Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:45

بەرگە کۆنەکەی مێژووی عێراق.. نوێ ناکرێتەوە

«لاڵ»بوونی عێراقییەكان لەناو دیكۆمێنتی مێژوویەكی دروستكراودا
100%

«لاڵ»بوونی عێراقییەكان لەناو دیكۆمێنتی مێژوویەكی دروستكراودا

گوتاری مێژوویی دەوڵەتی عێراق هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە هەتا ئێستا، ئەو گوتارەیە كە خودی گوتارەكە رێگری سەرەكییە لەوەی كە دەبێت مێژووی دەوڵەت بە گەلەكەی بڵێت، ئەمەش بەو مانایەی لەبری ئەوەی مێژووی دەوڵەت بەرهەمی هیوا و خواستی هاونیشتمانی بێت، بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە و خواست و هیوای ئەوان مێژووی ئەو دەوڵەتە دروست بكات، كەچی لە سەرەتای دروستكردنی دەوڵەتی عێراق و پاشانیش لكاندنی پارچەیەكی كوردستان بەو دەوڵەتەوە، مێژووی دەوڵەتی عێراق بۆتە دیكۆمێنتێكی سەپێندراو و هەموو ئامرازێكی سەركوتكاری بەكار هاتووە بۆ ئەوەی پێكهاتە جیاوازەكانی ئەم دەوڵەتە بەزۆر دروستكراوە لەناو ئەو دیكۆمێنتەدا قسە بكەن كە بۆتە چوارچێوەیەك بۆ ناسنامە و مێژووی دەوڵەتی عێراق. بەڵام لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە و لە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەوە كە ئێستا پێی دەڵێن، خواست و ئاواتی پێكهاتەكانی لەبەرچاو نەگیراوە و بێدەنگییان بەسەر سەپێنراوە و لاڵ كراون، ئەوا كاتێك مێژووی عێراق دەخوێنینەوە و هەوڵدەدەین لەسەر بنەمای گوتارە مێژووییەكەی ئێستا و ئایندەی ئەو وڵاتە بخوێنێنەوە، ئەوا دەبینین ئەم گوتارە رووكەشە لە نهێنی و كۆمەڵێك شتی شاراوە سەرچاوەی گرتووە كە ئامانجی سەرەتا و كۆتایی دروستكەرانی ئەو دەوڵەتەیە و ئەو دەوڵەتانەشی بۆ مەبەستی خۆیان دەوڵەتی عێراقیان بەو شێوەیە دروستكردووە، هەرگیز ئەو نهێنی و ئامانجە شاراوانە نادركێنن، یان بە دیوێكی دیكەدا گوتاری مێژوویی دەوڵەتی عێراق بە جۆرێك دروستكراوە كە خۆی ببێتە رێگری سەرەكی بۆ ئەوەی ئەو نهێنی و ئامانجە شاراوانە ئاشكرا نەكرێن و مێژووە كۆنەكە كۆتایی بێت و مێژوویەكی نوێ دەست پێبكاتەوە.


لێرەوە ئەگەر مێژووی دەوڵەتی عێراق بەسەر دوو قۆناخدا دابەش بكەین، ئەمەش واتە قۆناخی یەكەم لە ساڵی (1920-2003 ) مێژووی عێراق لە بەرگە كۆنەكەیدا كە تەنیا یەك پێكهاتە كە ئەویش (سوننەی عەرەبە) بە زەبری ئاگر و ئاسن حوكمڕانی كردووە و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی سەركوت كردووە، ئەوا لەناو بەرگە كۆنەكەی مێژووی عێراقدا نەك هەر تەنیا (كورد و عەرەبی شیعە) لاڵ كرابوون، بەڵكو خودی (عەرەبی سوننە)ش، لەناو ئەو مێژووەدا هەر لاڵ بووە، ئەوانەی درێژەیان بە حوكمڕانیی (عەرەبی سوننە) دابوو، هەمان ئەو دەوڵەتانە بوون كە بۆ ئامانجی نهێنی و شاراوەی خۆیان عێراقیان وەك دەوڵەت دروست كردبوو، ئامانجیشیان لە هاوكاری و پشتگیری بۆ هەموو ئەو حكومەتانەی لە ماوەی ( 1920-2003) لە عێراقدا بوونیان هەبووە، تەنیا هەر ئەوە بووە كە ئەو دیكۆمێنتە بپارێزن كە بۆتە گوتاری مێژووی دەوڵەتی عێراق و نهێنی و ئامانجە شاراوەكانیان ئاشكرا نەبن.


