هه‌ردوو ووڵاتی (سعودیا و ئێران) له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون سود له‌وبۆشایانه ببینن كه له دوای شكسته‌كانی داعش له عێراق و ناوچه‌كه دروست ببوو. ئێران نیازی هه‌بوو له رێگای زیاد كردنی هه‌ژموونی خۆی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت له رۆژئاوای ووڵاته‌كه‌ی تا ده‌گاته سه‌ر ده‌ریای ناوه‌راست. سعودیه‌كانیش كه‌خۆیان به‌خاوه‌نی سونه‌ی جیهان ده‌زانی، رێگر بوون له به‌رده‌م ئه‌م پاوانخوازیه‌ی ئێران. هه‌رچه‌نده سعودیا ویستی ئێران له‌وه بگه‌ینێ كه‌به‌كێشه‌و ململانێ ناتوانی ووڵاتانی سونه داگیر بكات، به‌ڵام ئه‌مه كارێكی ئاسان نه‌بوو، چونكه رێكاری په‌یوه‌ندیه دیبلۆماتیه‌كانی هه‌ردوو لا به فلته‌ری ئه‌مریكا تێده‌په‌ڕی، له‌ولاشه‌وه عێراق پابه‌ندی به‌رژه‌وه‌نیه‌كانی ئێران ده‌بێت نه‌ك سعودیا، كه ئه‌مریكاش نه‌یتوانی ئه‌م پابه‌ند بوونه‌ی سه‌ركرده‌كانی عێراق به ئێران هه‌ڵوه‌شێنیَته‌وه.
كێشه‌و ململانێیه به‌هێزه سیاسیه‌كان كه به‌رۆكی ناوچه‌كه‌ی گرتۆته‌وه سعودیه و ئێران پله‌ی یه‌كه‌میان به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر ووردتر سه‌یری كێشه‌كان بكه‌ین ده‌بینین كێشه‌كان له بنه‌ره‌تدا كێشه‌ی مه‌زهه‌بین و ناكۆكی ئایدلۆژیای نێوان معسكری( وه‌هابی سه‌له‌فی سونی و شیعه‌ن )پاشان سیاسی، كه هه‌ردوو لا له‌به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی و زیادكردنی هه‌ژموونی خۆیان هه‌میشه ئه‌و ناكۆكیانه به زیندوویی ده‌هێڵنه‌وه.
له دووساڵی سه‌ره‌تای شه‌ره‌كانی داعش، سعودیا وئێران ماوه‌یه‌ك بێ ده‌نگیان هه‌ڵبژارد له كێشه‌و ناكۆكیه‌كانیان، به‌ڵام دوای ئه‌وه بابه‌تی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی سه‌عد حریری له نۆڤه‌مبه‌ری 2017 هاته گۆڕێ و ئێران به‌وه تاوانباركرا كه هه‌وڵی تیرۆركردنی ئه‌وی داوه، بۆیه ئه‌م كێشانه بوونه خاڵێ ده‌سپێكه‌كی تازه له گرژیه‌كانی نێوان ئه‌م دوو ووڵاته. هاوكات له‌گه‌ڵ بریاره‌كه‌ی حریری حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن موشه‌كێكیان ئاراسته‌ی سعودیا كرد، ئه‌مه‌ش زیاتر ئاگره‌كه‌ی نێوان ئه‌م دوو ووڵاته‌ی خۆش كرد .
ناكۆكیه‌كانی نێوان ئێران و سعودیه دیسانه‌وه گه‌یشته قۆناغێكی زۆر مه‌ترسیدار، كه سعودیا هێرشه موشه‌كیه‌كانی حوسیه‌كانی به هێرشی راسته‌وخۆی ئێران ده‌زانی، بۆیه گرژی و ناكۆكیه‌كان گه‌یشتنه بنبه‌ستی هه‌موو گفتوگۆكان.
هه‌رچه‌نده مێژووی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌م دوو ووڵاته هه‌میشه هه‌ورازو نشێوی به‌خۆیه‌وه بینیوه، هیچ سه‌رده‌مێك بێ كێشه‌و گرفتی نێوان ئه‌م دوو ووڵاته تێنه‌په‌ریوه، له رابوردووش چه‌ندین جار كێشه‌ی گه‌وره له نێوانیان هه‌ڵگیرساوه و پاشان بۆ چه‌ند ساتێك ئارامی به‌خۆیه‌ىه‌وه بینیوه، بۆ نمونه:. ساڵی 1929 تا 1930جۆرێك له په‌یوه‌ندی بازرگانی له نێوانیان دروست بوو، به‌ڵام له‌ساڵی 1944 به سه‌ره‌تای دروست بوونی كێشه‌و ناكۆكیه‌كانی ئه‌م دوو ووڵاته داده‌نرێت، كاتێك سعودیه حاجیه‌كی ئێرانی له سێداره دا، به‌گومانی ئه‌وه‌ی تفی به‌رووی كه‌عبه ره‌شتووه و قسه‌ی ناشیرینی دژ به پیرۆزیه‌كانی ئیسلام و هه‌واڵانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) گوتووه. له‌و ساته‌وه گرژیه‌كان سه‌ریان هه‌ڵداوه. ساڵی 1946په‌یوه‌ندی ئه‌م دوو ووڵاته هه‌ندێ نه‌رمی و لێك نزیك بوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌ڵام ساڵی1950 دووباره گرژی و ناكۆكی كه‌وته‌وه نێوانیان.
