Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:59

سەرابی دیموکراسی و شەڕی وەهم

کێ لەکوردستاندا ئامادەگی ئەوەی تیایە لەسەر خۆخاپاندن بەردەوام بێ و شەڕ بۆ سەرابی ((دەوڵەتی دیموکراتیکی عیراق)) بکا؟
ئازاد جندیانی
#7
100%

ئەمڕۆ دوا وادەی پەرلەمانی ئێستای عیراقە، دیاریش نییە سەرەتای وادەی خولی داهاتووی کەیە. بەپێی قسەی شارەزایانیش بێت، سەعات دوانزەی ئەمشەو دەوڵەتی عیراق ئەکەوێتە ناو بۆشایی دەستوورییەوە، ئەوەش ئاشکرایە، کە داستانی بەدەستژماردنەوەی دەنگەکانی دواهەڵبژاردنی عیراقیش لە چ گیروگازو تەمتوماندایە. بەوپێیە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق، کە ئەمریکاو هێندێ لایەنی عیراق وتا ئەندازەیەک لە کوردستانیش بانگەشە بۆ ((حکومەتی بان نەتەوەو بان مەزهەب)) ئەکراو پێیان وابوو مادامەکی لە هێندێ لیستی عیراقدا وێڕای ئەوەی تایتل و ڕێبەریشیان سەر بە مەزهەبی دیاریکراون بەڵام مادام کەسانی عیلمانی و بگرە کۆمۆنیستیان تیایە، هەرچەندە ماڵی راستەقینەی میلیشیای مەزهەبیش بن، ئەوا لیستی سەر بە(( نیشتمانن)) بەمانا عیراقیەکەی. بۆیە هێدێ لایەنی ناوخۆی عیراق و دەرەوەش چاوەڕوانی ئەوەیان ئەکرد، حکومەتێکی عیراقی بەهێزی دوور لەهەژموونی ئێران بێتەسەرکار. بەهەر حاڵ تائێستا ئەو خەونەی ئەولایەنانە نەهاتۆتەدی وئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەومانایە نییە کە پلانی ئێرانیش بۆ دروستکردنی حکومەتی پرۆئێرانی لەخەم ڕەخسابێ و مسۆگەر بێت، بەتایبەت کە گووشارەکانی ئەمریکا بۆ سەرئێران بەخێرایی کۆمەڵێک دەرەنجامی بەزیانی ئێران لێکەوتۆتەوە. ئەوەی لەم کێشمەکێشەدا تائێستا ڕوون بۆتەوە ئەوەیە کە لەم عیراقەدا دەرگا لەسەر هەموو ئەگەرە خراپەکاندا کراوەیە، بەئەگەرە شەڕەنگێزییەکانیشەوە.

شکستی هەڵبژاردنەکان، لەبەرهەرهۆیەک بێت و بەپێی هەرسیناریۆیەکی ئەم لایەن یان ئەولایەن، یاخۆ بەقازانجی ئەم وڵات یان ئەوەکەی تر بێ کە لەعیراقدا بەرژەوەندیان هەیەو پێداویستی جەنگی جیۆپۆلەتیکی و هەژموونسازی نێوانیان بێ لەناوچەکە، ئەوڕاستیە ناشارێتەوە کە ئەوەی ڕوویداو ئەوەی ڕەنگە دواتر ڕووبدا، بەساختەکاریە بانگەشە بۆکراوەکەی هەڵبژاردن و بە بڕیارو کارەکانی دادگای فیدڕاڵی و هەموارکردنەوەکانی پەرلەمانی بەغدا بۆ یاسای هەڵبژاردن وسڕکردنی کۆمسیۆن وهیتریش، ئەمە تەقینەوەی تۆپی فەشەلی دیموکراسییەتە لەم دەوڵەتی عیراقەدا. لەهەمووی مەترسیدارتریش ئەوەیە کە ئەمریکاو زۆرانی تریش گوایە عیراقیان لە ۲٠٠۳ ەوە بەپێی میلەکانی سعاتی دیموکراسی لیبڕالیەوە کۆک کردووە.

تۆ بڵێی ئەوەی لەعیراقداڕووئەدا، وەڵامی ئەوپرسیارە جەوهەریەی نووسەری ئەڵمانی ئەمریکایی و مامۆستای هارفاردی ئەمریکی( یاشجا مۆنک) نەبێ، کە لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی ( داڕمانی دیموکراسی)یەوە بڵاویکردۆتەوەو پرسیارەکەشی لەمەڕ سیستمی دیموکراسیەوەیە و ئەپرسێ: ئایا مانەوەی دیموکراسی لە مەترسیدایە؟
ئەو لەکتێبەکەی خۆیدا هەڵوەدای وەڵامەکەیەو نیشانەکانی داڕمانی دیموکراسی لەئاستی دنیادا ئەدۆزێتەوە منیش و (بێگومان ئێوەش) لێرە لەم ((دەوڵەتی عیراق))ەدا ڕەدوو سەرابی دیموکراسی کەوتووین. من بۆخۆم پرسیارێک لەمەڕ((دیموکراسی عیراق))ەوە ئەوڕووژێنم و ئەپرسم: ئەرێ دوای نزیک بە هەشتا نەوەد ساڵ گەڕان بە دیموکراسی و خۆخەڵەتاندن بەناوی (بەدیموکراسیکردنی عیراق)ەوە، کێ لەکوردستاندا ئامادەگی ئەوەی تیایە لەسەر خۆخاپاندن بەردەوام بێ و شەڕ بۆ سەرابی ((دەوڵەتی دیموکراتیکی عیراق)) بکا؟
وەڵامی من ڕوونە، کە وەک تاکێکی کوردستان ئەم شەڕە دۆڕاوە ناکەم، چونکە شەڕێکە لەپای وەهم و هیچی ترنا.

۳٠ ی حوزەیرانی ۲٠۱۸ - هەولێر

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.