قۆناخی دووەم كە لە ساڵی 2003وە دەست پێدەكات و هەتا ئێستاش بەردەوامە، ناوی لێنرا قۆناخی (عێراقێكی نوێ)، ئەمەش واتە دەستپێكردنەوەی مێژووی دەوڵەتی عێراق لە بەرگێكی نوێدا، بەڵام دیسان ئەم بەرگە نوێیەش پابەندكرابوو بە هەمان پێوانە و پێوەری بەرگە كۆنەكەی مێژووی عێراقەوە، راشكاوانەتر دەشێت سیستمێكی تازە بۆ بەڕێوەبردنی عێراق دروست بكرێت، بەڵام هەرگیز ناكرێت دەستكاری ئەو گوتارە مێژووییەی دەوڵەتی عێراق بكرێت كە بۆتە ئەو دیكۆمێنتەی یەكپارچەیی عێراق پێناسە دەكات. بۆ دروومانی ئەم بەرگە نوێیەش بۆ دەوڵەتی عێراق و مێژووەكەی، ماوەی نزیكەی 12 ساڵ (1991-2003) پێوەی سەرقاڵبوون، سەرەنجامیش تەنیا جیاوازیی نێوان بەرگە كۆنەكە و بەرگە نوێیەكەی دەوڵەتی عێراق ئەوەندە بوو، كە لە چوارچێوەی دەستووری ساڵی 2005دا، چارەسەری لاڵبوونی پێكهاتەكان بكرێت و لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە ئەوەی خواست و ویستی خۆیانە بە ئاشكرا و بە دەنگی بەرز بیڵێن. بەڵام سنووری ئەم گوتنەش بە ئاشكرا و بەدەنگی بەرز دیاریكرابوو، ئەمەش بەو مانایەی پێكهاتەكانی عێراق تا ئەو ئاستە ئازادن كە بە ئاشكرا و بە دەنگی بەرز خواست و هیواكانی خۆیان بڵێن، كە ئەو چوارچێوەیە نەبەزێنن كە نهێنی و ئامانجە شاراوەكانی دروستكەرانی دەوڵەتی عێراق، یان نەخشەی سایكس-پیكۆی شاردۆتەوە. هەروەك چۆن كاردانەوە عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانمان لە بەرامبەر ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بینی كە چۆن دژی ریفراندۆمەكە راوەستان و هەوڵیاندا ئەو دەنگەی بە ئاشكرا لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەیەوێت هێوا و خواستەكانی خۆی دەرببڕێت، هەر ئەو چوارچێوە دەستوورییەیان كردەوە بە ئامراز بۆ ئەوەی دەنگەكە كپ بكەنەوە و نەتەوەیەك لاڵ بكەنەوە و، دیسان بوونەوە بە هاوپەیمان و هاوكاری ئەو دەسەڵاتەی كە رێگە نادات مێژووی عێراق لە بەرگە نوێیەكەیدا بخوێندرێتەوە.


كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت، لەماوەی 15 ساڵی رابردوو ئەوەی هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە (عێراقی نوێ)ی ناو دەبرد، ئەمەش بەو مانایەی مێژووی عێراق بەرگێكی نوێی كراوەتەبەر و بەرگە كۆنەكەی فڕێ داوە، بەڵام دەركەوت هەر بەرگە كۆنەكەیە و بەرگی مێژووی عێراق نوێ ناكرێتەوە. بە مانایەكی دیكە هەموو سیستەمەكانی جیهان هەر لە (كۆمەڵەی گەلان و نەتەوە یەكگرتووەكانی سەردەمی شەڕی سارد و دوای رووخانی دیواری بەرلینیش) هەر یەك تێڕوانیان بەرامبەر عێراق هەیە، ئەوجا ئەگەر هەر پێكهاتەیەك ببێتە ئەو ئامرازەی كە نهێنی و ئامانجە شاراوەكانی پشت دروستكردنی دەوڵەتی عێراق بپارێزێت، ئەوا ئەو پێكهاتەیە (كورد بێت، یان عەرەبی سوننە، یان عەرەبی شیعە) ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبنە هاوپەیمانی و پشتگیری لێ دەكەن.


لەوانەیە خوێنەری ئەم دێڕانە ئەو پرسیارەی لا دروست بێت، ئەگەر كوردیش وەك پێكهاتەیەك حوكمڕانی عێراق بكات، ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێ دەكات؟ دیارە پێش ئەوەی پەنا بۆ نموونەی هاوشێوەی عێراق بەرین، بێگومان مێژووی 15 ساڵی دوای رووخانی رژێمی بەعس بە تەواوەتی وەڵامی ئەم پرسیارە بە (بەڵێ) دەداتەوەو هەموو شاهیدی ئەو حاڵەتەن ئەگەر هەوڵ و هاوكاریی كوردستان نەبوایە، نە دەستووری عێراق بەو شێوەیە دادەڕێژدرا، نە حكومەتەكانی عێراقیش پێكدەهاتن، بۆیە لەو ماوەیەدا چەندین جار وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و بەریتانیا و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی سەركردایەتی سیاسیی كوردستانیان دەكرد بۆ ئەوەی ببنە ناوبژیوان لە نێوان شیعە و سوننەدا و بتوانن حكومەتەكانی عێراق پێكبهێنرێن، ئەوكات هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رۆڵی كوردیان دەگوت: (شا دروستكەر – King maker) ئەمەش واتە بە بێ كورد، عێراق كۆتایی هاتووە و حوكمڕانی و دەوڵەتداری تێدا ئەنجام نادرێت، ئەوجا ئەگەر لێرەوە بگەڕیێنەوە بۆ نموونەیەكی دیكەی هاوشێوەی عێراق و هێندەی عێراقیش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی لا مەبەست بوو، دیارە ئەو دەوڵەتەش (یوگسلافیای) پێشووە، ئاشكراشە بە درێژایی ساڵانی شەڕی سارد لە جۆزیف بروز تیتۆ كە كەسێكی بە رەچەڵەك كراوتی و كەمینە بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هۆكارێك بوو بۆ هێشتنەوەی یوگسلافیا بە یەكگرتوویی پشتگیری لێ دەكرا، بەڵام دوای رووخانی دیواری بەرلین و كۆتاییهاتنی رژێمی دیكتاتۆری تیتۆ و بە حیساب بەرگێكی نوێ بۆ مێژووی یوگسلافیا دروست دەكەن، دیارە بە هاوشێوەی عێراق، لە یوگسلافیای دوای ساڵی 1989 دەسەڵات گەڕایەوە بۆ سربەكان كە زۆرینە بوون و سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ بووە سەرۆك وڵات و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە هەتا ئەو كاتەی وڵاتی كرد بە گۆمی خوێن، پشتگیری لێ كرا، بەڵام كە بۆیان دەركەوت چیدیكە یەكپارچەیی یوگسلافیا ناپارێزرێت، ئەوكاتە ناچار بوون (دەوڵەت و مێژووی یوگسلافیا) كۆتایی پێبهێنن، دیارە عێراقیش هەمان چارەنووسی یوگسلافیای پێشووی دەبێت، بەڵام بێوێژدانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو ئاستەیە هەتا وڵاتەكە خەڵتانی خوێن نەكەن، بیر لە رێگەچارەی دروست و خواست و هیوا و ئاواتەكانی پێكهاتە جیاوازەكانی دەوڵەتی عێراق و هاوشێوەی دەوڵەتی عێراق ناكەنەوە.

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.