Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:39

دەوڵەتی قووڵ ... حوکمڕانییەکی تایبەت لەناو فۆرمی رووکەشی دەستووردا

ئەم شێوازە تایبەتەی حوكمڕانیی نمایشكراو لەچوارچێوەی دەستووری وڵاتدا كە بە چەمكی «دەوڵەتی قوول» پێناسە كراوە
100%

 

چەمكی دەوڵەتی قووڵ (Deep State) بۆ یەكەمین جار لە سەدەی بیستەمدا بۆ ئەو شێوازە حوكمڕانییە تایبەتەی كۆماری توركیای نوێ بەكارهاتووە كە خۆی لەناو دەستووری توركیادا نمایش كردووە، ئەمەش بەو مانایەی دەستوورەكە بە شێوەیەكی رووكەش ماوەتەوەو حكومەتیش لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە پێكهاتووە، بەڵام حوكمڕانیی راستەقینە لە دەستی تۆڕێكی تێكەڵاوە لە دەستەبژێری (ئەفسەرە پلە باڵاكانی سوپا، پلە باڵاكانی دەزگای هەواڵگری، پلە باڵاكانی پۆلیس و ئاسایش، دەسەڵاتی دادوەری، گرووپێك بۆ ئەنجامدانی تاوانی رێكخراو - Organized Crime- ). ئەم شێوازە حوكمڕانییە تایبەتە كە پێی دەگوترێت «دەوڵەتی قووڵ» لە دوای هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی بە شێوەیەكی فەرمی و دامەزراندنی كۆماری توركیای نوێ وەك دەوڵەتێكی دیموكراتی و سكۆلاری و كۆماری دەستووری، لە ساڵی 1923 لەلایەن مستەفا كەماڵ ئەتاتوركەوە پیادەكراوە، هەتا گەیشتۆتە ئەوەی لە سەردەمی سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆگاندا دەستووری توركیای هەموار كردەوە و سیستمی وڵاتی لە پەرلەمانییەوە گۆڕی بۆ سەرۆكایەتی، تەنیا لە پێناوی ئەوەی شێوازی حوكمڕانی (دەوڵەتی قووڵ) ببێتە شێوازێكی دەستووری لە توركیادا.


ئەم شێوازە تایبەتەی حوكمڕانیی نمایشكراو لەچوارچێوەی دەستووری وڵاتدا كە بە چەمكی «دەوڵەتی قوول» پێناسە كراوە، بۆتە زارەوەیەكی ناو ئەدەبیاتی سیاسی بۆ هەموو ئەو سیستمە سیاسییانەی كە شێوازی حوكمڕانییەكەیان لە دەستووردا خۆی نمایش دەكات و حوكمڕانیی راستەقینەی وڵاتیش بەدەست ئەو كەسانەوەیە كە شاراوەن، یان لەناو وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت، یان پەرلەمان نابیندرێن. سەبارەت بەم لایەنە جۆن لی كاری نووسەر و ئەفسەری پێشووی هەوڵگری بەریتانیا لە رۆمانە تازەكەیدا (راستییەكی ورد - A Delicate Truth) زۆر بە وردی پێناسەی دەوڵەتی قووڵی بەم شێوەیە كردووە: «دەوڵەتی قووڵ بریتییە لەو بازنەی كە بەردەوام لە فراوانبووندایە و بۆتە چوارچێوەیەك بۆ كۆكردنەوەی رێكخراوە ناحكوومییەكان كە بریتین لە بانكەكان، كۆمپانیا بارزگانی و پیشەسازییەكان، لەناو ئەم بازنەیەدا پاكسازییەكی ئەوتۆ كراوە كە هیچ زانیارییەكی گرنگ ناتوانێت سنووری ئەو بازنەیە ببەزێنێت و بگاتە هۆڵەكانی وێست منیستەر ) باڵەخانەی حكومەتی بەریتانیا) و هۆڵەكانی كۆشكی سپی (باڵەخانەی حكومەتی ئەمریكا)، ئەمەش مانای ئەوەیە دەوڵەتانی رۆژئاوای دیموكراتیش، هەڵسووڕێنەرانی حوكمڕانی راستەقینە لە بەریتانیا و ئەمریكای پێش برێكسیت و دەرچوونی ترەمپ، ئەو خەڵكانە نەبوون كە پۆستی سەرۆك كۆمار، یان سەرۆك وەزیرانیان بەدەستەوەیە، یان ئەو خەڵكانە نین كە پۆستە وەزارییەكان بەڕێوە دەبەن، بەڵكو حوكمڕانی راستەقینە ئەو رێكخراوە ناحكوومییانەن كە بەردەوام ئەو بازنە شاراوەیە فراوان دەكەن، كە لەلایەن بانكەكان و كۆمپانیا گەورەكانی پیشەسازی و بارزگانییەوە دروستیان كردووە. 


