Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:08

  نێچیرڤان بارزانی له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رێکی کراوه‌دا

هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌غداوه‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ بودجه‌ی عێراق دروست بكرێت ئه‌ویش لێدان بوو له‌ پشكی كوردستان
100%

سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی (نێچیرڤان بارزانی)، بۆ به‌غدا كتو پڕ نه‌بوو، بڕیار بوو پێشووتر سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی كردبایه‌، به‌ڵام (دوو) رووداو هاتنه‌ پێشه‌وه‌، ده‌بوو (نێچیرڤان بارزانی) هاوكێشه‌كه‌ی راست بكردبایه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر چاوه‌یه‌كی باڵای پارتییه‌وه‌ زانیومه‌ كه‌ (نێچیرڤان بارزانی)، هه‌وڵی یه‌كه‌می: به‌لارێدابردنی بودجه‌ی گشتی عێراقی راستكرده‌وه‌، كه‌ هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌غداوه‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ بودجه‌ی عێراق دروست بكرێت ئه‌ویش لێدان بوو له‌ پشكی كوردستان و سه‌پاندنی چوار مه‌رج بوو، زانیاری ته‌واو هه‌بوو كه‌ فشار له‌سه‌ر (عادل عه‌بدول مه‌هدی)سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌بوو.

 له‌باره‌ی پرسی بودجه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌م هه‌وڵه‌دا گومان له‌ (حه‌یده‌ر عه‌بادی) هه‌بوو كه‌ ئێستا بوه‌ته‌ سه‌رمه‌شقی ئه‌و ئاراسته‌ی عێراق بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو و سه‌رپه‌رشتی ره‌وتێك ده‌كات ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ره‌وته‌یه‌ كه‌ (عادل عه‌بدول مه‌هدی) رۆڵی تێدا ده‌بینێت و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وێك، هه‌وڵی دووه‌م: ئاراسته‌یه‌ك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی پرسی (رێككه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق)  بۆ كه‌ركووك دوابخرێت، و ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بوو له‌سه‌ر پرسی گه‌رانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووك به‌ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ بڕوات، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ردانی (نێچیرڤان بارزانی) بۆ به‌غدا چاره‌سه‌ر كرا. هه‌ڵبه‌ته‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ رێككه‌وتنێك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا بۆ ئه‌وه‌ی دوو لێژنه‌ دروست بكرێت، (لێژنه‌یه‌ك بۆ هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق  و لێژنه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ پرسی بودجه‌ كه‌ د.فوئاد حوسێن، وه‌زیری دارایی عێراق) سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، ئه‌گه‌رێكی به‌هێز هه‌بوو كه‌ (نێچیرڤان بارزانی) ئه‌و سه‌ردانه‌ی نه‌كردبایه‌ هه‌ردوو پرسه‌كه‌ به‌لارێدا ببرابایه‌.

 بۆ داهاتووش (نێچیرڤان بارزانی) وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌به‌رده‌می كراوه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌بێت به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ  (عادل عه‌بدول مه‌هدی)، رێگا له‌و هه‌وڵانه‌ بگرن كه‌ ده‌یانه‌وێت عێراق و كوردستان بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ 16ی ئۆكۆتبه‌ر، ره‌نگ بێت هیچ حزبێك به‌قه‌د پارتی ده‌ستی به‌ سیاسه‌تی ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌سوتابێت، به‌تایبه‌ت دوای پێشنیاری بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان و خستنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی كوردستان بۆ ژێر ده‌ستی به‌غدا له‌لایه‌ن هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی حزبییه‌وه‌، بۆیه‌ پارتی زیاتر له‌ جاران ده‌یه‌وێت چاوی له‌سه‌ر به‌غدا نه‌برێت.

ره‌نگ بێت له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا (كۆمیته‌یه‌ك یان له‌شێوه‌ی فۆرمێكی دیكه‌) دروست بكرێت كه‌ ئه‌م كۆمیته‌یه‌ سه‌رپه‌رشتی كاری ئیداری  و دارایی و سه‌ربازی بكات، ره‌نگ بێت سه‌رۆكی كۆمیته‌كه‌ كاك (نێچیرڤان بارزانی و عادل عه‌بدول مه‌هدی) بن، كه‌ به‌هێزترین ئه‌گه‌ره‌ و ره‌نگه‌ له‌ داهاتوودا و له‌دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، (عادل عه‌بدول مه‌هدی) سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌و باره‌وه‌ رێككه‌وتن بكرێت، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌سه‌ر پرسی كه‌ركووك و بودجه‌ لێگه‌یشتنی باش هه‌یه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئیداره‌یه‌كی مه‌ده‌نی بۆ كه‌ركووك دیاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌گرنگه‌ له‌ سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ش ره‌نگ بداته‌وه‌، كاری (نێچیرڤان بارزانی) له‌به‌غدا ماوه‌، ره‌نگ بێت خواستی (مه‌هدی) ئه‌وه‌ بێت له‌م قۆناغه‌دا هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی بێت، چونكه‌ نایه‌وێت له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دژایه‌تی بكرێت، خۆشی باش له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ پشتیوانی كوردستان و پارتی وه‌ك حزبی دووه‌می جه‌ماوه‌ری  له‌ عێراق بۆ ئه‌و زۆر گرنگ ده‌بێت، كاتی خۆی چونكه‌ (عه‌بادی و مالیكی و ئیبراهیم جه‌عفه‌ر) كه‌وتنه‌ دژبه‌ری كوردستانه‌وه‌، نه‌یان توانی حوكمرانیه‌كی باش بكه‌ن.

ره‌نگ بێت به‌شێكی دیكه‌ی نزیك بوونه‌وه‌ی به‌غدا له‌ كوردستان، په‌یوه‌ندی به‌هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌وه‌ بێت كه‌ ده‌یانه‌وێت جارێكی دیكه‌ سیاسه‌تێكی تازه‌ بۆ عێراق دابرێژنه‌وه‌ كه‌ دووربێت له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو، به‌تایبه‌ت (وشكردنی سه‌رچاوه‌كانی ئێران  له‌ عێراق و هاتنه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و دوورخستنه‌وه‌ی میلیشیا و حه‌شد له‌ سنووره‌كانی عێراق و دووباره‌ هاتنه‌وه‌ی كوردستان بۆ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی عێراق) كه‌ سه‌رجه‌میان ئه‌وه‌ ده‌خوازێت سه‌ركردایه‌تییه‌كی تازه‌ له‌ عێراقدا رۆڵی خۆی ببینێت، بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئێستای كوردستان و عێراق له‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق رۆڵی ده‌بیینن، ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كانیان له‌به‌رده‌م كراوه‌ بێت كه‌ جارێكی دیكه‌ ره‌وتێك له‌ عێراق ئه‌م پێكه‌وه‌یییه‌ له‌ناو نه‌بات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا باجی داوه‌ له‌ سیاسه‌تی رابردووی عێراق به‌رانبه‌ر به‌ كوردستان، خه‌ڵكی كوردستان بووه‌، بۆیه‌گرنگه‌ هه‌ردوولا بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتووگۆ و دیالۆگی نیشتیمانی به‌رێوه‌ بچێت.

 

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.