Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 08:46

تاریکترله‌ شه‌وه‌ زه‌نگ و خوێندنه‌وه‌یک له‌ مانگه‌شه‌ودا

ناونیشان سه‌ختترین كارى نووسینى تێكسته‌، چونكه‌ تێكڕاى فه‌لسه‌فه‌و ئامانجى نووسه‌ر له‌وێدا كۆ ده‌بنه‌وه‌
100%

چه‌ند كاژێرێك پێش ئێستانمایشى ( تاریكتر له‌ شه‌وه‌زه‌نگ )  ده‌رهێنه‌ر ئه‌رسه‌لان ده‌روێشم بینى، كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شانۆى هه‌ولێرو شانۆى سالار به‌ به‌رهه‌م هاتبوو، له‌ كه‌شو هه‌وایه‌كى باراناوى دا ،له‌ هۆڵى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شانۆ نمایش كرا.

دلشاد مسته‌فا ــ ى نووسه‌ر كاتێ ئه‌و تێكسته‌ى خۆى ناو ناوه‌ ( تاریكتر له‌ شه‌وه‌ زه‌نگ) ویستویه‌تى به‌ كورته‌ رسته‌یه‌ك پێت بڵێت، تۆ له‌ ناو تێكسته‌كه‌ كاراكته‌رێكى رووداوه‌كانى و پارچه‌یه‌كى زیندووى له‌ جه‌سته‌ى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ى مێژووییه‌كى دوورو درێژه‌ له‌ تاریكیه‌كى نا ئاسایى دا ده‌ژیت، له‌هه‌ر گۆشه‌ نیگایه‌كه‌وه‌، ئاوڕ له‌ رابووردووى خۆت و كۆمه‌ڵگاكه‌ت بده‌یته‌وه‌، یاخود چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ش له‌ ئێستاى خۆت بڕوانیت و بته‌وێت  تروسكاییه‌كى دوورو نزیك له‌و رابووردووه‌و له‌ ئێستاى خۆتا بدۆزیته‌وه‌، بۆ هه‌ناسه‌دان و خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌دان، ئه‌وه‌ به‌ هێمنى له‌ نێو گه‌رووى تاركییه‌كاندا نقۆم ده‌بیت و ئه‌گه‌ر زۆر وره‌ به‌رز نه‌بیت  له‌ناو شه‌وه‌ زه‌نگى ئه‌و تاریكیه‌یدا ون ده‌بیت و هه‌موو شتێ له‌ ده‌ست ده‌ده‌یت، بۆیه‌ (په‌رى) ده‌ڵێت : ئه‌و تاریكییه‌ چیه‌ خودایه‌!

نووسه‌ر دوور له‌ هیچ ته‌م و مژێك، به‌ زمانێكى ساده‌و تێڕوانینێكى ره‌وان و هێڵێكى درامى سه‌قامگیر، له‌ گوتارو فه‌لسه‌فه‌ى نمایشه‌كه‌ى خۆیدا  ده‌یه‌وێت  پێت بڵێت : ئاگات له‌ خۆت بێت من،  تۆ، باوكمان ، باپیرانمان ، هه‌ر هه‌موومان، پارچه‌یه‌كین له‌ مه‌ینه‌تیه‌كانى ئه‌و كۆمه‌ڵگا سته‌م دیده‌یه‌، كه‌ هیواكانى له‌ سه‌رابێكى بێ سنوور  ده‌چێت، سه‌رابێك كه‌ له‌ قوڵایى مێژووییه‌كى دوورو درێژه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌ و تا ئێستاشى له‌ گه‌ڵ دابیت، هه‌ر به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ ململانێ هزرى و فه‌لسه‌فیه‌كان له‌ نێوان نه‌وه‌  كۆن و نوێكاندا له‌سه‌ر چاره‌نووس و ئاینده‌ گه‌رمه‌، له‌ نێوان خۆبه‌ ده‌سته‌وه‌دان و بێ ئومێدى  و له‌ نێوان خۆ گرى و به‌رده‌وام بوون و بڕوا به‌ خۆ بوون ، نه‌وه‌یه‌كى نوێ یاخییه‌ له‌وه‌ى تێیدا ده‌ژیت و ده‌یبینى، نه‌وه‌ى كۆن له‌وه‌ى  قوربانى دان له‌ پێناو ئازادى و مانه‌وه‌دا، به‌ نه‌ریتێكى بۆ ماوه‌یى  گه‌له‌ غه‌در لێكراوه‌كان ده‌زانێ .

