Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:02

پارتی و کابینەی نۆیەمی حکوومەت

ناكرێت جارێكی دیكە هەمان ئەزموونی رابردوو لەگەڵ ئەو هێزە موزایەدەچییانە دووبارە بكرێتەوە
پیران ئه‌میر
100%

 دوای ئەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەندكران و رۆژی یەكشەممەش ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لە رێی دەركردنی مەرسوومێكی هەرێمی داوای كرد كە رۆژی شەشی ئەم مانگە، یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەستپێبكات و پەرلەمانتارانیش سوێندی یاسایی بخۆن.

دیارە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەو راستییەی دەرخست كە هەرێمی كوردستان ئەمجارە بە ئاسانی دەتوانێت حكوومەت دروستبكات، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین كورسییەكانی مسۆگەر كردووە، ئەگەرچی ئەم قسەیە بەو مانایە نییە، كە پارتی بە تەنیا حكوومەت دروست دەكات، یان خوێندنەوەی دیكەی بۆ بكرێت، بەڵكو مەبەست لەو قسەیە، ئەوەیە كە لە حاڵەتێكدا ئەگەر هێزەكان بیانەوێت كێشە بۆ پێكهێنانی حكوومەت دروستبكەن، ئەوكات پارتی بەو كورسییانەی خۆی و چەند كورسیێكی دیكەی هاوپەیمانەكانی بە ئاسانی دەتوانێت تەنانەت بەبێ یەكێتیش حكوومەت دروستبكات.

قسەكردنی ئێستای ئێمە لەسەر وادەی دروستكردنی حكوومەت نییە، چونكە پێشبینی دەكرێ لەچاو كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم، كابینەی نۆیەم بەو لۆژیكەی پارتی زۆرینەیەكی بەرچاوی هەیە و بە ئاسانی دەتوانێت چەند كورسێكی دیكەش مسۆگەر بكات، بۆ متمانە دان بە كابینەی نۆیەی حكوومەت، واتە پارتی لەوە بەرچاوی روونە بە ئاسانی دەتوانێت كابینەی نۆیەم دروستبكات، بەڵام پێویستە قسە جدییەكە لەو رەهەندەوە بێت، دەبێ پارتی مەرجی راشكاویی بۆ ئەو هێزانە هەبێت كە دەیانەوێ بێنە ناو حكوومەت، هاوڕێی نیوەی رێگە نەبن، واتە نابێ پارتی چیتر رێگە بەو هێزگەلە سیاسییانە بدات تا بەرژەوەندییان لەگەڵ حكوومەتدایە، لەناو حكوومەت بن و كە بەرژەوەندیشیان بە لایەكی تردا چوو، لە حكوومەت بكشێنەوە و خۆیان لە بەرپرسیارێتی بشارنەوە، لە كابینەی هەشتەمدا بە ئاشكرا و لە پێشچاوی هەموو لایەن ئەوەمان دیت كە هێزەكان لە نیوەی رێگەدا پارتی و بە تایبەتی خودی كاك "نێچیرڤان بارزانی"یان جێهێشتوو و هەرچی بەرپرسیارێتیی قورسی ئیداری و سیاسی و دارایی و هەتا سەربازیش هەبوو، خستیانە ئەستۆی كاك نێچیرڤان و حكوومەتی هەرێم، بەڵام ئەو چونكە بەڵێنی بە خەڵكی كوردستان دابوو كە خزمەتیان بكات و بەڕاستی سەرۆكوەزیرانی هەموو خەڵك بێت، شانی دایە بەر بەرپرسیارێتییەكان و حكوومەتی لە قەیرانی سیاسی و دارایی رزگار كرد، تا ئەو رادەیەی ئێستا حكوومەت لە رووی داراییەوە وەزعی زۆر باشە و خەریكە بە یەكجاریش پاشەكەوتی مووچە ناهێڵێت. بۆیە گرنگە مەرجی پارتی بۆ ئەوانەی دێنە ناو حكوومەت روون بێت، پێویستە كاتێك دێنە ناو حكوومەتەوە، بۆ ئەوە نەیەن حكوومەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاربهێنن و دواییش لە شاشەكان موزایەدە بكەن، وەك ئەوەی لە رابردوودا ئۆپۆزسیۆن كردیان، بەوەی زۆرترین كێشەیان بۆ حكوومەت و ئەدای كاركردنی دروستكرد، تەنانەت هەوڵی رووخاندنیشیاندا، بەڵام ئیرادەیەكی بەهێز لە پشت كابینەی هەشتەمەوە بوو، توانی بەسەر هەموو قەیرانە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەكاندا زاڵ بێت، كەوایە ناكرێت جارێكی دیكە هەمان ئەزموونی رابردوو لەگەڵ ئەو هێزە موزایەدەچییانە دووبارە بكرێتەوە، ئەمەش بەوە دەبێت پێویستە مەرجی روون بۆ ئەو هێزانە هەبێت كە دێنە ناو حكوومەتەوە، وەك پارتی خۆیان بە خاوەنی حكوومەت بزانن، نەك پێیەكیان لە ناو حكوومەت و ئەوی تریان لە ناو ئۆپۆزسیۆندا بێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.