Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:21

له‌م دۆخه‌دا مه‌رجى سه‌رکه‌وتنى کورد یه‌کگرتنه‌

هه‌ر چه‌ند كورد یاریكه‌ری سه‌ره‌كی نییه‌ به‌ڵام فاكته‌ری خه‌تی پێشه‌وه‌ی یارییه‌كه‌یه‌
100%

گۆله‌ لێڵاوه‌كه‌ی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌ عێراق شڵه‌قییا، هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران له‌ یه‌كترى له‌ عێراق خرانه‌ بواری پراكتیكییه‌وه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی نێو عێراقیش ورده‌ ورده‌ رووی راسته‌قینه‌ی خۆیانیان وه‌ده‌ر خست.

تا پێش هێرشی سه‌ر بالیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ نه‌ده‌كرا شڵقانی گۆله‌كه‌ به‌مجۆره‌ له‌ ناكاو و توند بێت. به‌ڵام پلانی ئێران بۆ داگیركردنی بالیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ كاتی شۆڕشی ئێران له‌ تاران روویدا، دۆخه‌كه‌ی به‌ یه‌كجاری ئاڵۆزتر كرد و ئه‌مریكای ناچار كرد بێده‌نگییه‌ سامناكه‌كه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ ئێران و لایه‌نگرانی ئێران له‌ عێراق و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچكه‌دا بشكێنێت.

قاسم سلێمانی به‌ جیا له‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی ئێران بوو، هاوكات ئه‌ندامێكی ده‌ستڕویشتووی ئیتلاعاتی ئێران بوو كه‌ هه‌موو پڕۆژه‌ و پلانه‌ ستراتیژییه‌كانی ئیتلاعاتی ئاماده‌ و جێبه‌جی َ ده‌كرد. پلانی هێرش كردنه‌ سه‌ر بالیۆزخانه‌ی ئه‌مریكایش بیرۆكه‌ی خودی سلێمانی بوو، سلێمانی له‌ كاتی هێرشی سه‌ر بالیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ لوبنان بوو له‌وێیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی هێرشه‌كه‌ی ده‌كرد و له‌ لوبنانیش له‌گه‌ڵ حزبوڵلای لوبنان پلانیان بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل و پێگه‌كانی ئیسرائیل داده‌نا. به‌ڵام قسه‌یه‌كی پێشێنیانی كورد هه‌یه‌ ده‌ڵێ (چاڵ كه‌ن له‌ بێخی چاڵه‌) قاسم و داروده‌سته‌كه‌ی نه‌یانتوانی چێژی سه‌رخستنی پلانه‌كه‌یان وه‌ربگرن، پێش ئه‌وه‌ی بالیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا داگیربكه‌ن، له‌ به‌غدا له‌ لایه‌ن ئه‌مریكایه‌وه‌ كوژران.

 كوشتنی سلێمانی و ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس، گورزێكی كوشنده‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو بۆ ئێران و بۆ  عێراقیش. هیچ كامیان چاوه‌ڕوانی گورزێكی به‌مجۆره‌یان نه‌ده‌كرد.

 هۆكاری گرنگی قاسم سلێمان بۆ ئێران و عێراقی شیعه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سلێمانی ئه‌ندامی به‌ره‌ی قوتابیانی په‌یڕه‌وی خه‌تی ئیمامه‌( باڵێكی خوێندكارانی توندڕه‌وی ئێرانییه‌، راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن رابه‌ری ئێرانه‌وه‌ فه‌رمان وه‌رده‌گرێت). سلێمانی بونیادنه‌ر و جێبه‌جێكاری پڕۆژه‌ی هیلالی شیعه‌ بوو، هه‌روه‌ها گه‌وره‌ترین به‌رپرسی باڵی سه‌ربازی ئیتلاعاتی ئێران و نوینه‌ری سوپای ئێران بوو له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ كوشتنی قاسم سلێمانی و مه‌هدی موهه‌ندیس كه‌ له‌گه‌ڵ سوپای ئێران 8 ساڵ شه‌ڕی دژی عێراقی كردبوو و قوتابی سلێمانی و په‌یڕه‌وی خه‌تی ئیمام بوو، هه‌م بۆ دامه‌زراوی سه‌ربازی و ئیستیخباراتی ئێران و هه‌م بۆ دامه‌زراوه‌ی سیاسی و دامه‌زراوه‌ی وه‌لایه‌تی فه‌قی گورزێكی جه‌رگ بڕ بوو.