له‌جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێراق دا سعودیه لاینگری له عێراق كرد دژی ئێرانیه‌كان، بۆیه له 5/حوزه‌ریرانی 1984 ئێران به چوار فرۆكه‌ی جۆری ئێف4 و فانتۆم هێرشی كرده سه‌ر سعودیه، به‌ڵام هێزه ئاسمانیه‌كان به فرۆكه‌ی ئێف15 دوو فرۆكه‌ی ئێرانیان خسته خواره‌وه. ساڵی 1986 سعودیه كۆمه‌لێك حاجی ئێرانی ده‌ستگیر كرد كه برێكی زۆر كه‌رسته‌یان بۆ ته‌قینه‌وه هێنابوو به‌ناوی(سی فۆر) كه ماده‌یه‌كی زۆر به‌هێزه بۆ ته‌قینه‌وه به‌كاردێت، بڕی ئه‌و ماده‌یه‌ش كه حاجیه‌كان له ئێرانه‌وه هێنابوویان 51كغم ده‌بوو له نێوان 91 جانتا حه‌شاریان دابوو. دوای ئه‌م رووداوانه‌ش چه‌ند رووداوێكی مردنی به‌كۆمه‌ڵی حاجیانی ئێرانی له ساڵی 1987 دوای ئه‌وه‌ش ته‌قینه‌وه‌كانی (جمعیه وجبیل )له ساڵانی 1987 و 1988 له‌لایه‌ن حزب الله‌ی لوبنانی ئه‌نجام دران.
له ساڵی 2011 كۆمه‌ڵێك رووداوی گرژی رویاندا له نێوانیان، به هۆی رووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و ده‌ست تێوه‌ردانه‌كانی ئێران له ووڵاته‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تیش سوریا، هه‌ر له‌وكاته‌شه‌وه بوو سعودیه به‌مه‌ترسیه‌كانی ئێرانی زانی له ناوچه‌كه‌دا.
هه‌رله‌ساڵی 2011 بوو ئه‌مریكا ئاشكرای كرد كه ئێران هه‌وڵی داوه هه‌دوو كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌و ئیسرائیل له واشنتۆن بته‌قێنێته‌وه له‌گه‌ڵ تیرۆر كردنی كونسولی سعودی( عادل جبیر). سعودیه له وه‌ڵامی ئه‌م كرده‌وانه‌ی ئێران په‌یمانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی دا، له‌دوای ئه‌مه‌ش بریاری سه‌ركردایه‌تی كردنی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له دژی حوسیه‌كانی یه‌مه‌نی دا، ئه‌و بریاره‌ی سعودیه ته‌واو دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی پاوانخوازی ئێران بوو.( مصدر سایتی المصراویه). كه له 26/3/2015 بۆردومانه‌كانی هاوپه‌یمانی بۆ سه‌ر حوسیه‌كان و هێزه‌كانی عه‌لی عبدالله سالح ده‌ستی پێكرد، بۆ پاڵپشتی كردن له حكومه‌ته‌كه‌ی عبد ربه‌منصور بوو، كه‌له‌دوای ئه‌وه‌ی حوسیه‌كان پایته‌ختی ئه‌و ووڵاته (صنعاْ)یان داگیر كردبوو، حكومه‌تی شه‌رعیش رایكرد به‌ره‌و شاری عه‌ده‌ن.
ساڵی 2015 نزیكه‌ی (464) حاجی ئێرانی له كاتی ئه‌نجام دانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج له مه‌كه گیانیان له‌ده‌ست دا، ئه‌م رووداوه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌م دوو ووڵاته‌ی ئاڵۆزتر كرد ئێران سعودیای به به‌رپرسی كاره‌ساته‌كه زانی.
ئینجا له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه رووداوی له سێداره‌دانی گه‌وره پیاوی شیعی بوو له سعودیه، (نمر ئه‌لنه‌مری) كه وه‌ك هه‌ژانێكی سیاسی گه‌وره كاریگه‌ری نێگه‌تیفی كرده سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوانیان، پاشانیش كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه له ئێران و عێراق ویه‌مه‌ن ولوبنان، كونسڵخانه‌ی سعودیه له تاران سوتاێنران.
ئه‌م جاره‌یان سعودیا بریاریدا هه‌موو په‌یوه‌ندیه دیبلۆماسیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵپه‌سێرێت، هه‌موو دیبلۆماته ئێرانیه‌كانیشی له ووڵاته‌كه‌ی ده‌ركرد.
