Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:07

کێ رێگه‌ی به‌ تورکیا داوە بێتە ناو خاکی کوردستان؟

سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و حكومه‌تی ناوه‌ندی و په‌رله‌مانیش له‌ به‌غدا ،كورد وته‌نی گوێی خۆیان لێ ئاخنیوه‌
پیران ئه‌میر
100%

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ و هاتنی سوپای توركیا بۆ ناوچه‌ سنوریه‌كانی باشوری كوردستان بۆته‌ باس و خواسی ڕاگه‌یاندنه‌كان و هه‌ر ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن له‌ رێگا خۆیه‌وه‌ و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ بودجه‌كه‌ی بۆ دابین ده‌كات (به‌ پێخواسی به‌ناو ده‌كه‌وێ) به‌ بێویژدانیه‌كی زۆری ده‌زانم كه‌ ده‌بینم حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر وه‌ها بابه‌تێك تاوانبار ده‌كرێت و چه‌ند ڕاگه‌یاندنێكی چه‌په‌ڵ بكه‌ونه‌ وێزه‌ی حكومه‌تی خۆماڵی، به‌تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی رابردوو پاش هاتنه‌ چه‌ند سه‌ربازێكی توركیا بۆ گوندی به‌رمیزه‌ی ناوچه‌ی برادۆست و نان خواردنیان له‌گه‌ڵ خه‌لكی گونده‌كه‌ له‌ سۆشیال میدیا و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ زۆرترین قسه‌ و باسی له‌باره‌وه‌ كرا و هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌، له‌وه‌دا گومانم نییه‌ به‌شێك له‌ خه‌لك كه‌ ئاگاداری ته‌واوی بارودۆخ و پێشهات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌ حیزبیه‌كان نین و له‌ دڵسۆزیان بۆ خاكی كوردستان ئه‌و باسه‌ ده‌وروژێنن، به‌ڵام بێگومانم له‌وه‌ی كه‌وتونه‌ته‌ ژێر هه‌ژموونی ڕاگه‌یاندنێكی پۆخڵ و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی موزایه‌ده‌چی و زۆر بلێ، من هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیم بۆ داگیركاری پاساو بهێنرێته‌وه‌، واته‌ نابێت خه‌لكی كوردستان گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك و كوشتن و گرتنی كۆڵبه‌رانی باشوری كوردستان له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ و هاتنی سوپای پاسداران بۆ قه‌لادزێ و دانانی بنكه‌ و باره‌گایان له‌ 20 كیلۆمه‌تری سنوری ئه‌و شاره‌ په‌رده‌پۆش بكه‌ن به‌ هاتنی سوپای توركیا بۆ ته‌نها گوندێكی دوره‌ ده‌ستی وه‌ك (به‌رمیزه‌)، به‌لام پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ به‌ پێی رێكه‌وتنی ( هاوكاری پاراستنی سنوره‌كان) كه‌ له‌ ساڵی 1983 له‌ نێوان حكومه‌تی عێراق و توركیا ئیمزا كرا، توركیا بۆی هه‌یه‌ 10 تاكو 15 كیلۆمه‌تر بێته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌ و ئه‌و رێكه‌وتنه‌ پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ توركیا (په‌كه‌كه‌)ی خسته‌ لیستی تیرۆری وڵاته‌كه‌ی و ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ هه‌تا ئێستا كاری پێ ده‌كرێت

و اته‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌توانین بلێین توركیا دوو پاساوی هه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌میان رێكه‌وتنیه‌تی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی و (سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و حكومه‌تی ناوه‌ندی و په‌رله‌مانیش له‌ به‌غدا) كورد وته‌نی (گوێی خۆیان لێ ئاخنیوه‌) و هیچ هه‌ڵوێستێكیان نییه‌ و دووه‌م پاساویش بوونی (په‌كه‌كه‌)یه‌ له‌و ناوچانه‌ كه‌ نه‌ك كێشه‌ بۆ توركیای دراوسێ دروست ده‌كات به‌لكو بۆته‌ مایه‌ی ناڕه‌حه‌تی و سه‌ر ئێشه‌ بۆ گوندنشینان و خه‌لكی ئه‌و ناوچانه‌یه‌، لێره‌دا چاره‌سه‌ری ته‌واوه‌تی لای په‌كه‌كه‌یه‌ و پێویسته‌ رێز له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌لكی ناوچه‌كه‌ بگرێت و بكشێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ هاتووه‌ و هه‌روه‌ها حكومه‌تی عێراقیش له‌سه‌ریه‌تی توركیا له‌و كارانه‌ ئاگادار بكاته‌وه‌ (چونكه‌ ئه‌و پرسه‌ بابه‌تێكی سیادییه‌) و په‌رله‌مانتارانی كوردیش له‌ به‌غدا له‌جێگه‌ی موزایه‌ده‌ی فه‌یسبووك و هاش و هوشی سه‌ر كه‌ناڵه‌كان له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێران ڕازی بكه‌ن ئاوی زێی بچوك بكاته‌وه‌ و پاسدارانی خۆی له‌ سنوره‌كانی قه‌ڵادزێ و پێنجوێن بكشێنێته‌وه‌ كه‌ بێ هیچ رێكه‌وتنێك هاتونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌ و كۆڵبه‌رانی كورد و ره‌وه‌نده‌كان سزا ده‌ده‌ن و هه‌وڵ بده‌ن له‌ رێگه‌ی فشاری په‌رله‌مانیه‌وه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌. پیران ئەمیر

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.