قۆناغى یه‌كه‌می گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران و ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئێران ئاڵوێری بارزگانی ده‌كه‌ن ده‌ستی پێكرد. ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا بۆ له ناوبردنی رژیمی ئێران له رێگه‌ی تێكدان و مایه‌پووچ كردنی ئابووری ئێرانه‌وه، له چه‌ند مه‌رحه‌له و قۆناغ پێكهاتووه و قۆناخی یه‌كه‌می ئه‌و ستراتیژیه‌تی چه‌ند رۆژێكه ده‌ستی پێكردووه.
ئامانجی قۆناخی یه‌كه‌می ستراتیژیه‌ته‌كه، پچڕاندن و له ناوبردنی سه‌رچاوه دارایی و داهاته ده‌ره‌كییه‌كانی ئێرانه، تا به‌م جۆره ئێران ئه‌و پاشه‌كه‌وت و سه‌رمایه نه‌ختینه و غه‌یره نه‌ختینه‌ی كه كۆى كردبوویه‌وه به‌كار بهێنێت و پشتیوانه‌ی ئه‌رزی و دراوی ئێران له ناو بچێت بۆ ئه‌وه‌ی بناغه و بنهكۆكی ئابووری ئه‌و وڵاته تووشی داڕمان و وشك بوون بێت.
دوای كۆتایی هاتنی قۆناغی یه‌كه‌م و به‌دی هاتنی ئامانجه‌كان، قۆناغی دووه‌م ده‌ست پێده‌كات، ئامانجی قۆناغی دووه‌می گه‌مارۆكانیش راپه‌ڕاندنی خه‌ڵكی ئێرانه له دژی رژێم و ده‌سه‌ڵاتی ئێران، له قۆناغی یه‌كه‌مدا، ئابووری ئێران هه‌ره‌س ده‌هێنێت، گرانی ده‌گاته لووتكه، برسێتی و بێكاری به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو به‌رز ده‌بێته‌وه، حكوومه‌ت توانای دابین كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نامێنێت. ئه‌م ئامانجانه‌یش ده‌بنه هۆكاری ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی برسی و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه توانای گوزه‌راندنی باری ژیانیان نه‌ماوه، له دژی رژێم وده‌سه‌ڵات ده‌ست به خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی بكات، له قۆناغی دووه‌می گهمارۆكانیشدا، له ئێرانه په‌راوێز خراو و له جیهان دابڕاوهكهدا، شۆڕشی خه‌ڵك ده‌ست پێده‌كات، شۆڕشێك كه مرۆڤ ده‌توانێت پێ بڵێت شۆڕش بۆ نان، شۆڕش بۆ گوزه‌راندنی ژیان و باشتر كردنی دۆخی ژیان، بێگۆمان ده‌سه‌ڵاتی ئێران توانای جێبه‌جێكردنی ئه‌م داواكارییانه‌ی خه‌ڵكی نابێت، بۆیه به ناچار یا سه‌ر بۆ ئه‌مریكا شۆڕ ده‌كات كه ئه‌مه‌یش ته‌سلیم بوونه، یا رژێم ده‌گۆڕدرێت.
تیۆری ته‌سلیم بوون تۆزێك ئه‌سته‌مه جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام تیۆری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و له ناوبردن زۆر ئاسان جێبه‌جێ ده‌كرێت، چونكه خه‌ڵك متمانه‌ی به توانایی و كارامه‌یی ده‌سه‌ڵات نامینێت و په‌ره سه‌ندنی بێكاری، نائارامی كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆربوونی دیارده نایاساییه‌كان كه به‌رهه‌می نه‌داری و برسێتین وا له خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه چۆن له كاتی خۆی له دژی رژێمی شا پشتگیریان له خۆمه‌ینی كرد و شۆڕ‌شیان كرد، ئه‌مجاره‌یش به هه‌مان شێوه بۆ نان و بۆ تێركردنی خۆیان پشتگیری له شۆڕشی نان بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان كرا‌و و جێگای تێڕامانه ئه‌وه‌یه كه تا كۆتایی پایزی 2018 قۆناغی یه‌كه‌می گه‌مارۆكان هه‌موو ئامانجه‌كانی خۆی ده‌پێكێت و ورده ورده نائارامی سیاسی، سه‌ربازی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له ئێران په‌ره ده‌ستێنێت و پڕۆسه‌ی ئاواره بوونی ئێرانییه‌كانیش بۆ وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر ده‌ست پێ ده‌كات.
لێره‌دا یه‌كێك له پێكهاته‌كانی ئێران كه ره‌نگه زیاتر له هه‌ر لایه‌نێكی دیكه تووشی كێشه و گرفت ببێت، گه‌لی كورده. چونكه نه رژێمی هه‌نوكه‌یی ئێران و نه رژێمه‌كانی پێشووتر، له بواری ئابووری و بونیادنانی ژێرخانی ناوچه كوردییه‌كاندا گرنگییان به كوردستانی رۆژهه‌ڵات نه‌داوه و یه‌كێك له سیاسه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانیان برسی هێشتنی گه‌لی كورد و ئاوه‌دان نه‌كردنه‌وه‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات بووه.