دوای ئه‌م رووداوانه‌ش له مانگی 6/2017 كێشه‌ی قه‌ته‌ر هاته پێش، كاتێك میسر و ئیمارات و بحرین بریاریان دا په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌م ووڵاته‌وه بپچرێنن، گوایه قه‌ته‌ر بۆته لاینگرێكی به هێزی ئێران له‌ناوچه‌كه، ئێرانیش هه‌ر به‌هۆی ئه‌م نزیكیه‌ی له قه‌ته‌ره‌وه هه‌ژمونی خۆی له ناوچه‌كه زیاد كردوه، له‌م پێناوه‌ش دیسان سعودیه وئێران كۆمه‌ڵێك لێدوانی تاوانكاریان خسته پاڵ یه‌كتر، گوایه ووڵاتی قه‌ته‌ر بڕه پاره‌یه‌كی زۆری داوه به‌به‌شێك له به‌رپرسی ئێرانی و گروپی شیعی عێراقی له‌وانه‌ش قاسم سلیمانی و چه‌ند كه‌سێكی تر له عێراق، هه‌رچه‌نده قه‌ته‌ر بیانووی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه كه ویستویه‌تی ئه‌و 25 هاوڵاتیه قه‌ته‌ریه ئازاد بكات كه‌له ساڵی 2015 و رفێندرابوون، گوایه به‌مه‌به‌ستی راوكردن هاتبوون بۆ عێراق، به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندن پێ ده‌چی قه‌ته‌ر بری 275 ملیۆن دۆلاری دابێته ئه‌م گروپ و به‌رپرسانه بۆ ئازاد كردنی بارمته‌كان، كه به‌ته‌نها قاسم سلیمان 50 ملیۆن دۆلاری به‌ده‌ست گه‌یشتبێ و ئه‌وانی تریش بۆ گروپی تر بووه.
به‌ره‌به‌ره رووداوه ناخۆشه‌كانی نێوانیان ناخۆشتر ده‌بوو، ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك لێك كه‌وته‌و گرژی نێوان ئه‌م دوو ووڵاته بوون.
ئێران دوای واژۆی رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵ 2015 له‌گه‌ڵ ووڵاتانی زلهێز، توانی زۆر پێش بكه‌وێت، كه رۆژانه له پێشوازی له سه‌رۆك و گه‌وره پیاوانی جیهانی ده‌وه‌ستا، ره‌نگه له‌ساڵی 1979 ئه‌م ووڵاته ئه‌م جۆره سه‌ردان و دیبلۆماسیانه‌ی به‌خۆیه‌وه نه بینی بووبێ، ساڵی 2017وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به زۆرترین سه‌ردان كه‌ری جیهانی داده‌نرێت كه هه‌فتانه یان سه‌ردانی ووڵاتانی ده‌كرد یان نوێنه‌ری ووڵاتانی ده‌بینێ.
بۆیه سه‌ره‌رای هه‌موو گرژیه‌كانی بیری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ سعودیا ب سه‌ربازی ئێران به‌دوور ده‌زانی، هه‌رچه‌نده له رووی سه‌ربازیشه‌وه ئێران توانای وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی باشتری هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ ئێران یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بوو كه دوور نه‌بوو به دۆراوی بكشێته‌وه پاش، ئه‌مه‌ش به هۆی پاڵپشتیه به هێزه‌كانی سعودیاوه نه‌ك هێزوو تواناكانیه‌وه.
(تۆماس فریدمان) رۆژنامه نوسی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی كه خاوه‌نی په‌رتوكی (ملوك و روْ ساْ) ده‌ڵێت: سه‌ردانی سعودیه‌م كرد له‌كاتی به‌رێوه چونی كۆنگره‌ی سابین له 2017 كه‌تایبه‌ت بوو به گفتوگۆی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئیسرائیل و ئه‌مریكا، ئینجا ده‌ڵێت: لێدوانه دژایه‌تیه‌كانی سعودیه بۆ شه‌ر ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه له دژی ئێران، وه‌ئاگاداری سعودیه‌كانم كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌م جه‌نگه هه‌ڵبگیرسێ ئه‌وا دۆراوی یه‌كه‌م ئێوه‌ن، چونكه بێگومان ئێستا ئێرانیه‌كان بونه‌ته پاشای یاریه جه‌نگیه‌كانی ناوخۆ‌و میلیشیایی ناوچه‌كه. دوای چل ساڵ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شه‌رو راهێنانی شه‌ری سه‌خت و دروست كردنی گروپی چه‌كداری، ئه‌سته‌مه به هێزو توانای سعودیا كه له‌ته‌واوی ئه‌م ماوه‌یه‌دا ته‌نها واژۆی له‌سه‌ر بۆنده بازرگانی و نه‌وتیه‌كان كردوه برروخێت. هه‌رچه‌نده سعودیاش له فلیمێكی ئه‌نی مه‌یشن رووداوه‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ی وێنا كردبوو و بڵاوی كردبۆوه كه خۆی براوه‌ی شه‌ره‌كه ده‌بێت...