Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:17

رۆڵ و پێگەی کورد سەبارەت بە پێشهاتەکان  و ئایندەی عێراق

ئایا ئەمرۆ دوای ئەو هەموو نەهامەتیە ناکرێت لە حاڵەتی عێراقێکی هەڵوەشاوە کورد بەیەک دەنگ داوای مافەکانی بکات
شێركۆ حه‌بیب
100%

عێراق لەو ساتە وەختەی وەک دەوڵەت بونیادنرا، بێگومان لە گرفت و ناکۆکی  پێکهاتەکانی بێ بەش نەبوو، هەردەم لە ئاژاوە و دژایەتی نێو خۆ بەردەوام بوون، زیانێکی زۆری سەرو ماڵی لێکەوتووە، جگە لە ئاوارە بوونی هەزاران کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری و ئەکادیمی، جگە لە سێدارەدانی هەزاران و زیندە بەچاڵکردنی  سەدان هەزار هاووڵاتی بێ تاوان بەتایبەتی رۆڵەی کورد، هەڵبەتە ئەم ناکۆکی و ناسەقامگیریە کردەوانە هۆکارەکانی دەگەرێتەوە بۆ زاڵ بوونی کەسان و لایەنی شۆفێنی و نەتەوەپەرستی عەرەب لە دەسەلاتدا، کە بەهەموو شێوازێک دژایەتی میللەتی کوردیان بەگشتی کردووە، تا گەیشتە ئەو رادەی جەگی قەدەغەکراو دژی کورد بەکار بێت.

جگە لە سەدان تاوانی تر، ئەوەی جێگای پرسیارە سەرجەم ئەوانەی دەسەڵاتیان وەرگرت یا خۆیان سەپاند سەرەتا لەگەڵ کورد تەبا بوون و بەڵێنی دابینکردنی مافەکانی کوردیان دا، بەڵام دواتر بە هەموو شێوازێک لە هەوڵی نەمانی کورد و بەعارەبکردنی کوردستان بوون، لەساتە وەختی کوردستان بە زۆرلکێنرا بە بەشە عەرەبیەکەی عێراق، کورد تەنیا بەشی لەو شەراکەتە شین و ماڵ وێرانی و سەرکەردانی بوو، ئەگەر ئاورێک لە مێژوو بدەینەوە کورد هەردەم دووجاری فێل و غەدر لێکردن بوو، جا لێرە پرسیار ئەوەیە ئایا خودی کورد خۆی هەندێ بەرپرسیارەتی ئەو هۆکارانە نەبووە بۆ ئەو زولم و زۆرداریە.

لە ساتێکدا هەندێ لایەن چەندین جار خیانەتیان لە بزاڤی رزگاری خوازی کورد کردوە، هەندێ لایەن خۆیان رادەستی دوژمن کردوە هاوشانی ئەوان دژایەتی شۆڕش و ئەو بزاڤەیان کردووە، راستە کوردستان کەوتۆتە ناوەڕاستی نەیاران شوێنە جوگرافی و ئەو سنورە دەستکردەکەی کە لە بەرژەوەندی زڵ هێزان بونیاد نراوە، بەڵام دەبێ کوردیش خۆی تاوانی نەبێ بەرامبەر ئەم ستەمەی ساڵەهای ساڵە دوو جاری دەبێتەوە، ئایا ئەگەر کورد یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بوایە حاڵی لە ئیستا باشتر نەدەبوو؟

ئایا ئەمرۆ دوای ئەو هەموو نەهامەتیە ناکرێت لە حاڵەتی عێراقێکی هەڵوەشاوە کورد بەیەک دەنگ داوای مافەکانی بکات و سور بێت کەوا یا شەراکەتی راستەقینە یا سەربەخۆی بەڵام بێ ئەوەی ١٦ ئۆکتۆبەرێکی دیکە روو بدات کە تائیستاش باجەکەی دەدەین.

ئەمرۆ کورد ناتوانێت دورە پەرێز بێت لە رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق، و دەبێ لە هەموو کات و ساتێک زیاتر وریا بێت، جونگە ئەگەری هەیە ئەم جارە بەناوی داواکاری جەماوەری دژایەتی و فێڵمان لێبکەن، بۆیە پێویستە یەکریزی و تەبایی، هەروەها پێویستە ئەمجارە کورد نەبێتە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی لایەنەکانی دیکەی عێراق، بەڵکو دەبێ هەموو هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی بەرەی کوردستانیان و نێو ماڵی کورد بێ، جونكه‌ رۆژگار ئەوەی سەلماند و دەرخست کەئەو بیرۆکە شوفێنیە و هزرە نەتەوە پەرستییە تا ئیستاش لە ئەجندای هەندێ دەسەڵاتدارانی بەغدا دا ماوە، ئەمەش لە ساڵانی رابردوو بە زەقی بەدی کرا، کە چۆن کەسانی شۆفێنی دژایەتی کوردستانیان کرد.

بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بۆ چوون و هزرە نەتەوەی پەرستییە یەکریزی و یەک هەڵوێستی نێو ماڵی کورد لە هەموو ساتێک پێویست ترە نەخاسمە لە بەغدا کە دەبێ بە کۆ دەنگ بەرامبەر هەر بریار کە دژایەتی کورد دەکات یەک هەڵوێست و بریار بێت، دەشی دوو دەنگ لێرەوە لەوێ لە نێو کەسانی نەفام دەربچێت بەڵام کاریگەری ئەوتۆی نابێت بەرامبەر یەک هەڵوێستی زۆرینە، هەڵبەتە یەکریزی نێو ماڵی کورد نەک هەر گرنگی بە یەک هەڵوێستی و سەرکەوتنی بریارەکان دەدات، بەڵکو لە لایەن نەیارانی کورد بە گرنگ و بایەخەوە هەژمار دەکرێت، جونكه‌ پەرت و بڵاوی دەنگی کورد لە بەغدا لە سوودی نەیاران دەبێت، بۆیە گرنگە بەرژەوەندی کوردستان زاڵ بێت لەسەر بەرژەوەندی حزبی و تاکە کەسی، بەتایبەتی لە ئیستا دا پێشهاتەکان وا دەری دەخەن کەوا عێراقێکی نوێ بونیاد بکرێت.

بۆیە گرنگە کورد لەو عێراق نوێیە دا پێگە و بوونی بەهێز بێت، تا مافەکانی پارێزراو بێت و دەستور جارێکی دیکە پێشیڵ نەکرێت، وا دە بێت کورد بەهێز لە بەغدا بێت ئەگەر بمانەوێ مافەکانمان لە چوارچیوەی دەستور دابین و پارێزراو بێت، و ئەگەر بەهێز لە بەغدا نەبین باشترە لە پرۆسەی سیاسی پاشەکشە بکەین کە ئەمەش بێگومان بەزیانی ئێمە دەشکیتەوە، بۆیە باشترە بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لە بەغدا بین.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.