دوای ئه‌م گورزه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌، له‌ ژێر گوشاره‌كانی ئێراندا دوینێ په‌رله‌مانی عێراقیش هه‌نگاوێكی زۆر باشی نا و بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكای له‌ عێراق ده‌ركرد.

ده‌ركردنی ئه‌م بڕیاره‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، زۆر شتی بۆ ئه‌مریكا روون كرده‌وه‌، یه‌كه‌م شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌لماندی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق له‌ ژێر كۆنترۆڵی ئێراندان و ئێران چۆنی بییه‌وێت ئاوا ده‌یانجووڵێنێت، خاڵی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ عێراق لایه‌نه‌كان به‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی سیاسی خۆیانیان ده‌ربڕی و لایه‌نگریی خۆیانیان نیشاندا. بێجگه‌ له‌ شیعه‌كان، به‌شێك له‌ سوننه‌كانیش به‌ ده‌نگدان به‌و پڕۆژه‌ بڕیاره‌ له‌ دژی ئه‌مریكا پشتگیرییان له‌ ئێران كرد.

 ئه‌م هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مانی عێراق په‌یامێك بوو بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی سه‌ربه‌ ئێران له‌ وڵاتانی دیكه‌ وه‌كو لوبنان، یه‌مه‌ن، سووریا و وڵاتانی كه‌نداو كه‌ كاتی یه‌كگرتن له‌ پێناو سه‌ر خستنی پڕۆژه‌ی هه‌نارده‌ كردنی ئایدئۆلۆژیای شیعه‌ی سیاسی به‌ رابه‌رایه‌تی ئێرانه‌.

بێگۆمان ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری یه‌كجار زۆری له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌مریكا ورده‌ ورده‌ له‌ پاڵ وه‌شاندنی گورز له‌ ئێران، حه‌سابی ئه‌و لایه‌نانه‌یش ده‌كات. ره‌نگه‌ له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ گورزیان لێ نه‌وه‌شێنێت به‌ڵام له‌ رووی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ به‌ یه‌كجاری لاوازیان ده‌كات.

 بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ هاوسه‌نگی سیاسی و سه‌ربازی له‌و وڵاتانه‌یش به‌ هۆی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ لایه‌نه‌كانی سه‌ربه‌ ئێران گۆڕانی زۆر گه‌وره‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت.

شه‌ڕی گه‌وره‌ و وێرانكه‌ر له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران روو نادات به‌ڵام لێدان و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و راده‌یه‌ كه‌ عێراق پارچه‌ ده‌كرێت و ئێرانیش لاوازتر و بێ ده‌سه‌ڵاتر ده‌كرێت.

 بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ ئه‌مریكاییه‌كان زۆر شتی روون كرده‌وه‌، بۆ نموونه‌ وای له‌ ئه‌مریكا كرد كه‌ پێداچوونه‌وه‌ی جدی به‌ هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كورد و دۆزی كورد بكات و كارتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانی بخاته‌ سه‌ر مێزی خۆیه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا ناچاره‌ عێراق پارچه‌ بكات و ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ بۆ رزگاری و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ی سه‌رف كردووه‌، به‌ پاك و خاوێنی راده‌ستی ئێران نه‌كات.

ئه‌مریكا ناچار ده‌بێت به‌شی شیعه‌ی عێراق كه‌ ده‌بێته‌ به‌شێكی وێران كراوی پڕ له‌ كێشه‌ بۆ ئێرانێكی لاواز كراوی داڕماو به‌جێ بهێلێت، له‌ به‌رامبه‌ردا كوردستانێكی ئارام و به‌هێز به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات.

 هێزه‌ سه‌ربازی و دیپلۆماتیكییه‌كانی خۆی ده‌گوازێته‌وه‌ كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ لایه‌نی سوننه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ له‌ دژی ئێرانن، به‌هێزتر ده‌كات، كورد و سوننه‌ ده‌كاته‌ دوو ده‌راوسێ باش و سازگار.

