Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:54

کوردینه‌ ئاگاداری پیلانه‌ چوار قۆڵییه‌که‌ بن

به‌ هۆی خیانه‌ته‌كه‌ی 16 ئۆكتۆبر به‌شێك له‌ پیلانه‌كه‌ سه‌ری گرت به‌ڵام داستانه‌كانی پردی و سێحێلا ئه‌وه‌ی بۆ داگیركه‌ر و نه‌یارانی كوردستان سه‌لماند كه‌ ناتوان
100%

له‌ دوای رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، وڵاتانی هه‌رێمی ئه‌و پیلانه‌ی خۆیان كه‌ بۆ دژایه‌تی كردنی گه‌لی كوردستان به‌ هاوبه‌شی ئاماده‌یان كردبوو، ویستیان جێبه‌جێ بكه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چه‌ند هه‌نگاوێكیان نا و به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی خیانه‌ته‌كه‌ی 16 ئۆكتۆبر به‌شێك له‌ پیلانه‌كه‌ سه‌ری گرت به‌ڵام داستانه‌كانی پردی و سێحێلا ئه‌وه‌ی بۆ داگیركه‌ر و نه‌یارانی كوردستان سه‌لماند كه‌ ناتوانن وه‌كو رابردوو گه‌له‌ كۆمه‌ی سه‌ر كورد بكه‌ن و كورد له‌ ناو به‌رن.

بێگۆمان ئه‌و پیلانه‌ هاوبه‌شه‌ كه‌ دوای رێفراندۆم ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی كرا، پێشتر ئاماده‌ كرابوو و رێفراندۆم كرا به‌ پاساوێك بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌كۆمه‌ی سه‌ر كوردستان بكه‌ن و پیلانه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن. ناوه‌ڕۆكی پلانه‌كه‌ كه‌ خۆی له‌ چه‌ند به‌شدا ده‌بینییه‌وه‌ له‌ ناوبردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان و نه‌هێشتنی پێگه‌ی ده‌ستووری، سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسی كوردستان بوو.

كاتێك كوردستانییان ئیراده‌ی خۆیان له‌ سێحێلا و پردێ سه‌لماند، داگیركه‌ران و خیانه‌تكارانی ناوخۆیی زۆریان پێ ناخۆش بوو بۆیه‌ ویستیان به‌ شێوازی جیاجیا وره‌ی كوردستانیان بڕۆخێنن به‌ڵام ئه‌مه‌یش سه‌ری نه‌گرت.

به‌ كورتی ئه‌و پڕۆژه‌ دژه‌ كورد و كوردستانییه‌ كه‌ پێش رێفراندۆم ئاماده‌ كرابوو و رێفراندۆم كرا به‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی شكستی هێنا، به‌ڵام چه‌ند به‌شی ئه‌و پڕۆژه‌ دژه‌ كورده‌ هه‌ن كه‌ شكستیان نه‌هێناوه‌ و له‌م رۆژانه‌دا دووباره‌ هه‌ر چوار وڵاتی ئێران، توركیا، عێراق و سووریا ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێ كردنی به‌شێكی گرنگی ئه‌و پڕۆژه‌ كردووه‌. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كه‌ له‌م رۆژانه‌ ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێكردنی كردووه‌ به‌ پڕۆژه‌ی په‌راوێز خستنی هه‌ولێر یا گوشه‌گیر كردنی هه‌ولێر ناوداره‌. ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ راكێشانی خه‌تێكی بازرگانی، ئابووری له‌ توركیاوه‌ بۆ به‌غدا به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر تێیادا به‌شدار بێت.

له‌ دوای رێفراندۆم حكوومه‌تی توركیا باسی له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ئۆڤاكۆی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل بێ كاریگه‌ر بكات و له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ گۆرز له‌ كوردستان بوه‌شێنێت. پار نه‌یاتوانی پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، چونكه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ بڕیاربوو هێزه‌ عێراقییه‌كان تا سه‌ر سنووری ئیبراهیم خه‌لیل له‌ نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستاندا ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی تایبه‌ت به‌ خۆیان دروست بكه‌ن. به‌ڵام خۆڕاگری پێشمه‌رگه‌ له‌ سێحێلا بوو هۆكاری ئه‌وه‌ جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی رابگیردرێت.

فاكته‌ر ، هۆكار و پاساوه‌كانی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ هێشتا له‌ناو نه‌براون، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر چوار وڵات به‌ ره‌چاو كردنی دۆخی سووریا و به‌ مه‌به‌ستی پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌ر سێ پیلانه‌كه‌ی ئه‌مریكا ( پارچه‌ كردنی سووریا، پارچه‌ كردنی عێراق و دروستكردنی هاوپه‌یمانی له‌ نێوان سوننه‌ و كورد، لابردنی سنووری نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان) ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ كردووه‌. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بۆ خنكاندنی ئابووری، سه‌ربازی، بازرگانی و دواجار سیاسی و دیپلۆماتیكی كوردستانه‌.

دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕی سه‌ربازی دژی تیرۆریستانی داعش له‌ سووریا، كورد توانی هه‌م له‌ باشوور و هه‌م له‌ رۆژئاوای كوردستان و له‌ عێراق و سووریا كۆتایی به‌ خه‌لافه‌ته‌ تاریكپه‌ره‌ستانه‌كه‌ی داعش بهێنێت كه‌ له‌ راستیدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌ ناوبردنی كورد بوو  وه‌كو سه‌رده‌می فتوحاتی ئیسلامی. له‌ ناوبردنی خه‌لافه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی كورد بووه‌ته‌ هۆكاری تووڕه‌ بوونی به‌شێك له‌ وڵاتانی هه‌رێمی له‌ كورد و كوردستانیان.

چه‌ند رۆژ دوای كۆتایی هاتنی سه‌ربازی داعش، ئه‌مریكا تاپۆی پارچه‌ كردنی سووریای به‌ فه‌رمی ئیمزا كرد و به‌رزاییه‌كانی جۆلانی دوای 56 ساڵ وه‌كو خاكی ئیسرائیل ناساند.

ئه‌مه‌ پارچه‌یه‌كی بچووكی پڕۆژه‌ی ئه‌مریكایه‌ بۆ دیزاین كردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌شێكی دیكه‌ی پلانه‌كه‌ی ئه‌مریكا لابردنی سنوور له‌ نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان و زیندوو كردنه‌وه‌ی بۆڕی نه‌وتبه‌ری كه‌ركووك حه‌یفایه‌.

 ئه‌مریكا هه‌ر چه‌ند به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت كه‌ ئیداره‌ی باشوور و رۆژئاوای كوردستان یه‌ك بخات و هێزی سه‌ربازی هاوبه‌شیان بۆ دامه‌زرێنێت به‌ڵام بۆی زۆر گرنگه‌ كه‌ سنووری نێوان هه‌ردوولا نه‌هێلێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ كێشه‌ و گرفت بتوانێت نه‌وت و غازی ئه‌م دوو به‌شه‌ی كوردستان له‌ رێگه‌ی بۆڕی نه‌وتبه‌ری كه‌ركووك حه‌یفا كه‌ ده‌گاته‌ سه‌ر ده‌ریاى سپی، بگه‌ینێته‌ سه‌ر ده‌ریاى سپی و خۆی له‌ نه‌وت و غازی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بێ نیاز بكات.

 له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م پیلانه‌ی ئه‌مریكادا هه‌ر چوار وڵاته‌ داگیركه‌ره‌كه‌ی كوردستان زۆر ده‌ترسن و نیگه‌رانن بۆیه‌ دوای ئیمزا كردنی ناساندنی به‌رزاییه‌كانی جۆلان وه‌كو خاكی ئیسرائیل، ئه‌و چوار وڵاته‌ به‌په‌له‌ ده‌ستیان به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی سنووری ئۆڤا كۆی كرد، سنووری ئۆڤاكۆی له‌ سلۆپییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و له‌ سێحێلاوه‌ ده‌گاته‌ ته‌لعه‌فه‌ر و له‌وێشه‌وه‌ بۆ مووسڵ و به‌غدا و مه‌به‌ست له‌م پڕۆژه‌یه‌ وه‌كو ئاماژه‌م پێدا، په‌راوێز خستن و گۆشه‌گیر كردنی كوردستانه‌ له‌ بواری ئابووری، بازرگانی، سه‌ربازی و سیاسی. هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت پردی په‌یوه‌ندی نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان بپچڕێنن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌مه‌ سێ رۆژه‌ سوپای توركیا دووباره‌ ده‌ستی به‌ ناردنه‌وه‌ی هێزێكی زۆری سه‌ربازی بۆ ناوچه‌ی سلۆپی له‌ باكووری كوردستان كردووه‌ و عێراقیش له‌ پێناوی شه‌ڕی دژی یه‌به‌شه‌ كه‌ باڵێكی چه‌كداری نزیك له‌ په‌كه‌كه‌یه‌ هێزی سه‌ربازی روانه‌ی ناوچه‌ی شنگال و سنوونێ كردووه‌.

له‌و لایشه‌وه‌ ئێران دووباره‌ له‌ رێگه‌ی باڵه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبره‌وه‌ دووباره‌ ده‌ستی به‌ تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كردووه‌ و به‌غدایش( بێجگه‌ له‌ به‌شێكی كه‌می ئیراده‌ی سیاسی كه‌ خۆی له‌ باڵی سه‌رۆكوه‌زیری نوێ عێراق و به‌شێكی كه‌می سوننه‌ ده‌بینێته‌وه‌) گوێڕایه‌ڵی ئێرانه‌ و پێ ده‌چێت له‌ ژێر گوشاری ئێراندا مل بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی باڵی 16ی ئۆكتۆبر كه‌چ بكات.

