Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:46

قۆناغی هه‌ستانه‌وه‌

راستیه‌كیش هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئەزموونی سیاسی باشووری كوردستان وه‌ك له‌ په‌یامی ‌‎سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك بارزانی باس كراوه‌ بكرێته‌ بنه‌ما كه‌ هیچ كاتێ
100%

دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكۆتبه‌ری ساڵی 2017 به‌بیر و هزری كه‌سدا نه‌ده‌هات كوردستان دووباره‌ هه‌ڵسێته‌وه‌ و ببێته‌وه‌ به‌ ژمارەیەکی به‌هێز له‌ناوچه‌كه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ی روویدا كاره‌سات بوو، كۆست بوو.

له‌ مه‌راسیمی سوێند خواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاك (نێچیرڤان بارزانی) سێ ره‌هه‌ندی گرنگ ده‌ركه‌وت .

یه‌كه‌م: كوردستان به‌ره‌و قۆناغی هه‌ستانه‌وه‌ ده‌روات ئه‌وه‌ش دوای ئه‌و هێرشه‌ ناره‌وایانه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ كرایه‌ سه‌رهه‌رێمی كوردستان و به‌شێكی زۆری خاكی كوردستانی به‌زه‌بری هێز داگیركرد، دووباره‌ سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ولێر و داوای درێژكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئاشتیان كرد، له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو هیچ مانۆڕێكی سیاسی به‌قه‌د مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌هێز نه‌بووه‌، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی بارزانی وه‌ك لوتكه‌ی سیاسی كوردستان و عێراق و نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆك هه‌رێم و مه‌سروور بارزانی وه‌ك سه‌رۆك حكوومه‌ت پشتیوانیان بۆ یه‌ك و وه‌ك یه‌ك تیم بڕیاریاندا كارپێكه‌وه‌ بكه‌ن.

 

دووه‌م: وتاری هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و كوردستان زۆر گرنگ بوو، وتاری سه‌رۆك كۆماری عێراق جیاله‌وه‌ی پشتیوانی بوو بۆ خه‌باتی 50 ساڵه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌سته‌ڵه‌كی ناكۆكی بتوێته‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی به‌بێ ره‌زامه‌ندی پارتی ئه‌و پۆسته‌ کە پشکی کوردە پڕکرایەوە , له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بەدی کرا ئه‌وه‌بوو كه‌ عێراقێكی لاواز بۆ كوردستان باش نابێت و كوردستانێكی به‌هێزیش بۆ عێراق باش ده‌بێت چونكه‌ ئه‌وه‌ كوردستان بوو هاوبه‌شی عێراقی كرد بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی تیرۆر ، گومان لەوەدا نیە هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی نه‌بوایه‌ تا ئێستا داعش وه‌ك جاران به‌به‌هێزی له‌ عێراق ده‌مایه‌وه‌، سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌رابردوو له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا گوزه‌راوه‌ ناره‌وابووه‌، كه‌وایه‌ دووباره‌ به‌غدا ده‌بێت بگه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتووگۆ هه‌وڵی لاوازكردنی كوردستان بۆته‌ خه‌ون و ناتوانرێت نكۆڵی لێ بكرێت،

لەوە دەچێت مانۆری سیاسی كوردستان له‌ رۆژی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم په‌یامێكیش بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی كوردستان ئاوا ئاسان نییه‌ به‌فشارێكی سیاسی له‌به‌غداوه‌ له‌ناو بچێت.

 

سێییه‌م: له‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و وه‌زیری سعودیه‌ بۆ كاروباری كه‌ندا و نوێنه‌ری ئێران بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ و چه‌ند جه‌نه‌راڵێكی ئه‌مه‌ریكش به‌شدار بوون،ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستان پێگه‌ی دیپلۆماسی به‌هێزه‌ ئه‌وه‌ش چاوه‌روان د‌ه‌كرێت سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوای پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت سه‌ردانێكی به‌هێز بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌كات، و بریاریشه‌ بانگهێشتنامه‌ی بۆ بكرێت تا به‌شداری له‌ هه‌ندێك پرسی سیاسی گرنگی جیهان بكات.

راسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ پشتیوانی له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژەیەکی روونە و به‌هێزترین فاكته‌ری ناوخۆییە كه‌ سه‌رۆكی راسپێردراو بۆ حكوومه‌ت بتوانێت بیكاته‌ داینه‌مۆی به‌هێزكردنی ئه‌و به‌رنامانه‌ی بۆ كابینه‌ی داهاتوو دایڕشتون ،

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارێكی زۆر باشی كرد ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی كرده‌ ئه‌ندام له‌ لێژنه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌. كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی حه‌زی به‌فره‌ هێزی نییه‌، ئه‌مه‌ پرسێكی جدییه‌ و پشتیوانی كاك مه‌سعود بارزانی زۆر پێویسته‌ چونكه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌كی زۆر سه‌رپه‌رشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستانی كردووه‌.

كوردستان ئه‌گه‌ر بیه‌وێت هه‌نگاو به‌ره‌و قۆناغی هه‌ستانه‌وه‌ بنێت پێش هه‌مووشتێك ده‌بێت پێگه‌ی سه‌ربازی خۆی وه‌ك پێگه‌ی سیاسی به‌هێز بكات، هه‌روه‌ها پرسی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی كوردستان له‌ لێواری سه‌ركه‌وتنی زیاتر نزیك ده‌كاته‌وه‌، پارتی هه‌رچی زووه‌ ده‌بێت له‌رێگای دروستكردنی هاوپه‌یمانی په‌رله‌مانی كاربكات بۆ تێپه‌راندنی پرۆژه‌ی چاكسازی كه‌ به‌شێكی زۆری گه‌نده‌ڵی ئیداری له‌ كۆڵ حكومه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كوردستان بۆ قۆناغی هه‌ستانه‌وه‌ پێویستی به‌ ژێرخانێکی ئابووری ده‌بێت تا هیچ هەڕەشەیەک کاریگەری نەرێنی لە قەوارەکەی نەکات.

له‌باره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی كوردستانه‌وه‌ قۆناغی گرنگ ماوه‌ ده‌بێت تێپه‌رێنرێت، له‌وانه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی و هه‌وڵدان بۆ باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك، بۆ ئەمەش رێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان باشترین وانه‌ی سیاسیە بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كان كه‌ هه‌ردوو هێز ماوه‌ی چه‌ند ساڵ كه‌وتنه‌ به‌ره‌ی دژ به‌ری یه‌كتری جگه‌ له‌ دروستكردنی نائارامی سیاسی به‌رهه‌می دیكه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت بگه‌ڕینه‌وە ئه‌و بیروڕایەی کە قۆناغی ئێستای كوردستان پێویستی به‌ دووباره‌ ئاشته‌وایی نیشتیمانی هه‌یه‌، بۆ پارتیش سه‌لمێنراوه‌ كه‌ له‌كایه‌یی حكومڕانی تا ئارامی سیاسی زیاتر به‌رجەستە بێت دەستکەوتەکان زیاتر بەدیدێن، وا دیارە پشتیوانی ئه‌مه‌ریكاش له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت وه‌ك له‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌كان و نامه‌كان دیاره‌ جۆرێك بێت له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكاش بیانه‌وێت حكوومه‌تێكی به‌هێز له‌ ناوچه‌كه‌ بێته‌ ئاراوه‌، په‌یامی ئێران و توركیا له‌ په‌رۆشی ئه‌مه‌ریكا كه‌متر نه‌بوون، هیچ كاتێك پێگه‌ی كوردستان مه‌ترسی نه‌بووه‌ بۆ سه‌ر ئارامی وڵاتانی دراوسێ ، بۆیە ده‌بێت هێزه‌ سیاسییه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارچه‌كانی دیكه‌ش به‌چاوی ماڵی خۆیان سه‌یری باشووری كوردستان بكه‌ن چونكه‌ دواجار به‌هێز بوونی كوردستان به‌هێز بوونی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانه‌ و پێچەوانەکەی ڕاستە، راستیه‌كیش هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئەزموونی سیاسی باشووری كوردستان وه‌ك له‌ په‌یامی ‌‎سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك بارزانی باس كراوه‌ بكرێته‌ بنه‌ما كه‌ هیچ كاتێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان نه‌بووه‌ بكه‌ونه‌ دژایه‌تی یه‌كتری ره‌نگ بێت به‌شداری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ ده‌نگدان بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و روانگه‌وه‌ بێت ئه‌ركی هه‌مووانه‌ كوردستان بگه‌یه‌ننه‌ كه‌ناری ئارامی.

 

 

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.