ktv

ئه‌وه‌تا  له‌ ئاكامدا كوڕه‌كه‌ به‌( خان) ى نه‌وه‌ى كۆن ده‌ڵێت: هێشتا تۆ كه‌مت له‌ به‌د فه‌ڕییه‌كان بینیووه‌، ئه‌وه‌ بزانه‌ كه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌، سه‌رده‌مى یه‌ك ره‌نگى و یه‌ك ده‌نگى نیه‌ ( مه‌به‌ستى له‌و لێك ترازانه‌ى نێو ماڵى كورده‌) سه‌رده‌م سه‌رده‌مى جیاوازییه‌، سه‌رده‌مى ئه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌س نه‌چیت ..

به‌ڵام (خان) به‌ سووڕ بوون  له‌ سه‌ر ئه‌و بیرو باوه‌ڕه‌ى هه‌ڵى گرتووه‌ ده‌ڵێ : هه‌ر كات رۆحى شۆڕشگێڕى له‌ ئینساندا مرد، ئیتر خۆشى ده‌مرێ، كوردى ئه‌سیل ده‌بێت وابێت ، هیچ دۆخێك نشوستى توش نه‌كات، له‌وپه‌ڕى بێ ئه‌مه‌لیدا چاوى له‌ تروسكاییه‌ك بێت ..

ئه‌وه‌تا له‌ ئاكامدا خان بڕوا به‌ كوڕه‌كه‌ دێنێت كه‌ سڕ بێته‌وه‌و  وه‌ختێكى تر هه‌ڵبژێرێ  بۆ ژیانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ى كه‌ سڕ بوون حاڵه‌تێكى كاتیه‌و هاكا پێویستى سڕ بوون نه‌ما، سه‌ر له‌ نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ژیانێكى تر له‌ زه‌مه‌نێكى تردا.

 له‌ كۆتاییدا (خان) به‌ ده‌م زام و برینى شه‌ڕى ناوخۆییه‌كانه‌وه‌  ده‌چێته‌ ژێر باڵى كوڕه‌كه‌و به‌ره‌و یه‌ك ئاراسته‌و (به‌ یه‌كه‌وه‌) ، كه‌ ئامانج تێیدا هه‌موو نه‌وه‌كان به‌ هه‌موو زام و برین و ئازارو مه‌ینه‌تیه‌كانیانه‌وه‌ یه‌ك رێگا هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ نێو تابلۆكه‌ ..به‌و ئومێده‌ى دواى زه‌مه‌نى سر ِ بوون،  بۆ جارێكى دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و سه‌ره‌تایێكى دیكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ كورته‌ى ئایدیاو فه‌لسه‌فه‌ى نمایشه‌كه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ لیره‌وه‌ به‌دواداچوونێًكى بۆ ده‌كه‌ین و له‌ ناونیشانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین .

ناونیشان:

ناونیشان سه‌ختترین كارى نووسینى تێكسته‌، چونكه‌ تێكڕاى فه‌لسه‌فه‌و ئامانجى نووسه‌ر له‌وێدا كۆ ده‌بنه‌وه‌، زۆر جارى وا هه‌یه‌  ناونیشانێكى سه‌قه‌ت به‌رهه‌مێك له‌ بار ده‌چوێنێ، یان به‌رهه‌مێكى كرچ و كاڵ به‌ ناونیشانێكى جوانه‌وه‌  ده‌بێته‌ مایه‌ى فریودانى بینه‌رو راكێشانیان به‌ره‌و هۆڵه‌كانى شانۆ.

