Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:08

گەمارۆی ئابووری 

چیتر رووخانی رژێمەكان و دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەتەكانیان كاری ئیدارەی ئەمریكا نابێت
100%

 

وەك بەدیلی شەڕ و شێوازێكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشە نێودەوڵەتییەكان
فەرهاد محەمەد
لە دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەری 2001، جۆرج دەبلیو بوش بە هەموو جیهانی راگەیاند، هەر دەوڵەتێك نەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە، ئەوا ئەو دەوڵەتە بە سپۆنسەری تیرۆر و بە دوژمنی ئەمریكا لەقەڵەمی دەدەن. ئەم قسەیەی بوشی كوڕ، ئەو پەیامەی بە كۆی دەوڵەتانی جیهان راگەیاند، هەر دەوڵەتێك ئامادە نەبێت چەتری سۆپەرپاوەری ئەمریكا قبووڵ بكات و بە مەرجەكانی ئەمریكا رازی نه‌ بێت، ئەوا وەك ئیمارەتەكەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەڕووخێنرێت و لەجێی ئەو دەوڵەتێك بونیاد دەنرێتەوە كە چەتر و مەرجەكانی سۆپەرپاوەری ئەمریكای قبووڵ بێت، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش لە ساڵی 2003 هەمان ئیدارەی جورج دەبلیو بوش هێرشی كردە سەر رژێمی سەدام حوسێن و رووخاندنی، رووخانی رژێمی سەدام حوسێنیش پەیامێك بوو بۆ هەموو دەوڵەتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئیدارەی ئەمریكا بە «میحوەری شەڕ» ناوی دەبردن. 
بەڵام هەر لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا، ئەم ستراتیژە بە جارێك گۆڕانكاری بەسەرداهات و ستراتیژیەتێكی دیكە لەژێر ناوی «بەرژەوەندیی ئەمریكا پێش هەر شتێكی دیكە» جێگەی گرتەوە، ئەم ستراتیژەشی لەسەر دوو كۆڵەگەی سەرەكی داڕشتبوو كە بریتی بوون لە:
1. چیتر رووخانی رژێمەكان و دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەتەكانیان كاری ئیدارەی ئەمریكا نابێت.
2. چیتر پشتگیری بۆ بڵاوبوونەوەی دیموكراتی و پارێزگاریكردن لە مافەكانی مرۆڤ كاری ئیدارەی ئەمریكا نابێت. 


دیارە مەبەستی لە خاڵی یەكەم و دووەم، ئەوەیە كە ئیدارەی ئەمریكا جارێكی دیكە هێرش ناكاتە سەر دەوڵەتێكی وەك كۆریای باكوور لەبەر ئەوەی رژێمەكەی كۆمۆنیستییە، یان هێرش ناكاتە سەر ئێران لەبەر ئەوەی كۆماری ئیسلامییە، یان رژێمی بەشار ئەسەد ناڕووخێنێت لەبەر ئەوەی دیكتاتۆرە و بڕوای بە مافەكانی مرۆڤ نییە. لەبەرامبەر ئەمەدا دەوڵەتانی خاوەن سەروەریی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان، دەبێت پابەند بن بە پاكتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەروەها ئەو مەرجانەی ئیدارەی ئەمریكا بۆ پەیوەندی لەگەڵ هەر دەوڵەتێكدا دیاری دەكات، بۆ ئەمەش هەر لە یەكەم رۆژی دەست بەكار بوونیەوە، ترەمپ ئامادەباشی ئیدارەكەی بۆ دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتانی دۆست و دوژمن دەربڕیوە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بنەما تازەیە پەیوەندی نێوان ئەمریكا و هەر وڵاتێكی دیكە رێكبخرێتەوە.
دیارە لە ماوەی ساڵی یەكەمی ئیدارەی ترەمپدا، ستافی وەزارەتی دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و تا راددەیەك وەزارەتی بەرگری، نەیاندەویست بڕیارە تەنفیزییەكانی ترەمپ وەك خۆی جێبەجێ بكەن، بۆیە لە كۆتایی هەمان ساڵدا ترەمپ راستەوخۆ، ریكس تیلێرسۆنی وەزیری دەرەوەی گۆڕی بە مایك پۆمپیو، ماكماستەی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییشی گۆڕی بە جۆن بۆڵتۆن، ئەم دوو گۆڕانكارییە گرنگە لە ماوەی كەمتر لە چەند مانگێكدا زەمینەی دیالۆگی راستەوخۆی لە نێوان دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا و كیم جۆنگ ئونی سەرۆكی كۆریای باكوور هێنایەئاراوە، ئەوە بوو لە 12ی حوزەیرانی 2018 ئەم دیدارە لە سەنگافورە ئەنجامدرا، ئەمەش بووەتە رێگەخۆشكەر بۆ ئەوەی كۆریای باكوور لای خۆیەوە كۆتایی بە پڕۆژە ئەتۆمییەكەی بهێنێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش سزاكانی لەسەر لابەرێت و وەك هەر دەوڵەتێكی ئاسایی مامەڵەی لە گەڵدا بكرێت. 


