Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:50

له‌ داڤۆس نێچیرڤان بارزانی سه‌رکرده‌ ژیره‌که‌ى رۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌ ناسه‌قامگیرییه‌که‌ ده‌ده‌وێ

دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك دۆناڵد تڕه‌مپ دا هه‌یه‌
100%

باس باسی كۆڕبه‌ندی ساڵانه‌ی ئابووری داڤۆس و به‌شداری فه‌رمی و كارای نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ په‌نجاهه‌مین دیداری ساڵانه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، به‌رێزیان ئه‌مساڵ له‌ نێو ده‌یان سه‌ركرده‌ و به‌رپرسی باڵای جیهانیدا، یه‌كێكن‌ له‌و سه‌ركرده‌ به‌شداره‌‌ دیارانه‌ی كورد و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست كه به ‌بابه‌ت و گوتار به‌شدارێكی كارای پانێڵی (رۆژهه‌ڵاتی ناسه‌قامگیر) ده‌كات. 

هه‌ر له‌ داڤۆس دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌راوێز و له‌ نێو ژووره‌كان، چه‌ندین دیداری گرنگ و بایه‌خداریشی هه‌یه‌. له‌كاتێكدا ئه‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌ی په‌راوێزی داڤۆس گرنگی و بایه‌خیان له‌ میتینگه‌كاندا زیاتره‌ له‌و دیدارانه‌ی هه‌ن، گرنگترینیان وه‌ك كۆشكی سپی ئه‌مریكایش رایگه‌یاندووه‌ دیداریه‌تی له‌گه‌ڵ دۆ‌ناڵد تڕه‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا.

له‌وه‌ته‌ی داڤۆس ساڵانه‌ ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ی خۆی سازده‌كات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تییه‌ سیاسییه‌كه‌ی له‌ ساڵی 2014 وه‌ ئاشنای ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ ئابوریه‌ جیهانییه‌ بووه‌و به‌هۆی به‌شداربوونی كارای سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ ساڵی 2014 و گوتاره‌ گرنگه‌ مێژووییه‌كه‌ی له‌ پانێڵه‌كه‌ی ئه‌و ساڵه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، ناوه‌نده‌ گرنگه‌ بڕیار به‌ده‌سته‌كانی جیهان، هه‌ر له‌ ناوه‌ندی میدیایی و سیاسییه‌وه‌ تا ناوه‌ند و سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی بواره‌ جیاجیاكان، باشتر و وردتر ئاشنای بارودۆخی كوردستان و پرسی سیاسی و ئابوری و ژێرخان وسه‌رخانی ناوچه‌كه‌ و گرفته‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی بوونه‌.

له‌وساوه‌ له‌ سۆنگه‌ی به‌شداری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌دیدار و میتینگه‌كانی داڤۆسدا، ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی جیهان خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیع بینانه‌تر و وردتر بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی وا به‌ئاسانی‌ ناچێته‌ ژێر ئاراسته‌ی هاوكێشه‌ جیۆسیاسی و گه‌شه‌ی ئابووری و پرنسیپه‌ نه‌گۆڕه‌ به‌رنامه‌ بۆ دارێژراوه‌كان و ئه‌و ناوچه‌یه‌ی هه‌ڵئاوساوترین ناوچه‌ی جیهانه‌ به‌ پێشهات و رووداوی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی له‌ناكاوی دوور له‌ پێشبینی و به‌رنامه‌ و پلان  و نه‌خشه‌به‌ندی. 

سه‌رۆك بارزانی جگه‌ له‌ ئاماده‌نه‌بوونی له‌ داڤۆسی 2016 له‌به‌ر توندوتیژی شه‌ڕ و په‌لامار و هێرشه‌كانی داعشدا كه‌ نه‌ده‌كرا سه‌رۆك و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ره‌كانی شه‌ڕ به‌جێبێڵێ، ئه‌و چه‌ندین جاره‌ی به‌رێزیان به‌شداربوو به‌ گوتار و میتینگه‌كانی، داڤۆسیه‌كان به‌ سه‌رۆك و به‌رپرسێكی باڵای ستراتیژبینی ئاشكراگۆی ئازاو قاره‌مان و ئاشتی پارێزی میانڕه‌وی خاوه‌ن دۆز و پرسی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئاشنابوون. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ش ئاشنای زیاتری پرسی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ی گه‌لی كورد بوون كه‌ قه‌ده‌ری وابووه‌ دانیشتوان و هاوڵاتی ره‌سه‌نی نیشتیمانێك بێت له‌ ناوچه‌یێك، كه‌ ناوچه‌یه‌كی ناسه‌قامگیری ته‌ژی له‌ هزری شۆڤینی و یه‌كتر قبوڵنه‌كردن و باڵاده‌ستی هزری نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بى و تایفه‌گه‌رایی توندڕۆییه‌.

ئه‌وسا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ داڤۆسی 2014 تا 2017 وه‌ك ژماره‌یه‌ك له‌نێو ژماره‌ گرنگ و مه‌زنه‌كاندا‌، گوتار و میتینگه‌كانی به‌هه‌ند و بایه‌خ  وه‌رگیراوی  ‌داڤۆسه‌ و بۆته‌ سه‌رچاوه‌و بنه‌مای كاری ستراتیژیش بۆ زۆر لایه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌دا.

ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناونیشانی تازه‌ی  سه‌ركرده‌یه‌كی كوردستانی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌و رێگا بۆ درێژه‌پێدانی هه‌مان  رێباز و مه‌به‌ست و ئامانجی  سه‌رۆك بارزانی له‌ 20-1- 2018 وه‌ له‌داڤۆسه‌.

نێچیرڤان بارزانی وه‌ك ئه‌و ناونیشانه‌ی نیكۆڵای میلادینۆف، هه‌ماهه‌نگكاری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین پێی به‌خشیوه‌و به‌ سه‌ركرده‌ی ژیری رۆژهه‌ڵاتی ناوین، ناوی دێنێ، وا ئه‌وجاره‌یش له‌ داڤۆسه‌، له‌ رۆژی 21-1-2020 دا له‌ خولی په‌نجاهه‌مین كۆربه‌ندی ئابووری جیهانه‌، له‌ نێو ده‌یان  سه‌ركرده‌ و به‌رپرسی باڵای جیهان ئاماده‌بوونێكی كاراو چالاكی ده‌بێ.

ئه‌و، نێچیرڤان بارزانی سه‌ركرده‌ی ژیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، بۆ ناوچه‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناسه‌قامگیر) گوتاری هه‌یه‌ و قسه‌ی خۆی ده‌كات.

ئه‌و، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌راوێزی داڤۆس و له‌ ژووره‌ تایبه‌تییه‌كانی ئه‌وێ دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ل گه‌وره‌ به‌رپرسان و سه‌رۆكه‌كانی مه‌زن و گه‌وره‌ بزنسمان و چالاكوانانی دیار، له‌ كۆبوونه‌وه‌و میتینگدا ده‌بێ، دیارترینیان دیدار وكۆبوونه‌وه‌یه‌تی له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك دۆناڵد تڕه‌مپ دا.

وا ئه‌و جاره‌ش كورد له‌ داڤۆس قسه‌ی خۆی ده‌كات، وا پێویست ده‌كات ئه‌مریكا و داڤۆسییه‌كان ئه‌وجاره‌ باشتر گوێی لێ بگرن و گوێڕایه‌ڵ بن. ئیتر به‌سه‌ با كاتی ئه‌وه‌ به‌سه‌ر بچێ، چیتر خواستی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ زوڵملێكراوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناسه‌قامگیر نه‌بێته‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان. 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.