من له‌ تێكستى ( تاریكتر له‌ شه‌وه‌ زه‌نگ )دا هه‌ستم به‌ دوو خاڵى گرنگ كرد:

یه‌كه‌میان : ناونیشانه‌كه‌ نه‌كه‌وتۆته‌ قالبێكى درامى سه‌رنج راكێش، كه‌ پرسیارێكى زه‌هنى لاى بینه‌ر دروست بكات، به‌ شێوه‌یه‌ك هۆگرى بینینى ناوه‌رۆكى ناونیشانه‌كه‌ بێت ، چونكه‌ زۆر جاران ناونیشانى تێكست، سروشى ئه‌وه‌ت پێ ده‌به‌خشێت كه‌ ناونیشان وه‌ك كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى نهێنییه‌كان، به‌ داخراوه‌یى به‌جێ دێڵێ  و بینه‌ر تامه‌زرۆى كردنه‌وه‌ى كرۆكى فه‌لسه‌فه‌ى نمایشه‌كه‌ بێت، به‌ڵام له‌ نمایشى (تاریكتر له‌ شه‌وه‌ زه‌نگ) نه‌ وێنه‌یه‌كى درامیت  له‌ مێشكدا بۆ دروست ده‌بێت، نه‌ نهێنیه‌ك بۆ بینه‌ر به‌ جێ دێڵێ تامه‌زرۆى گه‌ڕانى بێت ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگه‌ سه‌رپۆش له‌ سه‌ر ته‌واوى  فه‌لسه‌فه‌ى نمایشكه‌ هه‌ڵداته‌وه‌، وه‌ك ئاشكرابوونى پرسیارى تاقیكردنه‌وه‌كان .

دووهه‌مییان : ناونیشانى ( تاریكتر له‌ شه‌وه‌ زه‌نگ ) ناونیشانێكى ره‌هایه‌، كه‌ بوارى بۆ هیچ ئه‌گه‌رێكى دیكه‌ به‌جێ نه‌هێشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كه‌ له‌ نێوان ( گه‌ش بینى و ره‌شبینى دا ـــ له‌ نێوان ئه‌رێنى و نه‌رێنى، تاریكى و رووناكى دا  ) بكه‌ینه‌ حاڵه‌تێكى (رێژه‌یى) كه‌چى  به‌لۆژیك حاڵه‌ته‌كه‌ حاڵه‌تێكى ریژه‌ییه‌، وه‌ك له‌ ناوه‌رۆكى تێكسته‌كه‌شدا وا هاتووه‌، حاڵه‌ته‌كه‌ بۆچوون و تێڕوانینى جیاواز له‌ یه‌كتر هه‌ڵده‌گرێ و  نه‌بۆته‌ حاڵه‌تێكى گشتى.

كاراكته‌ره‌كان :

نووسه‌ر بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنى ئه‌و تراژیدیاو مه‌رگه‌ساتانه‌ى له‌ تێكسته‌كه‌دا ئاماژه‌ى پێكراوه‌ ، چڕ بوونه‌وه‌یه‌كى له‌ كاراكته‌ره‌كاندا كردووه‌ و تێیدا چه‌ند نه‌وه‌یه‌كى ئاوێزانى یه‌كتر كردووه‌ ، له‌ نه‌وه‌ى كۆن و نه‌وه‌ى نوێ دا له‌وانه‌ :

په‌رى :

كچه‌ نیگاركێشێكى نه‌وه‌ى نوێیه‌، وێڕاى ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ندێكى نیگاركێشه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا كه‌سێكى به‌ ئاگاو هوشیاره‌و كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌ده‌م جگه‌ره‌و  شه‌راب خوارنه‌وه‌شه‌وه‌  نیگار ده‌كێشێ، به‌ڵام پێ ده‌چێت ئه‌زموونێكى تاڵى هه‌بێت له‌ گه‌ڵ پیاودا بۆیه‌ متمانه‌ى به‌ پیاو نه‌ماوه‌، ترس و نیگه‌رانیه‌كى له‌ گه‌ڵ دایه‌ ..

ئه‌و پرۆژه‌یه‌كى نیگار كێشانى به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ مه‌ینه‌تیه‌كانى كورد، چه‌ند تابلۆیه‌ك بكێشێ و دواتر له‌ پاریس به‌شدارى پیشانگایه‌كییان پێ بكات، ده‌كه‌وێته‌ خه‌یاڵێكى چڕ، نازانێت له‌ كوێوه‌ ده‌ست به‌ تابلۆ كێشانى ئه‌و مه‌ینه‌تیانه‌ بكات و له‌ كوىً كۆتاییان پێ بێنێت، بۆیه‌ هه‌ر له‌ ناو ئه‌و خه‌یاڵانه‌دا كاراكته‌ره‌كانى ناو تابلۆكه‌ زیندوو ده‌بنه‌وه‌و له‌ ناو تابلۆكه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌  بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان نمایش بكه‌ن  و باسى ئازاره‌كانى خۆیان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى شوێنێك له‌ جوگرافیاى نێو تابلۆكه‌دا داگیر بكه‌ن و مه‌ینه‌تى و نه‌هامه‌تیه‌كانیان بگاته‌ پێش چاوى گه‌لانى دنیا .