هەر لەچەند مانگی یەكەمی ئەو گۆڕانكارییەی ترەمپ لە ستافی وەزارەتی دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەنجامیدا، ترەمپ لە مانگی ئایاری 2018 كشانەوەی بە تەنیای ئەمریكای لە رێككەوتنی ئەتۆمی وڵاتانی (5+1) لەگەڵ ئێران راگەیاند و سەپاندنەوەی سزاكانی بە دوو قۆناخ بەسەر ئێراندا راگەیاند، ئەوە بوو قۆناخی یەكەمی لە هەفتەی یەكەمی ئەم مانگە جێبەجێ كرد و بەنیازە لە ئۆكتۆبەری داهاتوو قۆناخی دووەمی سزاكانی بخاتە قۆناخی جێبەجێكردنەوە..
لەبەرامبەر توركیاش كە ئەمریكا داوای ئازادكردنی قەشە ئەندرسۆن دەكات و، ماوەی نزیكەی دوو ساڵە ئەو قەشەیە لەلایەن توركیاوە دەستگیر كراوە، دیسان ئیدارەی ترەمپ هەر لەم مانگەدا كۆمەڵێك سزای ئابووری بە سەر توركیادا سەپاندووە. دیارە هەر لەم مانگەدا و دوای ئەوەی سەلمێندرا كە رووسیا گازی ژەهراوی دژی سیرگی كریبالی سیخوڕ لە بەریتانیا بەكار هێناوە، كۆمەڵێك سزای بە سەر رووسیاشدا سەپاندووە.


سزاكانی ئەمریكا بەرامبەر بەو چەند دەوڵەتانەی جیهان، سزای نێودەوڵەتی نین، بەڵام هەموو دەوڵەتانی جیهان دەخاتە بەردەم دووڕیانێك و هەر دەوڵەتێك پابەندی ئەو سزایانە نەبێت كە ئەمریكا بەسەر ئەو دەوڵەتانە سەپاندوویەتی، ئەوا دەبێت پەیوەندیی بارزگانی خۆی لەگەڵ ئەمریكا كۆتایی پێبهێنێت، ئاشكراشە كە زۆر كەمن ئەو دەوڵەتانەی بتوانن بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا بە یەكێك لەو دەوڵەتە سزادراوانە بگۆڕنەوە، بۆیە سزاكانی ئەمریكا كاریگەرییان هەیە و هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش پەسەندن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سزاكانی ئەمریكا بۆ مەبەستێكی تایبەت دژی ئەو دەوڵەتانە دەگیرێتەبەر و ئەگەر ئەو دەوڵەتانە ئامادەبن بە دیالۆگ لەگەڵ ئەمریكا بگەنە رێككەوتن، ئەوا ئەمریكا ئامادەیە دیالۆگی راستەوخۆ بكات و رێككەوتنیان لەگەڵ ئیمزا بكات و سزاكانیش دەستبەجێ هەڵدەگیرێن.

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.