 له‌ سووریایش به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌مه‌و به‌دواوه‌ ئه‌مریكا گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر رژیمی به‌شار ئه‌سه‌د زیاتر ده‌كات، كورد، مه‌سیحی، سوننه‌ و عه‌له‌وییه‌ دیموكراته‌كانی سووریا له‌ به‌رامبه‌ر رژیمی سووریا به‌هێزتر ده‌كات، به‌شێكی گچكه‌ی باشووری سووریا كه‌ به‌شێكی ده‌ورپێچ كراو ده‌بێت بۆ شیعه‌كانی سووریا به‌جێ ده‌هێلێت، ئه‌م به‌شه‌ هه‌م له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ و هه‌م له‌ رۆژئاوایه‌وه‌ به‌ هاوپه‌یمانی به‌هێزی ئه‌مریكا ده‌ورپێچ ده‌كرێت.

ده‌ورپێچه‌ سیاسی و جوگرافییه‌كه‌ به‌ جۆره‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ په‌یوه‌ندی له‌ نێوان لوبنان، سووریا و عێراقدا به‌ تایبه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان شیعه‌كان به‌ یه‌كجاری ده‌پچڕێنێت و به‌مجۆره‌ هیلالی شیعه‌ به‌ ته‌مامی له‌ ناو ده‌چێت.

له‌م دۆخه‌ شڵه‌ ژاوه‌دا كورد هه‌ر چه‌ند یاریكه‌ری سه‌ره‌كی نییه‌، به‌ڵام فاكته‌ری خه‌تی پێشه‌وه‌ی یارییه‌كه‌یه‌، هاوسه‌نگی یارییه‌كه‌ به‌ جۆره‌یه‌ك گۆڕاوه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، ده‌رفه‌تی زۆر گرنگی بۆ كورد ره‌خساند، بۆیه‌ پێویسته‌ كورد یه‌ك ده‌نگی و یه‌كگرتوویی خۆی هێقمتر بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سوود له‌م یارییه‌ وه‌ربگرێت. سه‌ناتۆر ماركۆ رۆبیۆ كه‌ وه‌كو هێزی قووڵی كۆمارییه‌كان له‌ نێو كۆنگرێسی ئه‌مریكادا قسه‌ ده‌كات، باس له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات.

 حكوومه‌تی ئه‌مریكا كاتێك بییه‌وێت پڕۆژه‌یه‌ك بخاته‌ روو تا ئاگاداری ره‌نگدانه‌وه‌كانی بێت، له‌ رێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ سه‌ناتۆرانه‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ ده‌خاته‌ روو، ئه‌گه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی هه‌بوو، خۆی لێ دوور ده‌خاته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات.

بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق وای له‌ ئه‌مریكا كرد كه‌ سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كورد بگۆڕێت و ئه‌وه‌ی تا ئێستا بۆ كورد نه‌یكردووه‌، بیكات.

 ئه‌مریكا تا ئێستا له‌ دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو، به‌ڵام بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق، بۆ كورد زۆر باش بوو چونكه‌ ئه‌مریكای كرده‌ سه‌ربه‌خۆخواز بۆ كورد و بێگۆمان ئه‌مریكا له‌م روویه‌وه‌ كاری یه‌كجار گرنگ و جدی ده‌كات.

 بۆ نموونه‌ هێڵی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ ده‌گۆڕێت و هێڵی نوێ گواستنه‌وه‌ی وزه‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی وزه‌ له‌ دوو به‌شی كوردستاندا تێده‌په‌ڕێت و ده‌گاته‌ سه‌ر ده‌ریا، ئه‌مه‌یش بۆ بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری و خێراتر كردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان فاكته‌رێكی یه‌كجار گرنگه‌،  بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت و كورد بگاته‌ ئاواتی له‌ مێژینه‌ی خۆی، تاقه‌ شتێك كه‌ پێویسته‌ كورد بیكات یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك رێزییه‌.

 كورد ده‌بێت ئه‌مجاره‌ به‌ دوور له‌ هه‌ست و سۆزی كلاسیكی و به‌بێ گوێدانه‌ به‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی ئاینی، به‌ شێوه‌یه‌كی واقیع بینانه‌ و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و هزری نیشتمانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكات.

چونكه‌ ئه‌مه‌ تاقه‌ رێگای نزیك و بێ كێشه‌یه‌ بۆ كورد بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌واكانی، ئه‌گه‌ر كورد له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت بێ گۆمان به‌هاری 2020 بۆ كورد ده‌بێته‌ خۆشترین و ره‌نگینترین به‌هاری مێژووی كوردستان،  به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مێژووی تاڵی كورد دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.