خانى له‌پ زێڕین :

كاراكته‌ری سه‌ره‌كییه‌و ئه‌و پیاوه‌ قاره‌مانه‌ى قه‌ڵاى دمدمه‌، كه‌ له‌ سه‌ر ململانێى نێوان ئه‌میرى برادۆست و شا عه‌باس دا، سه‌ره‌ڕاى قوربانى دانى بێ شومارى كوردو خۆ راگرى به‌رامبه‌ر به‌ له‌شكرێكى زه‌به‌للاحى شا عه‌باس خۆ راگر بوو،  به‌ڵام له‌ ئه‌نجامى خیانه‌ت و گرتنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى ئاوى قه‌ڵا داگیر كرا.

خانى له‌پ زێڕین له‌و نمایشه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى شوێنى خۆى له‌و تابلۆیه‌دا بكاته‌وه‌ كه‌  مه‌ینه‌تیه‌كانى كورد به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، له‌ نمایشه‌كه‌دا نوێنه‌رایه‌تى نه‌وه‌ى كۆن ده‌كات و ده‌بێته‌ هێمایه‌ك بۆ خیانه‌تكارى له‌ مێژوودا، كه‌ ئه‌مڕۆى كوردستانیش ده‌بینێ به‌ نه‌وه‌ى ئێستاكه‌ ده‌ڵێت: سه‌رده‌مه‌كه‌تان زۆر ئاڵوزو تاقه‌ت پڕوكێنه‌ره‌. ئیحساس ده‌كه‌م ئێوه‌ ئێستاتان لێ كردوین به‌ جه‌هه‌ننه‌م .

خان ــ له‌و كاتانه‌ى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ شه‌ڕى برا كوژیدا بریندار ده‌بێت و خوێنى لێ ده‌چۆڕێت، جارێكى دیكه‌ برینه‌ كۆنه‌ ساڕێژ نه‌بووه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌، به‌ ده‌م ئه‌و برینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  ئه‌و شوێنه‌ى لێى هاتبوو به‌ڵام به‌ هیواو ئومێدێكى تر به‌ ئاینده‌ .

كوڕه‌كه‌:

ئه‌و كاراكته‌ره‌ هیچ ناوێكى لێ نه‌نراوه‌، چونكه‌  كه‌س نایناسێ،  به‌ڵام  رۆژێ له‌ رۆژان فیگه‌رێكى نێو تابلۆ بووه‌ لاى په‌رى نیگاركێش، له‌ ناوچوارچیوه‌ى  تابلۆكه‌دا دێته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى  ئه‌ویش چاره‌نووسى خۆى له‌ ناو تابلۆكه‌دا بدۆزێته‌وه‌و گله‌یى له‌ (په‌رى) ده‌كات كه‌ ژیان كۆپى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌ویش جیاوازى نیه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وانى ترو له‌ دنیایه‌كى پڕوپوچى پڕ له‌ ترس و  نیگه‌رانیدا ده‌ژیت، هه‌میشه‌ موغازه‌له‌ى په‌رى ده‌كاو درۆى بۆ هه‌ڵده‌به‌ستى، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ خۆى نزیك بكاته‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ (په‌رى) وه‌ك خۆى گوته‌نى متمانه‌ى به‌ كه‌س نه‌ماوه‌ ، بۆیه‌ گوێ ى پێ ناداو په‌راوێزى ده‌كات، به‌ڵام  له‌ كوێوه‌ هاتۆته‌ ناو تابلۆكه‌و چ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ په‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ ئه‌وه‌ په‌رى خۆى وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ ده‌ڵێ: من پێشتر سیماى تۆم له‌ سه‌ر كێلى گۆڕێك بینى، ویستم لێره‌ دووباره‌ى كه‌مه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت مادام ره‌سمى له‌ سه‌ر كیلێكدا نه‌خشێندرابێت ، ره‌نگه‌ ئه‌و كوڕه‌ مردووییه‌كى گه‌نج ، یان شه‌هیدێك بوو بێت ، كه‌چى له‌ كاتى زیندوو بوونه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى خۆیدا هه‌رگیز باس له‌ چۆنیه‌تى مردنى خۆى ناكات به‌و گه‌نجایه‌تى و به‌و ئاواته‌ جوانه‌مه‌رگانه‌یه‌وه‌ چۆن چۆته‌ ژێر گڵ ؟ یان چى واى له‌ په‌رى كردووه‌ ئه‌و ره‌سمه‌ى سه‌ر كیله‌كه‌ سه‌رنجى راكێشێ ؟ بۆیه‌ بینه‌ر هه‌ست ده‌كات    ناسنامه‌ى ئه‌و كوڕه‌ بزره‌ و ئاشنا به‌ باگ راوندى ژیانى ئه‌و كاراكته‌ره‌ نیه‌..