حاڵی حازر ژماره‌یه‌كی زۆر پارت و لایه‌نی سیاسی كوردی تایبه‌ت به رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌ن كه هه‌ر یه‌ك ئامانج و به‌رنامه و مه‌به‌ستێكی دیاریكراو و تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش كه ئه‌و پارت و لایه‌نانه تا ئه‌مڕۆ قوربانی زۆریانداوه، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه له ئاست ئه‌و قوربانییانه‌دا له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا خۆیان رێك بخه‌ن و كۆمه‌ڵگه به جۆره‌یه‌ك ئۆرگانیزه بكه‌ن كه بتوانێت له كاتی ته‌نگانه‌دا خۆی، خۆی ئیداره بكات و رووبه‌رووی له‌مپه‌ڕه‌كان ببێته‌وه.
سه‌رده‌می ئه‌وه‌ی كه حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به دوای به‌ره‌ژوه‌ندییه به‌رته‌سكه حزبییه‌كاندا بكه‌ون تێپه‌ڕ بووه، چونكه گۆڕانكارییه‌كی یه‌كجار گه‌وره له ئێران روو ده‌دات و ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه كوردییانه هه‌ر به‌مجۆره بن، ئه‌وا دۆخی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش وه‌كو رۆژئاوای كوردستانی لێ دێت و ناو ماڵی كوردی په‌رته‌وازه وپارچه ده‌بێت و دواجاریش ته‌نیا گه‌لی كورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.
بۆیه له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا كه گۆشاره ئابووری و سیاسییه‌كانی سه‌ر ئێران رۆژ له دوای رۆژ زیاتر و به‌هێزتر ده‌بن، پێویسته پارت، لایه‌ن، دامه‌زراوه و كه‌سایه‌تی و چالاكوانانی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ته‌نیا و ته‌نیا بیر له چه‌ند پێوانی سه‌ره‌كی بكه‌نه‌وه، كه بریتین له به‌ره‌ژوه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد، پاراستنی نرخ و ناسنامه‌ی كوردی له هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ك، ئۆرگانیزه كردن و ئاماده كردنی گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كان.
ئه‌گه‌ر په‌رته‌وازه‌یی و بیری حزبایه‌تی باڵ به‌سه‌ر پڕۆسه‌كه‌دا بكێشێت بێگۆمان حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش ناتوانن وه‌كو پێویست خزمه‌تی وڵات، نیشتمان و نه‌ته‌وه بكه‌ن و له كۆتاییشدا له‌م گۆڕانكارییانه‌ی ئه‌مجاره‌یشدا دووباره كورد به‌ش خۆراو ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی مێژووه تاڵه‌كه دووباره نه‌بێته‌وه پێویسته له‌م قۆناخه‌ی گۆڕانكارییه‌كاندا وه‌كو ئامراز سه‌یری حزب و به‌رنامه حزبییه‌كان بكرێت و ئامانج، سه‌رفرازی و رزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بێت، ئه‌گه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رفرازی و رزگاری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ببێته خاڵی هاوبه‌ش و كۆكه‌ره‌وه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بێگۆمان گه‌لی كورد ده‌بێته براوه‌ی یه‌كه‌می گۆڕانكارییه‌كانی ئێران، به پێچه‌وانه‌وه، گه‌لی كورد ده‌بێته قوربانی به‌ره‌ژوه‌ندی به‌رته‌سكی چه‌ند حزب ولایه‌نێك.
ئه‌وه‌ی پێویسته حزب، پارت، لایه‌ن، كه‌سایه‌تی و چالاكڤانانی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و بگره له ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش ئاماده‌كاری بۆ بكه‌ن، ئه‌وه‌یه كه پێویسته زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بۆ خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڕه‌خسێنن كه رێگای ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری نه‌گرێته به‌ر، به‌ڵكو له‌سه‌ر زێدی خۆی بتوانێت خۆی رێك بخات و ئیداره‌ی خۆی بكات، یه‌كده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوێستی لایه‌نه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا زۆر زۆر گرنگ و كاریگه‌ره، چونكه ده‌بێته هۆی به‌هێزتر بوونی پێگه‌ی كورد له ئێرانی دوای ئه‌نجامدانی گۆڕانكارییه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه گه‌لی كورد به سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ببێته دینامۆی دیموكراتیزه كردن و سه‌پاندنی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی له ئێران.
بۆیه له كۆتاییدا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه په‌رته‌وازه‌یی لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌بێته هۆكاری له‌ده‌ست دانی ئه‌و ده‌رفه‌ته زێڕێنهی بۆ گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ره‌خساوه به پێچه‌وانه‌وه یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوێستی ئه‌وان له به‌رامبه‌ر دۆخه‌كه ده‌بێته هۆی سه‌رفرازی و رزگاری هه‌میشه‌یی گه‌لی كورد له زوڵم و بن ده‌ستی.