سیاسه‌تی په‌كه‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر شنگال هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ و كوشنده‌یه‌ بۆ كورد و كوردستانیان، چونكه‌ ده‌بوایا په‌كه‌كه‌ دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕ له‌ شنگال ده‌رچووبا به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هێزی خۆی له‌وێ به‌جێ كرد و ئێستایش دووباره‌ هێزی زیاتری روانه‌ی ناوچه‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ پاساوێكی دیكه‌ كه‌ توركیا و عێراق له‌ پێ ناوی شه‌ڕی دژی په‌كه‌كه‌ ئاسانتر بتوانن كار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ دژه‌ كوردستانییه‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن.

هێشتا دیار نییه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ كردنی ئه‌م پیلانه‌ چ جۆره‌ هه‌ڵوێستێكی ده‌بێت به‌ڵام پێ ده‌چێت كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بێده‌نگ بوونی سووریا، توركیا، رووسیا و ئێران له‌ به‌رامبه‌ر پچڕاندنی جۆلان له‌ سووریا و چه‌سپاندنی به‌ ئیسرائیله‌وه‌، ئه‌مریكا له‌ به‌رامبه‌ر پیلانه‌كه‌ بێده‌نگی بنوێنێت، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ره‌ و به‌ڵام نابێت بڵێن كه‌ ئه‌مریكا به‌ گشتی له‌ به‌رامبه‌ر پڕۆژه‌كه‌ بێده‌نگ ده‌بێت یا له‌ دژی ده‌رده‌كه‌وێت.

بالیۆزی توركیا له‌ به‌غدا فاروق قایماقچی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازی عێراق و ئێران له‌ به‌غدا كۆ ده‌بێته‌وه‌ و ئاماده‌كاری و نه‌خشه‌ی خۆیان بۆ چۆنێتی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا سه‌ردانی ناوچه‌ی سلۆپی ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی سه‌ربازی عێراقی هه‌یه‌ و گفتوگۆكانیان له‌سه‌ر چۆنێتی جێبه‌جێكردنی پیلانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا حه‌فته‌ی رابردوو به‌ نهێنی شاندی سه‌ربازی هه‌ردوولا له‌ ناوچه‌ی سلۆپی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ ئه‌مجاره‌یش سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت و به‌ یه‌كجاری پووچه‌ڵ بكرێته‌وه‌، پێویسته‌ كوردستانییان ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

یه‌كه‌م: په‌كه‌كه‌ و هێزه‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ سیاسه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ شنگال بگۆڕن و پاساو بۆ عێراق و توركیا بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌ن، دروست نه‌كات.

دووه‌م: پێویسته‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان یه‌ك بگرن و یه‌ك سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستیان هه‌بێت. پێویسته‌ په‌یه‌ده‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی خۆ سه‌پاندن و ره‌تكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بێت و رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بدات.

سێیه‌م: له‌ باشووری كوردستانیش پێویسته‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان به‌ هاوبه‌شی له‌ به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی 16ی ئۆكتۆبر كه‌ دووباره‌ ده‌یه‌وێت كێشه‌ بخاته‌وه‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵ بۆ مووچه‌ بڕكردنی خه‌ڵكی كوردستان ده‌دات هه‌ڵوێست بنوێنن.

چواره‌: پێویسته‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ سۆنگه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بڕواننه‌ هاوكێشه‌ و هاوسه‌نگییه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سیاسه‌ت و پلانه‌كانی وڵاتانی هه‌رێمی بكه‌ن و هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی په‌یڕه‌و بكه‌ن.

پێنجه‌م: پێویسته‌ كورد له‌ باشوور و رۆژئاوای كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی جیهانی به‌هێزتر بكات و یه‌ك سیاسه‌ت و ستراتیژی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پیلانه‌كان هه‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ناتوانن گوتاری سیاسی خۆیان به‌ ته‌واوه‌تی یه‌ك خه‌ن ئه‌وا پێویسته‌ دژایه‌تی یه‌كتر نه‌كه‌ن و پشتگیری له‌ هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی یه‌كتر بكه‌ن و مه‌رجه‌عێكی سیاسی هاوبه‌شیان هه‌بێت بۆ ده‌ركردنی بڕیاری سیاسی هاوبه‌ش و دروست كردنی زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ خۆلقاندنی كه‌شێكی گونجاو بۆ سازان و له‌ یه‌ك تێگه‌یشتنی زیاتر به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌ت كردن به‌ گه‌لی كوردستان له‌ هه‌ر دوو به‌شه‌كه‌ی كوردستان.

ئه‌رده‌لان گۆران

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.