Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:44

عێراق، وڵاتێک خاڵی لە سەروەری

لەپارێزگا شیعەكانەوە حیزبە دەسەڵاتدارەكان بە شێوەیەكی سەربەخۆ و دوور لە دەسەڵاتی حكومەت كاردەكەن،لە زۆرێك لە پارێزگا و ناوچە سونییەكان تاكوئێستا داعش حكوم دەكات
100%

لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و رووخاندنی ڕژێمی بەعس، ئەو بابەتەی زۆرترین قسەی لەبارەوە كراوە، پرسی سەروەریی عێراق و مامەڵەكردن وەك دەوڵەتێكی خاوەن سیادە بووە، بەڵام ڕووداو و پێشھاتەكانی ئەم وڵاتە، پێچەوانەوەی بانگەشەی سەركردە عێراقییەكان، بە جۆرێكە ڕۆژانە سەروەریی عێراق پێشێل دەكرێت و لە زۆرینەی حاڵەتەكانیشدا كاردانەوەی حكوومەتی عێراق، لاواز و شەرمنانەیە.

 

لە كۆتا سەردانی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق، بە تەواوی سەروەریی عێراقی پێشێل كرد و وەك ئەوەی سەردانی ویلایەتێكی وڵاتەكەی خۆی كردووە، نە سەرۆككۆمار و نە سەرۆكوەزیریش ئاگادار نەكرابوونەوە لە ھاتنی سەرۆك (ترەمپ) بۆ عێراق، بەڵكو راستەوخۆ ھێزە  سەربازییەكانی وڵاتەكەی بەسەر كردووە، دواتر بە بێ ھیچ دیدارێكی فەرمی، عێراقی بەجێھێشت، ئەمەش بەرچاوترین پێشێلكارییە بەرامبەر وڵاتێك كرابێ كە ئەندام بێ لە نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

بەئامانجگرتنی پێگەكان و جبەخانەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆكە نادیارەكانەوە، كە بەپێی پێشبینیەكان و گوتەكانی (ناتەنیاھۆ) سەرۆكوەزیری ئیسڕائیل بێت، فڕۆكە ئیسڕائیلییەكان ھەڵساون بە ئەنجامدانی ئەم بۆردوومانانە، بە گوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانیش بێ، ڕێككەوتنێكی ڕووسی - ئەمەریكی ھەیە، تایبەت بە ڕێگەپێدانی ئیسڕائیل بۆ ھێرشكردنە سەر گشت میلیشیا ھاوپەیمانەكانی ئێران لە ناوچەكەدا، ئەم ھەنگاوەش پێشێلكردنێكی  ڕوونە بۆ سەر سەروەری و ھێزە چەكدارەكانی عێراق، ھاوكات لاوازیی ھەڵوێستی عێراق نیشان دەدات بەرامبەر بە رێگرتن لە پێشێلكارییەكان بۆ سەر سەروەریی وڵاتەكەی.

 

جگە لەوانەی باس كران، دوای ئەوەی (عادل عەبدولمەھدی) سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەركرد و فەرمانی دا گشت بارەگا و بازگەكانی تایبەت بەم ھێزە دابخرێن و گشت ئەم ھێزانە تێكەڵ بە سوپای عێراق بكرێن، بینیمان ئەنجامەكەی چی بوو، كۆمەڵێك شەقامیان داخست و زۆرینەشیان بڕیارەكەیان ڕەت كردەوە، ئەمەش ئەو ڕاستییە ڕوون دەكاتەوە، كە ناوەندی بڕیاری ئەم ھێزانە لە دەرەوەی سنوورەكانی عێراقە و لەلایەن وڵاتانی ھەرێمییەوە سەركردایەتی دەكرێن و لەسەر خاكی عێراق  شەڕی بەوەكالەتی ئەم وڵاتانە دەكەن.

 

ئەمە سەرەڕای لاوازیی دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ بەسەر گشت پارێزگا و حكوومەتە خۆجێییەكان، ئەوەتا لە  پارێزگا شیعەكانەوە حیزبە دەسەڵاتدارەكان بە شێوەیەكی سەربەخۆ و دوور لە دەسەڵاتی حكوومەت كار دەكەن، لە زۆرێك لە پارێزگا و ناوچە سوونییەكان تاكو ئێستا داعش حكوم دەكات، كۆنتڕۆڵكردنی زۆرینەی دەروازە سنوورییەكان لەلایەن ئێرانەوە باشترین بەڵگەن لەسەر بێدەسەڵاتیی حكوومەتی فیدڕاڵی بەسەر گشت خاكی عێراقدا.

 

بۆردوومانە بەردەوامەكانی ئێران و توركیا بۆ سنوورەكان و لەشكركێشیی بەردەوامی ئەم دوو وڵاتە بۆ ناو قووڵایی خاكی عێراق، یەك مانای ھەیە، ئەویش لاوازیی ئەم  وڵاتەیە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ، دابەشبوونی ھێزە سیاسییە عێراقییەكان بەسەر وڵاتانی دراوسێدا، بە كردەیی عێراقی دابەش كردووە بۆ چەند بەش و ھەمووان خەریكی پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتانی ھەرێمین، بەو جۆرەش ھیچ مانایەك بۆ "سەروەریی عێراق" نەماوەتەوە.

 

 

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.