Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:37

حزبی عێراقچیی هەمبانە بەتاڵ

حزبی سیاسیی بیزنسمانی تازە هەڵتۆقیویشمان لە كوردستان بینی، كە بە دینارێكی خۆی ئامادەیە خەنجەر لەپشتەوەی نزیكترین برادەری بدات
شه‌ماڵ نوری
#7
100%


حزبی سیاسیی وامان هەیە كە پاشگری (كوردستان)ی پێوەیە و ساڵانە لەناو كوردستان مۆڵەت نوێ دەكاتەوە، كەچی لە میتۆدا تا مۆخ و ئێسك عێراقچییە و لە پراكتیكدا سەرتۆپە بۆ دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان، سەركردەكانی ئەو تەرزە حزبانە وەك منداڵ كەوتوونەتە پاكانە و نكۆڵی لەو پەنجەی شایەتمانەی خۆیان دەكەن كە لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بۆ سەربەخۆیی بە مەرەكەبیاندا كردبوو. حزبی سیاسیی وامان هەیە كە پاشگرەكەی ناوی (ئیسلامی)ی پێوە لكێنراوە و بە دروشم لە دادپەروەری و میهرەبانیی ئاسماندا بوار بۆ كەس ناهێڵێتەوە، كەچی ئێوارانیش كە گوێ بۆ كەناڵەكانی ڕادەگریت، سەر و بنی زمانيان پڕ لە تەشهیر و درۆ و بوختان و ناوزڕاندنە، لەسەر كافراندنی خەڵكانی جیاواز لە خۆیان كادیر و ئەندامانیان گۆش دەكەن و بە خوڵقی تووتی بێ بیركردنەوە لە واتا، فێری گوتنەوەی وشە زبریان دەكەن، حزبی سیاسیی بیزنسمانی تازە هەڵتۆقیویشمان لە كوردستان بینی، كە بە دینارێكی خۆی ئامادەیە خەنجەر لەپشتەوەی نزیكترین برادەری بدات و ڕاگەیاندنەكانی پڕ كردووە لە شیمەتی حاتەمی تەی، كەچی جگە لە لاساییكردنەوەی وەلی نیعمەتی خۆی، هیچی دیكەی لە مەزهەبا نییە و تەنیا سووك و ڕەجاڵكردنی پیرۆزییەكانی مێژووی نەتەوەیەكی ستەمدیدە لە خانەی نوێخوازی دادەنێت و بەڵێنی وا قەبە و گەورەشی لێ هەڵدەوەرێت، ئەگەر ئادەم سمیث و كینز و كاڕڵ ماركس و ماڵتۆس و ریكاردۆ و مارشاڵ و فیبەر و بیرمەندە ئابوورییەكانی سەردەمانی ڕێنیسانس زیندوو ببنەوە و ئەم بەڵێنە بێ سەروبنانە ببیستن، بە هەردوو چەپۆكان بەسەری خۆیاندا دەكێشن، حزبی بزنساویی سیاسی هەڵتۆقاندووە، كەچی دزی خوانی ماڵانە و سەركاری كۆنتراكت و پرۆژەی سپیكردنەوەی پارەی بەرپرسانە و پارەی پشكی هەزاران خێزانی حەپەلووش داوە. ئەم جۆرە حزبە گیپەخۆرانە ئێستا لە كوردستاندا گڤەیان دێت، تازە ماركێت و تازە دوكانێكی بەڕەواجن بۆ فرۆشتنی بیر و ئایدۆلۆژیا و ڕوانینی قەپاتبووی وڵاتانی دەوروبەر. لەبەرامبەر هەر پرۆژەیەكی چاكسازی و هەنگاوێكی ئابووری كە خۆیان نەیاندابێت، هەزار و یەك لینك و كەناڵی پێ دەوەڕێنن. سۆپەرمانە كارتۆنییەكانی سەر شاشەكانی تێ ڤی ئەو حزبانە هێندەی درۆیان بۆ خەڵكی هەڵڕشت، تەنانەت ئاستی متمانەی نێوان حزبەكان و خەڵكيان بە ڕێژەیەك هێنایە خوار، لە هەندێك دەڤەری وەكوو سلێمانی و هەڵەبجە گەیشتە لە 30%. بیرمەندان و ئابووریناسانی سەردەم و قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی مرۆڤایەتی، بەقەد قەبارە و قورسایی وڵاتەكەیان بیر و پێشنیاریان داوە، لە ناساندنی پێگەی خۆیانەوە زانیویانە سیاسەت و ئابووری بە چ هەورازێكدا سەربخەن، ئەوانە لە خزمەتی بەرنامەیەكی گەورەتر و پیرۆزتردا بوون كە خزمەتكردنی خەڵك و پاراستنی ئەو كەرتە زیندووانە بووە، كە بۆ خەڵكی و ڕای گشتی دەستبردن بۆیان نەهامەتیی بۆ هەمووان هێناوە.

