‌شێكی  رێگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی ئیم چوار و پێشڕه‌وی هێزه‌كانی سووریا له‌ ناوچه‌ی زاوییه‌، پێگه‌ی توركیا و جیهادییه‌كانی سه‌ربه‌ توركیای له‌ ناوچه‌كه‌دا خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

 هه‌ر چه‌ند ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ زۆر له‌ ناوبردنی سوپای سووریای كردبوو، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئه‌نجام بدات و رژیمی سووریا ناچار به‌ پاشه‌كه‌ش كردن بكات.

دۆخی ئاڵۆزی ئیدلێب و هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی سووریا، ئه‌ردۆغانی ناچار كرد سه‌ردانی رووسیا بكات و له‌گه‌ڵ پۆتین بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخه‌كه‌ كۆ ببێته‌وه‌. رۆژی 5ی ئادار كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامدرا. كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ بێ رێزییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی دیپلۆماتیكی به‌ شاندی توركی ده‌ستی پێكرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ شاندی توركی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆغان بۆ ماوه‌ی دوو خۆله‌ك له‌ به‌رده‌م ژووری سه‌رۆكی رووسیا ڤیلادیمیر پۆتیندا راگیرا، له‌ كاتی ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌كه‌یشدا شاندی یاوه‌ری ئه‌ردۆغان له‌ به‌رامبه‌ر پوتیندا ده‌ست به‌سینه‌ له‌سه‌ر پێ راگیرابوو.

بڕیاربوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخه‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌ به‌ڵام نه‌ته‌نیا چاره‌سه‌ر نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو زه‌مینه‌ بۆ ئاڵۆزتر كردنی دۆخه‌كه‌ خۆش كراوه‌.

 توركیا و رووسیا لێدوانی جیاوازیان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌، توركیا ده‌ڵێ رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستمان ئیمزا كردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا رووسیا ده‌ڵێ بڕیاردراوه‌ هه‌ر جۆره‌ چالاكییه‌كی سه‌ربازی له‌ ئیدلێب رابگیردرێت، ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ی توركیا بێت و ئاگربه‌ست راگه‌ینرا بێت، ئایا ئه‌م ئاگربه‌سته‌ له‌ نێوان كێدا راگه‌ینراوه‌، ئایا سووریا و توركیا پێكه‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان ئیمزا كردووه‌ یانا؟

 ئه‌وه‌ی دیاره‌ ئاگربه‌ست له‌ ئارادا نییه‌ به‌ڵكو راگرتنی چالاكی سه‌ربازیی له‌ ئارادایه‌، راگرتنی چالاكی سه‌ربازیش به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ شه‌ڕ دووباره‌ ده‌ست پێ ناكاته‌وه‌ به‌ڵكو به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی راگیراوه‌ و هه‌ر كات ئه‌گه‌ری ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی له‌ ئارادایه‌.

خاڵی گرنگتر له‌ ئیدلێب و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر كردنی دۆخی ئیدلێب، پرسی ویست و خولیای ئه‌ردۆغانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ نه‌وتی قامیشلۆ، ئه‌ردۆغان كه‌ پێشتر بیانووی ئاسایشی نیشتمانی، كریدۆری كوردی و ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌هێنایه‌وه‌، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌ورووپا بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی كۆچبه‌ران ده‌ریخست كه‌ مه‌به‌ستی ئه‌ردۆغان پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی توركیا نییه‌ به‌ڵكو دژایه‌تی كردنی كورد و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی سه‌رچاوه‌ وزه‌ییه‌كانی به‌شێكی كوردستانه‌.

 ئه‌ردۆغان له‌ رووسیا داوای له‌ پوتین كردووه‌ نه‌وتی قامیشلو پێكه‌وه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و له‌ سایه‌ی داهاتی نه‌وته‌كه‌دا ماڵ بۆ ئاواره‌كانی سووریا له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست بكه‌ن، هه‌ر چه‌ند پوتین ئه‌م داوایه‌ی ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت به‌ یه‌ك تیر چه‌ند نیشانه‌ بپێكێت، یه‌كه‌م كورد له‌ زێدی خۆی ئاواره‌ بكات و عه‌ره‌ب، توركمان و خانه‌واده‌ی جیهادییه‌ بیانییه‌كان له‌سه‌ر زێدی كورد به‌جێ بكات.

 دووه‌م: ده‌ستی بگاته‌ ناوچه‌ نه‌وتییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان تا به‌مجۆره‌ دۆخی داڕماوی ئابووری خۆی باشتر بكات، سێیه‌م: له‌ رێگه‌ی داهاتی نه‌وتی ناوچه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات بۆ گرووپه‌ جیهادییه‌كانی ژێر فه‌رمانی خۆی دابین بكات.

ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد ترامپیش باسی ئه‌م بابه‌ته‌ی كردووه‌، ده‌گوترێت كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا نه‌رمی به‌رامبه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ نواندووه‌ به‌ڵام وه‌زاره‌تی به‌رگری و سوپای ئه‌مریكا له‌ دژی ئه‌م پێشنیاره‌ وه‌ستانه‌ته‌وه‌.

بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ پوتین و دۆناڵد ترامپ باسی نه‌وتی ناوچه‌ كوردییه‌كان و كۆنترۆڵ كردنی ئه‌و نه‌وته‌ی كردووه‌، ئه‌ردۆغان له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌ورووپایش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا ئه‌م پرسه‌ی گفتوگۆ كردووه‌ به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌ورووپا، پێشنیاره‌كه‌ی ئه‌ردۆغانیان بۆ كۆنترۆڵ كردنی نه‌وتی قامیشلۆ ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆنسه‌ی ئه‌ورووپادا داوای پاره‌ی كردووه‌ و گوتوویه‌تی: چۆن هاوكاری یونان ده‌كه‌ن پێویسته‌ به‌مجۆره‌یش هاوكاری توركیا بكه‌ن و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌ده‌ن به‌ یونان بده‌ن به‌ توركیایش به‌ڵام پێویسته‌ پاره‌كه‌ راسته‌وخۆ راده‌ستی حكوومه‌ت بكرێت نه‌ك راده‌ستی ناوه‌ند و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ خێرخوازییه‌كان، به‌ڵام ئه‌ورووپاییه‌كان هه‌ر دوو پێشنیاره‌كه‌ی ئه‌ردۆغانیان ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌ردۆغا ناچار بووه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆنسه‌ی ئه‌ورووپا به‌ نیوه‌چڵی به‌جێ بهێلێت.

ئه‌وه‌ی دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هه‌موو هه‌را و هووریای ئه‌ردۆغان له‌ سووریا ته‌نیا بۆ سێ مه‌به‌ست بووه‌، رێگریكردن له‌ دروستبوونی كرێدۆر و ده‌وڵه‌تێكی كوردی، گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه‌كه‌ و گه‌یشتن به‌ ناوچه‌ نه‌وتییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان. هه‌ر چه‌ند ئه‌ردۆغان تا راده‌یه‌ك توانی به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی رێگری له‌ دروستبوونی كریدۆری كوردی بگرێت و دیموگرافیای ناوچه‌كه‌ بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیار و به‌رچاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆلیای ئه‌ردۆغان بۆ گه‌یشتن به‌ نه‌وتی قامیشلۆ، نه‌ته‌نیا خه‌یاڵه‌ به‌ڵكو ئه‌گه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لادانی ئه‌ردۆغانیشی به‌ دواوه‌یه‌.

ئه‌رده‌لان گۆران.

 

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.