 

ktv

كاراكته‌ره‌ نادیاره‌كان :                                                                          

چه‌ند كاراكته‌رێكى  نادیار له‌ پشت شانۆوه‌ هه‌ن، یه‌ك له‌وان كچه‌ ده‌سته‌خوشكێكى په‌رییه‌، كه‌  ناوه‌ ناوه‌ زه‌نگ بۆ په‌رى لێ ده‌داو په‌ریش له‌ هه‌ڵسووكه‌وته‌كانى بێزاره‌، چونكه‌ شه‌وان تا به‌یانى به‌ ده‌م مه‌ى خواردنه‌وه‌ شه‌و ده‌باته‌ سه‌ر و كێشه‌ى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌و كاراكته‌ره‌ بێ ناسنامانه‌یه‌ كه‌ شوێنێكى له‌ جوگرافیاى نمایشه‌كه‌دا نیه‌ و بینه‌ر نایناسێ،

ده‌كرا نووسه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ى تێر تر كردایه‌، ته‌نها به‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونیه‌ لقێكى دیكه‌ى له‌ ناهه‌موارى كه‌سانى وه‌ك هێژا دروست كردایه‌..كه‌ ئه‌وانیش پارچه‌یه‌ك بوون له‌ نه‌هامه‌تیه‌ لێك گرێ  دراوى ئه‌و نیشتیمانه‌

به‌ گشتى كاراكته‌ره‌كانى ئه‌و نمایشه‌ ئه‌گه‌رچى له‌ بیركردنه‌وه‌دا جیاوازن و هه‌میشه‌ له‌ ململانێیه‌كى به‌رده‌وام دان له‌ سه‌ر بیرو باوه‌ڕو چاره‌نووس، به‌ڵام له‌ ئامانج دا یه‌ك ئاراسته‌یان هه‌یه‌  و هه‌موویان ده‌گه‌نه‌وه‌ یه‌ك جه‌مسه‌ر.

ده‌توانین بڵێین زه‌مه‌نى رووداوه‌كان له‌ رێگه‌ى كاراكته‌ره‌كانه‌وه‌ دیارى كراوه‌، هه‌ر له‌ زه‌مه‌نى خانى له‌پ زێڕینه‌وه‌ پێش 400 ساڵ زێتر،  تاوه‌كو ئێستاكه‌، به‌ڵام زه‌مه‌نى ئێستاكه‌ى  له‌ زه‌مه‌نه‌ بێزه‌وه‌رو مه‌ترسى داره‌كان ده‌ست نیشان كردووه‌، كه‌ تێیدا گه‌نج و لاوه‌كانیش بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵگرى به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌و مه‌ ترسیه‌، به‌ هۆى قۆرخ كردنى ئه‌و گه‌نجانه‌ لاى حزبه‌كان بۆ شه‌ڕه‌ په‌ڕۆو دروشم هه‌ڵگرتن و گولله‌ گێڕانه‌وه‌،  به‌مه‌ش نمایشه‌كه‌ وا له‌ بینه‌ر ده‌كات هیواى  به‌ نه‌وه‌ى نوێ  نه‌مێنێ و ئاسۆى  ئاینده‌ى نیشتمان كز تر ببینێ ، بۆیه‌ ئه‌و بۆیه‌  ره‌ش قه‌ترانیه‌ى به‌سه‌ر سیماو ناوه‌رۆكى نمایشه‌كه‌دا رژێندراوه‌، زیاد له‌ پێویسته‌و پانتایى تاریكیه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ زێتر ده‌كات كه‌ جارێ به‌م زووانه‌ ئومێدت به‌ هه‌ڵاتنى مانگه‌شه‌وێكى تر نه‌مێنێ.