ئەم پێناسانە ئەوەمان پێدەڵێن كە لە شێوازی حوكمڕانیی دەوڵەتی قووڵدا مەودایەك لە نێوان حوكمڕانی رووكەش (سەرۆك، یان سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان) و حوكمڕانیی راستەقینە (كەس و رێكخراوە شاراوەكان) هەیە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە، ئایا هیچ ئەزموونێك هەیە، جۆرە تێكەڵاوییەك لەنێوان حوكمڕانیی رووكەش و حوكمڕانیی راستەقینە دروست بكات، یان بە شێوەیەكی دیكە كاراكتەرەكانی دەوڵەتی قووڵ خۆیان لەناو باڵەخانەی حكومەتدا بشارنەوە و كار بۆ سەرخستی ئامانجەكانی دەوڵەتی قووڵ بكەن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لەوانەیە خۆپیشاندانەكانی (تی پارتی) لە ساڵی 2008ی ئەمریكاو سووتاندنی وۆڵ ستریت سەرەتایەكی باش بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هۆكاری پەككەوتنی هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی ئەمریكا و وەڵامنەدانەوەی خواست و داواكاریی هاووڵاتیان، تەنیا هۆكارەكەی ئەوە نەبووە كە كاراكتەرەكانی ناو بازنە فراوانەكەی (جۆن لی كاری) حوكمڕانی راستەقینە بوون و نەیانهێشتووە هیچ زانیارییەكی گرنگ بگاتە وێست منیستەر، یان وایت هاوس، بەڵكو لە دوای كارەساتی 11ی سێپتێمبەری 2001 و پاشانیش هەردوو شەڕی رووخاندنی رژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان و رژێمی بەعس لە عێراق، شێوازێكی تێكەڵاو لە شێوازی دەوڵەتی قووڵ لە ئەمریكا سەریهەڵداوە كە تۆڕێكی تێكەڵاوی لە كارەكتەرەكانی ناو حكومەت و كاراكتەرەكانی ناو بازنە فراوانەكەی رێكخراوە ناحكوومییەكان دروستكردووە، لەسەر ئەم پرسە، كۆنگرێسمانی خانەنشینكراوی ئەمریكا (جۆن لۆفگرن) لە كتێبەكەیدا كە لە ساڵی 2016 بەناونیشانی ( دەوڵەتی قووڵ: كەوتنی دەستوور و هەڵستانەوەی حكومەتی سێبەر - The Deep State: The Fall of the Constitution and the Rise of a Shadow Government) نووسیویەتی، راشكاوانە باسی ئەوە دەكات و دەڵێت: دوای ئەزموونی 28 ساڵی كۆنگرێسمانی لە (1983-2011) بۆم دەركەوت كە دەستوورەكەمان وەك دەقێكی رووكەش ماوە، بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ لەلایەن دەستەبژێری فەرمانڕەواوە ئاستەنگی بۆ دروست دەكرێت، دەستەبژێری فەرمانڕەوا بوونە كۆمەڵێك ئاسن لەناو تۆڕێكدا، بۆیە ناتوانرێت دەستوورەكە رزگار بكرێت، لە ئەمریكادا بەردەوام پارە و خەڵكی شیاو هەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزاری پێویست و چاودێری تەندروستی شایستە بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت، بەڵام ئەوەی كە نەیهێشتووە ئەم كارانە بە رێكوپێكی جێبەجێ بكرێت، دەرهاویشتە نەرێنییەكانی ئەو حكومەتە سێبەرە بووە كە زۆر كەم بایەخی بە ماددەكانی دەستوور داوە كە زۆر بە ئاسانی هەموو كەسێك تێیان دەگات. ئەو حكومەتە سێبەرەش بە پێناسەی ناو كتێبەكەی لۆفگرن بەمجۆرەیە: من دەوڵەتی قووڵ بەو مانایە بەكاردەهێنم كە بریتییە لە یەكگرتنێكی تێكەڵاوی نێوان كاراكتەرە سەرەكییەكانی ناو حكومەت لەگەڵ بزنسمانە باڵاكانی ناو كەرتی بارزگانی، ئەم دوو كاراكتەرە توانای ئەوەیان هەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوە بەرن، هەروەها بە شێوەیەكی سنوورداریش ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكەن كە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بە دەنگدەریان داوە.»


دیارە مایك لۆفگرن ئەم كتێبەی پێش هەڵبژاردنەكانی 2016 و سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە نۆڤمبەری ئەو ساڵە نووسیوە، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك ئیمپراتۆریەتێكی سەدەی بیست و یەكەم بە ئیمپراتۆریەتی رۆما بەراورد دەكات و لەو روانگەیەوە بایەخدان بە بازرگانی و دووركەوتنەوە لە پیشەسازی دەخاتەڕوو و دەڵێت: «ئیمپراتۆریەتی رۆما لەسەر پرانسیپێك بەڕێوە دەچوو، هەتا رووبەڕووی لەبەریەك هەڵوەشان بووەوە، پیشەسازی تەنیا سەرچاوەی راستەقینەیە بۆ داهات، بەڵام لە رۆما پیشەسازی نەبوو، رۆژانە ریگاكانی ئۆستیا بە ئەسپ و عارەبانەكانی كاروانچی جمەی دەهات و ئەم كاروانچییانە لە رۆژهەڵاتەوە حەریر و بەهارات، لە ئاسیای بچووكەوە مەڕمەڕ، لە ئەتڵەسەوە تەختە، لە ئەفریقیا و میسرەوە دانەویڵە، هەموو ئەمانە دەهێنرایە ئۆستیا و ئەسپ و عارەبانەكانیش كە دەگەڕانەوە، تەنیا ئەوەیان دەبردەوە كە لە سكی ئەسپەكانیان بووە.» ئاماژەكردن بەو مێژووە، بەئاگاهێنانەوەی سیستمی سیاسیی ئەمریكایە كە بە شێوەیەكی فراوان رووی كردۆتە بازرگانی و لە پیشەسازی دوور دەكەوێتەوە، ئەمەشی وەك سەرەتایەك بۆ رووخانی ئەمریكا بە هاوشێوەی ئیمپراتۆریەتی رۆما خستۆتەڕوو. 


ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2016 هەتا مانگی نۆڤێمبەر و دووبارە سەرنج لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی دۆناڵد ترەمپ بدەینەوە، ئەوا ئاشكرایە كە هەموو دروشمەكانی ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بەو دەوڵەتە قووڵەی ئەمریكا بووە كە ئەو یەكگرتنە تێكەڵاوەی لە نێوان كاراكتەرە سەرەكییەكانی كۆشكی سپی و بزنسمانە گەورەكانی كەرتی بازرگانی دروست كردووە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بە سەركەوتنی ترەمپ، كۆتایی بە دەوڵەتە قووڵەكەی ئەمریكا هات؟ بێگومان لە وەڵامی ئەم پرسیارە راشكاوانە دەتوانین بڵێین: ئەو دەوڵەتە قووڵەی مایك لۆفگرن وەك مەترسییەك بۆ سەر ئیمپراتۆریەتی ئەمریكا لە جیهاندا دەستنیشانی كردووە، ئێستاش لە ئەمریكا هەر ماوە و بەهێزیشە و هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆكایەتی دوور بخاتەوە، ئەمەش مەترسییەكی ئەوتۆی دروست كردووە كە (كاراكتەرە باڵاكانی ناو دەزگای هەواڵگری، كاراكتەرە باڵاكانی ناو دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی، كاراكتەرە باڵاكانی ناو دەسەڵاتی دادوەری) هەموویان پێكەوە جارێكی دیكە هەوڵەكانیان یەكخستووە بۆ ئەوەی حكومەتەكەی دۆناڵد ترەمپ بڕووخێنن و حكومەتە سێبەرەكەی خۆیان بێننەوە سەر دەسەڵات، لەسەر ئەم پرسە نووسەر و چاودێری سیاسی جیرۆم كۆرسی لە هاوینی ئەمساڵدا كتێبێكی تازەی بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانی (كوشتنی دەوڵەتی قووڵ: شەڕكردن بۆ پاراستنی سەرۆك ترەمپ)، لەم كتێبەدا جیڕۆم كۆرسی باس لەوە دەكات، چۆن كاراكتەرە باڵاكانی پێشتری حكومەتی ئۆباما و كاراكتەرەكانی ئێستای ناو دەزگای هەواڵگری و دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی دادوەری، بۆ ئەوەی بە رێگەی یاساكانی ئەمریكا و بە بەرگریكردنیان لەو دەستوورەی كە لە سەردەمی دەوڵەتی قووڵی ئەواندا تەنیا وەك رووكەش مابۆوە، سەرۆك ترەمپ دوور بخەنەوە، بۆیە داوادەكات كە دەبێت ئەو دەوڵەتە قووڵە بكوژرێت، بۆ ئەوەی سەرۆك ترەمپ بپارێزرێت.


جەختكردنەوەمان لەسەر شێوازە جیاوازەكانی (دەوڵەتی قووڵ) بۆ ئەوە بوو، دەروازەیەك بكەینەوە بۆ شیكاریی ئەو بارودۆخە سیاسییەی ئێستا لە عێراقدا كە بۆ حوكمڕانی هاتۆتەئاراوە و زۆر لە چاودێران و شرۆڤەوانانی سیاسی بە دەوڵەتی قووڵ ناوی دەبەن و، جەخت لەوە دەكەنەوە كە بوونی حاڵەتی «دەوڵەتی قووڵ» لە عێراقدا دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم سەركەوتنی ئەو كابینە حكوومییەی كە چاوەڕوان دەكرێت د.عادل عەبدولمەهدی لەم هەفتەیە، یان پێش كۆتاییهاتنی ماوە دەستوورییەكەی رای بگەیەنێت، بەڵام ئەم باسەكە لەچەند روویەكەوە هاوڕا نابێت لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی كە پێیانوایە حاڵەتی «دەوڵەتی قووڵ» دەبێتە ئاستەنگ بۆ بەرنامەی حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی، بەپێچەوانەوە، دیاردەی «دەوڵەتی قووڵ» لە عێراقدا خۆی پێویستی بەوەیە لەژیر سێبەری حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی بشارێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی حوكمڕانی راستەقینەی دەوڵەتی عێراق بێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.