لە زانستی ئابووریدا بازاڕی ئازاد هەر بوونی نییە، ئەوەی هەیە ئابووریی بازاڕە، واتا ئابوورییەك كە حكوومەت و كەرتی گشتی تەنیا رۆڵی ئاراستەكردن و چاودێری دەبینێت تێیدا و ئەوی تر چ پاراستنی مافی داهێنان و دۆزینەوە یاخود كێبركێ، لەپێناو زۆركردنی بەرهەم و دابەزینی نرخدایە، ئێستا حكوومەت پرۆژەیەكی چاكسازیی داڕشتووە، نە ئابووریناسان رۆڵیان تێیدا هەبووە، نە لە پەرلەمان گفتوگۆیەكی ئابوورییانەی لەسەر دەكرێت، ئەوەی هەیە وێڕای لەخۆبایی حكوومەت، موزایەدە و شەڕە دەنووكی حزبایەتیی ناو پەرلەمانیشی هاتووەتە سەر، ئیتر قوڕبەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان، ئەوەی ئەمڕۆ لەناو گفتوگۆ و پرسە ئابوورییەكاندا گوزەر دەكات، تەنیا زمانێكی بێ ئەدەبانەی زبری شەڕە قسە و دەردی خۆدەرخستنە، بە ڕادەیەك ئەوەی ئێستا لەناو حزبەكان و پەرلەمانتار و سیاسەتەمەدارەكان بە یەكتری دەڵێن، پێشتر لە دوژمنەكانی كوردیش قبووڵ نەدەكرا، قارەمانێتیی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدەكان كراونەتە قوربانیی سەفقەی سیاسی و ئیعلامیی پۆپۆلیستەكان و تەنانەت بڕیار لەسەر رەتكردنەوەی دەنگی پێشمەرگەش درا، كە نیشانەی هەرەسهێنانی ڕەوشتە. ئەم هەرەسی ڕەوشتە لە قەیرانی دارایی و نەختینەیی دەربازمان ناكات، دەربازبوون لە چەقبەستوویی دۆخەكە پێویستی بە روئیا هەیە، لەبری ئەوەی جنێو و قسە بە بەرامبەر بڵێین، با بپرسین هۆكاری شكستی ئێمە چییە؟ هەرچی پرۆژەی بەناو چاكسازی و هەنگاوە كاتییەكان هەیە، لە چاككردنی بەرمیلێكی ژەنگاویی رزیو دەچێت، تا كونێكی دادەخەیت، لە پاڵیدا دە كونی تری تێ دەكەوێت، كێشەی كورد لەگەڵ عەقڵە داخراوەكان و عەقڵە هەلپەرستە بەناو بازرگان و بیزنسمانەكانە، كە خۆیان خزاندووەتە ناو حزبەكانەوە و لەبری چارەسەر و گوێگرتن لە خەڵكی، بوونەتە فاكتەری لاوازی و شكستی نیشتمانی، ئەگەر یەك شەو بەناو ئەو هەموو تی ڤی ناوخۆ و سەتەلایتەدا گوزەر بكەیت، دەزانیت چیتر كەس هیوای پەرلەمانێكی نامێنێتەوە كە وەزیفەی خۆی لەدەست داوە، چیتر كەسێك نامێنێتەوە بە هیوای یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بێت، لەناو گەلە حزبێكدا كە وەك گەلەگورگ تەنیا سەرقاڵی قەوانەكانی رق و قینی ساڵانی پێشوون، ئێستاكەش حكوومەتێكی بنكەفراوانیان بە دەردێك برد، سەدان بیرمەندی ئابووری ناتوانێت بەم نزیكانە چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، چونكە حكوومەت گیرۆدەی قەبەیی نەك مووچەخۆرانە، بەڵكوو گیرۆدەی قەبەیی و زۆریی حزبەكان بوو، كە بۆ مشەخۆریی خۆیان پێیەكیان لە حكوومەت بوو، پێیەكەی تریان بۆ شەق ئامادە بوو تا لە حكوومەتی بدەن، هەر بۆیە هەڵسانەوەی ئابووری بە حكوومەتێك دەكرێت كە لە چەند حزبێكی كەم و پوخت پێكهاتبێت، نەك وەكوو پاسێكی ئامانەی ساڵانی شەستەكان بەڕێوە بچێت و لەبەر نەفەری زۆر بواری نەبێت لە وێستگە گرنگەكانیش بوەستێت، كاتی ئەوە هاتووە حكوومەتی بنكەفراوان رەت بكرێتەوە و یەك دوو حزب شانی بدەنە بەر و ئابووریی ئەم وڵاتە نەكەنە قوربانیی قەدەر، نەیكەنە قوربانیی داهاتێكی نەوت، كە نە جێگیرە و نە لەژێر دەستماندایە، باشترین ئابووریناسەكانی دنیا ئەو ئابووریناسانەن كە پێش روودانی قەیرانەكە خۆیان بۆ ئەگەری روودانی قەیرانەكە ئامادە دەكەن، هەر بۆیە لە هونەری بەڕێوەبردنی قەیران شارەزان و شوێنەواری قەیرانەكە و زەمەنی شكستەكانیش كەم دەكەنەوە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.