 به‌ گشتى  فه‌لسه‌فه‌ى نمایشه‌كه‌ دابه‌شى چوار په‌رده‌ بووه‌،  له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌   تێى بڕوانى یه‌ك ره‌نگه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌ك بۆن و به‌رامى هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش بابه‌ته‌كه‌ له‌و فه‌زا داخراوه‌دا ده‌سوڕێته‌وه‌، واى لێ كردووه‌ له‌ خنكان نزیك بێته‌وه‌، فشارێكى زۆر له‌ سه‌ر سایكۆلۆژیه‌تى بینه‌ر دروست بێت..بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند په‌نجه‌ره‌یه‌ك له‌ هه‌یكه‌ل و رووداوه‌كانى  نمایشه‌كه‌ بكرابوایه‌وه‌ ،  تینى ئه‌و فشاره‌ به‌ سه‌ر بینه‌ردا كه‌متر ده‌بۆوه‌.

ده‌رهێنان

ئه‌رسه‌لان ده‌روێش خاوه‌ن ستایلێكى جێگیر نیه‌، هه‌میشه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى ستایل له‌ گۆڕان دایه‌ ، ئه‌مه‌شیان گه‌ڕانێكه‌ به‌ دواى باشترو هه‌ر تێكستێك جۆره‌ ستایلێكى پێویسته‌.

 بۆ ئه‌مجاره‌ ستایلێكى واقیعى هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ پشت به‌ دیالۆگ و گێڕانه‌وه‌ ده‌به‌ستێت، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ هونه‌رییه‌كانى خۆى به‌ گه‌ڕ نه‌خا، بۆ ستاتیكاى نمایشه‌كه‌ى، ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ بینه‌ر دووچارى سڕ بوون و خاوبوونه‌وه‌ ده‌بات و ناتوانێت به‌ ته‌نیا دایه‌لۆگ چێژ له‌ نمایش وه‌رگرێ ، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ى دایه‌\لۆگه‌كان به‌هێزو مۆسیقى و وروژێنه‌ر بن ،  بۆیه‌ ده‌رهێنه‌ر  پێویستى به‌ بونیاتێكى ترى نمایشه‌، به‌ دروست كردنى وێنه‌و سینۆگرافیاو ئه‌داى ئه‌كته‌ر.بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و توخمانه‌ هه‌ر یه‌ك له‌وان شوێنى خۆیان له‌ جوگرافیاى شانۆدا دیار بێت و كاریگه‌رى ده‌روونى و هزرى خۆیان به‌ ناخى لبینه‌ردا به‌ جێ بێڵن ، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كاته‌ى نمایش ده‌بینێ و تا زه‌مه‌نێكى دوور تامو چێژى ئه‌و وروژاندنانه‌ هه‌ر بمینێ ..هه‌ر بینه‌رێكیش ئه‌گه‌ر ئاره‌زووى ئه‌وه‌ى كرد بزانێت ئه‌و نمایشه‌ى بینى سه‌ركه‌وتوو بوو یان نا .. با له‌وه‌وه‌ تاقى بكاته‌وه‌ ، بزانێ ئه‌و نمایشه‌ تا چه‌ند كاسى كردووه‌ ، یان تا چه‌ن كاریگه‌رییه‌كانى له‌ سه‌ر ده‌روونى ماوه‌ ، هه‌ر كات هه‌ستى به‌وه‌ كرد ، له‌ گه‌ڵ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى له‌ هۆڵ  نه‌ما ، ئه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ نمایشه‌كه‌ى هه‌ر نه‌بینى بێ ..

