Erbil 16°C شەممە 23 تشرینی دووەم 09:57

شۆڕشی گوڵان ئومێدی گەلێک و خەباتێکی نەپچڕاو

بە سەرنجدان لە بارودۆخی ئەوكات و ئەو ڕەوشەی ئێستا كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ھەمان بەرخودان بەردەوامە
100%

شۆڕشی گوڵان، شۆڕشێك بوو كە دووبارە ئومێدی بەخشییەوە بە گشت كوردستانیان پاش خیانەتێكی نێودەوڵەتی و ھەرێمی، لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەریش، ھەمان پێشمەرگەكان بە سەركردایەتیی ھەمان سەركردە، توانییان كوردستان لە گەورەترین گەلەكۆمەی سەردەمی نوێ رزگار بكەن و لە پردێ و سحێلا گەورەترین شكست بە ھێزە عێراقییەكان و دۆستەكانیان لە وڵاتانی ھەرێمی و ھێزە ناوخۆییەكان بھێنن و دووبارە ئومێد بۆ ئەم گەلە دروست بكەنەوە.

 

بە سەرنجدان لە بارودۆخی ئەوكات و ئەو ڕەوشەی ئێستا كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ھەمان بەرخودان بەردەوامە، ئەوەتا نەیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان ھەمان رەفتاری بەعسییەكان دووبارە دەكەنەوە، داعش لە سنوورەكانی كوردستان بە شێوەیەكی دیار  چالاكییەكانی دەست پێكردووەتەوە و لە ھەوڵی دووبارە گەڕانەوەیە بۆ ناوچەكە،  ئەمەش ھاوكاتە لەگەڵ ئامادەكاری و ھەوڵەكانی حكوومەتی ھەرێم بۆ یەكگرتنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و كۆكردنەوەیان لە ژێر یەك سەركردایەتی و بەنیزامیكردنی ئەم ھێزە وەك خۆئامادەكردنێك بۆ ئەگەرەكانی داھاتوو.

 

ئەو ئامانجانەی شۆڕشی گوڵانیان لە پێناودا ھەڵگیرسا، ھێشتا نەگەیشتووین بە گشتیان، ھەرچەندە لە ئێستادا ھەرێمێكی فیدراڵ و خاوەن دامەزراوەین، بەڵام ئامانجە سەرەكییەكەی شۆڕش، رزگاركردنی گشت خاكی كوردستان بوو، بۆیە سەرۆك لە پەیامی ساڵیادی ئەم شۆڕشەدا ئەوەی دووپات كردەوە، "ئێمە بەردەوامین لە خەبات لە پێناو بەدەستھێنانی مافەكانمان و لە بەرامبەر خیانەت و زەبروزەنگدا خۆناچەمێنین تا گەیشتن بە گشت مافەكانمان".

 

ئەوەی ئەوكات سەرۆك بارزانی و كاك ئیدریس بە یاوەریی پێشمەرگە كردیان، جۆرێك بوو لە موعجیزە، بەو ھۆكارەی عێراق و وڵاتانی ھەرێمی وایان دەزانی كۆتاییان بە شۆڕشی كورد ھێناوە، لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڕینی مووچە و داخستنی سنوورەكان، ویستیان ھەمان سیناریۆ دووبارە بكەنەوە، بەڵام بە خۆڕاگریی پێشمەرگە و گەلەكەمان لە ژێر سەركردایەتیی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی، توانرا كوردستان بگەڕێندرێتەوە بۆ كەناری ئارام و قەیرانەكانیش كۆتاییان بێت.

 

ئەو پاڵپشتییە جەماوەرییەی لە شۆڕش كرا، لە ئێستاشدا ھەمان پشتگیری لە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامە و كوردستانیانیش لە كۆتا ھەڵبژاردندا پارتییان كردە حیزبی یەكەمی بێ ڕكابەر لە كوردستان، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش بە ھەمان گوڕ و تینی ڕابردوو ئامادەن بۆ بەرگری لە كوردستان و دەستكەوتەكانی شۆڕش، ھاوكات چۆن شۆڕشی گوڵان ھەوێنی یەكڕیزیی ھێزە كوردستانییەكان بوو لە پێكھێنانی بەرەی كوردستانی، لەمیانەی گفتوگۆكانی پێكھێنانی كابینەی نۆیەمیشدا پارتی ھەمان ھەنگاوی ھەڵگرت و لە پێناو یەكڕیزیدا زۆرترین نەرمی نواند.

كەوابێ، شۆڕش لە دیدگای سەرۆك بارزانی و ھاوبیرانی ڕێبازی بارزانیدا بەردەوامە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.