زۆرینەی سیاسییەكانی كوردستان و ناوچەكە، لە ۱٦ی ئۆكتۆبەردا چاوەڕوانی كۆتاییهاتنی كیانی هەرێم بوون و هەندێكی تریان وەك بەدیل خۆیان دەناساند بۆ دەسەڵاتی ئێستای هەرێم، بەڵام ئەنجامی ئەم هەموو پیلانگێڕییە، مانەوەی هەرێم و سەركەوتنی پارتی و بارزانی بوو لە كۆتا هەڵبژاردنی كوردستان و عێراقدا.
سەرەتا پیلانداڕێژەرانی ڕووداوەكان لە بەغداوە دەستیان پێكرد و رێك كەوتن بە هۆی هێزەوە كۆتایی بە قەوارەی هەرێمی كوردستان بهێنن، بەڵام كۆتا سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و راخستنی فەرشی سوور و ناوهێنانی بە سەرۆكی هەرێم لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە كاتێكدا هیچ پۆستێكی فەرمیی نییە، هاوكاتە لەگەڵ ئەو لێكتێگەیشتنەی لە پرسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ۲٠۱۹ لە نێوان هەرێم و بەغدا لە ئارادایە، هەموو ئەمانەش ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەوەی كە تا ئێستاش لە بەغدا سەرۆك بارزانی وەك تاكە نوێنەری كورد مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
چارەنووسی عەبادی و تیلرسۆن و برێت ماكگۆرگ لە هەموو شتێك زیاتر شاهیدن، لەسەر ئەو راستییەی ئیتر هاوكێشەكان لەمە بەدوا گۆڕانكاریی زۆریان بەسەردا هاتووە و ئەم ترافیكە سیاسییەی هەرێمی كوردستان و عێراق بەخۆیەوە دەبینێ، لە كاتێكدایە هەمووان بە بێ دیداری سەرۆك بارزانی، عێراق جێناهێڵن، لێرەوە دەتوانین بڵێین لە داهاتوویەكی نزیكدا چاوەڕێی گۆڕانكاریی زیاتر دەكرێ لە بەرژەوەندیی كورددا.
لە كاتێكدا بەریتانییەكان پیلانداڕێژەری سەرەكیی روداوەكان بوون، ئێستا بە دەستبەتاڵی دەرچوون و نەوتەكەی كەركووك بۆ ئێران دەڕوات و ئەمەریكییەكان بە هێزەوە گەڕاونەتەوە ناوچە كوردستانییەكان، سەردانی بەردەوامی شاندە بەریتانییەكانیش بۆ هەرێم، بە جۆرێكە دەتوانین بڵێین لەوە گەیشتوون بۆ بەدەستهێنانەوەی پێگەیان لە ناوچەكەدا، تەنها چارەسەر گەڕانەوە بۆ لای بارزانییە.
ناكرێ رۆڵی نێگەتیڤانەی ئەمەریكییەكان نادیدە بگیرێت لە رووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەردا، بەڵام دەكرێ سەردانی هەردوو وەزیری وزە و دەرەوەی ئەمەریكا لە ماوەی یەك مانگدا بۆ هەرێمی كوردستان، بە راستكردنەوەی هەڵەكانی پێشوو هەژمار بكرێت و لە هەمان كاتدا گرینگیی پێگەی هەرێمی كوردستان دەردەخات لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە داهاتوودا.
سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ كوردستان، لە پاش بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكا دێت بە كشانەوەی هێزەكانی لە سووریا و بڵاوەپێكردنی هێزەكانی لە عێراق، بۆیە گەر سەیری كاتی ئەنجامدانی بكەین، مەبەستی سەرەكیی سەردانەكەمان بۆ روون دەبێتەوە، كە ئەو دۆستە هەمیشەییەی كورد، هەوڵ دەدات ڕۆڵێكی بەهێزتر بگێڕێت لە ناوچەكەدا، باشترین سەركردەش یارمەتیدەر بێ بۆ ئەو مەبەستە، سەرۆك بارزانییە.
وەك ئاشكرایە، ئێران لایەنی جێبەجێكار بوو لە رووی سەربازی و پێشەنگ لە گەمارۆدانی هەرێم، بەڵام لە ئێستادا هاوكێشەكان تەواو پێچەوانەن، هێزە سەربازییە نزیكەكانی ئەو وڵاتە لە پاشەكشەدان و لە رووی ئابووریشەوە لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە، بۆیە كۆڕبەندی ئابووری لە هەرێم ئەنجام دەدات و وەزیری دەرەوەشی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەم هەنگاوە ئەرێنیانەی ئێران بەرامبەر بە هەرێم، دەرخەری ئەو راستییەیە، كە بە حیكمەت و كاریزمایی سەرۆك بارزانی، لە ماوەیەی یەك ساڵدا توانراوە ئەم هەموو هاوكێشانە لە بەرژەوەندیی كوردستاندا گۆڕانكارییان بەسەردا بێت.