هه‌ر كات ده‌رهێنه‌ر نه‌یتوانى به‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌یه‌تى نه‌توانێ بینه‌ر بوروژێنێ ، ئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌ڵًوێسته‌ بكات و به‌ دواى هۆكاره‌كاندا بگه‌ڕێ

ئه‌و پرسیاره‌ى گرنگه‌ بگوترێ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ده‌رهێنه‌ر توانى تێكسته‌كه‌ ته‌واو بكات و رووى دووه‌میمان نیشان بدات؟ یاخود توانى ئه‌و وروژاندنه‌ دروست بكات كه‌ پێویست بوو؟ یاخود نه‌ تینوویه‌تى خودى ده‌رهێنه‌رو نه‌ بینه‌ریشى شكاند؟ وه‌ڵامى راست له‌ ناخ و له‌هزرى بینه‌ر دایه‌ ، به‌ڵام منیش بینه‌رم و ده‌ڵێم :له‌ سینۆ گرافیادا ده‌رهێنه‌ر بۆشاییه‌كى زۆرى دروست كرد، هه‌ر له‌ دیمه‌نى یه‌كه‌مدا كه‌ ژوورى نیگار كێشانى كچه‌كه‌وه‌ كه‌ بینیمان  چه‌ند تابلۆیه‌كى پێوه‌ هه‌ڵواسرا بوو، چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كى وێنه‌ كێشانى وه‌ك  ستاند و پالێت و سه‌تڵى بۆیاخ و مێزێك ده‌بیندرا، له‌ باگ راوندى شانۆدا ئه‌و تابلۆ زله‌ى كۆمه‌ڵێ له‌ كاراكته‌ره‌كانى به‌ جوله‌ى وه‌ستاوه‌وه‌ تێدا دیار بوو، ئه‌وه‌ ته‌واوى دیمه‌نه‌كه‌ فلات بوو،  رووناكى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رووناكى په‌خش  نه‌یتوانى بوو  به‌رجه‌سته‌ى دیمه‌نه‌كان بكات، ئه‌و رووناكییه‌ سووره‌ش كه‌ به‌ درێژایى شانۆ دووباره‌ ده‌بۆوه‌، هێماى  خۆى له‌ ده‌ست دابوو و  هه‌ستت به‌ بایه‌خى  هیچ رووناكییه‌كى شانۆیى نه‌ده‌كرد..

 به‌ گشتى نمایشه‌كه‌ له‌ سینۆگرافیا داچۆڕاوبوو، به‌ هۆى لاوازى  رووناكى و موزیك ، جگه‌ له‌ ئارایشت نه‌بێت ، بۆ دروست كردنى ئارایشتى  كاراكته‌ره‌كان له‌ ناو تابلۆكه‌ نه‌بێت كه‌ ماندوو بوونى زۆرى ماكێرى پێوه‌ دیاربوو، به‌ تایبه‌ت بۆ ره‌سم كردنى تابلۆى كاراكته‌ره‌ سڕ بووه‌كان.

ئه‌و لایه‌نه‌ى لاوازى سینۆگرافیا واى كردبوو ریتمى نمایشه‌كه‌ خاو بێت ، تا له‌ كۆتایى نمایشه‌كه‌دا ریتمى خاوبوونه‌وه‌ له‌ دوا له‌حزه‌دا به‌ ته‌واوه‌تى له‌ سه‌ر شانۆدا مردو ده‌رهێنه‌ر چاره‌سه‌رێكى پێ نه‌بوو بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ى، تا له‌ دوا چركه‌دا ده‌رهێنه‌ر نه‌یزانى چۆن   چاره‌سه‌رى دیمه‌نى كۆتایى بكات ، له‌ ناو ئه‌و ریتمه‌ خاوه‌دا په‌رى ئه‌و تابلۆیه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كێشابووى ، كۆتایى به‌ نمایش دیچت ، ئه‌وه‌ى نیشانه‌ى مردنى ریتم بوو له‌ دوا له‌حزه‌ى نمایش ئه‌وه‌بوو بینه‌ر هه‌ستى به‌ كۆتایى هاتنى نمایش نه‌ده‌كرد                                     .

له‌ هه‌ندێ دیمه‌ندا ده‌رهێنه‌ر هاوسه‌نگى فه‌زاى شانۆى له‌نگ كردووه‌، له‌و كاته‌ى كه‌ خان و كوڕه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ گفتو گۆ كردن دان ، له‌ برى ئه‌وه‌ى په‌رى سه‌رقاڵى دروست كردنى تابلۆ بێت  له‌ گۆشه‌ی لاى راستى شانۆدا ده‌بیندرێت، به‌ سڕى  دانیشتووه‌ و هیچ جوله‌یه‌كى نیه‌، به‌مه‌ پارچه‌یه‌ك له‌ جه‌سته‌ى شانۆ ده‌مرێ كه‌ بینه‌ر سه‌رنجى له‌ سه‌ره‌و ده‌ر هێنه‌ر نه‌یتوانییوه‌ چاره‌سه‌رى بۆ دانێ، له‌و حاڵه‌تانه‌دا ناكرێت ئه‌كته‌ر به‌ ده‌ست به‌ تاڵى له‌ سه‌ر شانۆ بمینێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر رۆلیشى نه‌بێت مادام له‌ به‌رچاوى بینه‌ره‌، ده‌بێت به‌ زیندوویه‌تى له‌ سه‌ر شانۆ بێت نه‌ك به‌ مردوویه‌تى، ئه‌وه‌ى باسم كرد ته‌نیا نموونه‌یه‌ك بوو بۆ چه‌ند حاڵه‌تێكى تر به‌ هه‌مان شێوه‌.

ktv

ئه‌كته‌ر:

ده‌رهێنه‌ر سێ ئه‌كته‌رى لێهاتووى هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ رۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌وانه‌ :به‌همه‌ن حاجى ــ  كوڕه‌كه‌ ، رۆزانه‌ فه‌رهاد ـــ په‌رى ، پشكۆ  شێخ عه‌لى ـ خانى له‌پ زێڕین .

 به‌ پێى توانستى ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ ده‌بوا هاوسه‌نگى سینۆگرافیا زۆر له‌وه‌ى بینیمان به‌رز تر بێت ، به‌ڵام توانستى ئه‌وان له‌ سه‌ر شانۆدا توانستێكى دیارى كراوه‌و هه‌ست به‌ حاڵه‌تێكى جیاواز ناكه‌یت له‌ ئه‌داى ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ وه‌ك :

به‌همه‌ن حاجى له‌ رووى ئیلقاو ده‌نگه‌وه‌ ئه‌كته‌رێكى نموونه‌ییه‌ ، به‌ڵام له‌و به‌رهه‌مه‌دا هه‌ستت به‌ جۆرێك له‌ گرژى ده‌كرد، وێڕاى ئه‌وه‌ى به‌ یه‌ك ریتم مایه‌وه‌ ، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایى نمایش، راسته‌ به‌همه‌ن گه‌نجێكى توڕه‌و یاخى بوو بوو له‌و هه‌لو مه‌رجه‌ سه‌خته‌ى تێیدا ده‌ژیا ، به‌ڵام ئه‌و یه‌ك ده‌ققیه‌ى له‌ ریتمى ده‌نگ و ریتمى جه‌سته‌ نواندنه‌كه‌ى لاواز كردبوو.

رۆزانا فه‌رهاد: ئه‌كته‌رێكى ئه‌كادیمى خاوه‌ن به‌هره‌یه‌، من له‌ نمایشى دیكه‌دا بینییومه‌ چۆن توانستى ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ قۆرمخ كراوه‌و سوود له‌ به‌هره‌وتوانستى وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام له‌و نمایشه‌دا نه‌تواندرا وزه‌ى رۆژانه‌ وه‌ك پێویست بته‌قێندرێته‌وه‌و ئه‌داى جوانترى پێ ببه‌خشرێت .

پشكۆ ـ جگه‌ له‌ جلو به‌رگى برادۆستى نه‌بێت ، هیچ جوله‌یه‌كى سه‌رنج راكێشمان لێ نه‌بینى، كه‌ گوزارشت له‌ تواناى ئه‌و بكا وه‌ك ئه‌كته‌ر.

زۆرێك له‌و گرفتانه‌ى هاتبونه‌ به‌رده‌م ئه‌كته‌ر له‌و نمایشه‌دا، به‌شى زۆریان ده‌رهێنه‌ر لێیان به‌رپرسیار بوو، ئیتر به‌ هه‌ر پاساوێك بێت.

بینه‌ر هه‌ستى به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ جۆرێك له‌ په‌له‌ پرۆزێ له‌ به‌رهه‌م هێنانى نمایشه‌كه‌ كرابێت و هێشتا كاتى كوڵاندنى  مابوو..

 

ئه‌م ووتاره‌ گوزارشت له‌ بیرو بۆچوونی نوسه‌ر ده‌كات 

 

شانۆ

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.