Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:50

ئیتر به‌سه‌ ئیرهابی فکری ڕابگرن

ئیستا ئەم زۆنە له‌ سایه‌ی كێبركێ و ململانێی ناته‌ندروستی یه‌كێتی و گۆران بەسەوزنیلی نەماتەوە بەڵکو بووتە ( زۆنی دێز)
دانا مه‌نمی
#7
100%

 هەینی ڕابردوو دەوڵەتمەدار جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی لە ناو ئاپۆڕەی دەورێش و خەلیفەکانی ڕیبازی پارتی و بارزانی گووتی :ئیتر بەسە کۆتایی بە ئیرهابی فکری لەشاری سلێمانیدا دەهێنین .

پارتی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە زیاتر لە دە ساڵ لە سلێمانی و هەڵه‌بجەو گەرمیان و ڕاپەرین دابڕی، نەیارەکانی پارتی و ڕیبازی بارزانی لەماوەی زیاتر لە دەساڵ کاریان لەسەر بەشەیتانکردنی پارتی و ڕیبازی بارزانی کردووە ،هەموو جۆرە هەنگاو و میکانیزمێکیان گرتووەتەبەر چ لەبواری سیاسی له‌ ڕێگه‌ی گوتارو خیتابی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ چ لەبواری کلتوری و فەرهەنگی بە چاپکردنی پەرتووک و نامیلکە چ لەبواری ئابوریش بە ڕاگرتنی موچەو تعریب کردن و ڕاگواستنی مووچەخۆرانی پارتی تا دەگاتە هەڵکوتانە سەر ماڵ و ژیان و شکاندنی شکۆو لەکەدارکردنی کەسایەتی جەماوەری پارتی دێغیان نەکرد.

لەدوای گەڕانەوەی بنکەو بارەگاکانی پارتی لەساڵی ۲۰۰۳ وە تا ئێستا پارتی جگە لەکاری ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەوەی جەماوەرەکەی لەچواچێوەی ئۆرگانەکانی حزبەکەیدا هیچ وجودێکی لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا نەبووە سەرخان و ژێرخانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان وڕاپەڕین لەژێر قەڵەمڕەوی یەکێتی دا بووە تاساڵی ۲۰۰۹ کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان لەهەناوی یەکێتی هاتەدەر نەبۆ ئازادی و بەهادیموکراسیەکان بوو نە بۆ دادپەروەری کۆمه‌ڵایەتی و جیاکردنەوەی حیزب لەحکومەت و سەروەری یاسا و کوردایەتی ،بەڵکو گۆڕان لەسەر فکری نەوشیروان مستەفا دروست بووە مەدرەسەکەی نەوشیروانیزمیش لەسەر دژایەتی پارتی و ڕیبازی بارزانی دروست بووە ، زیاتر لە نیو سەدەیە فکرەی جلالیزم و نەوشیروانیزم لەهەناوی خۆیاندا پەنگ دەخۆنەوەو لەسەنگەردان بۆ پەلاماردانی پارتی و ڕێبازی بارزانی ، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ هەرەس دەهێنن و دەبنەوە پاڵوو !

لەدوای ساڵی ۲۰۰۹ سەرخان و ژێرخانی سلێمانی و هەڵەبجەو دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان کە پێی دەوترا زۆنی (سەوزنیلی) لەژێر قەڵەمڕەوی گۆڕان و یەکێتی دا بووە جا چاکیان کردبێت یان خراپ کە خراپیان کردووەو ناوچەکەیان شێواندووەو شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسییان تێکداوە گۆڕان و یەکێتی لێی بەرپرسیارن نەک پارتی و ڕێبازی بارزانی ، یەکێتی سەری نەماوەو ئەوەی کەهەیە باڵ و قاچە نەتوانی فڕینی هەیە نەتوانی ڕێکردن ، بەڵکو لەناو زەلکاوی کوتلەو تەکەتولاتی حیزبیدا خەرق بووە و ماڵێکی لێکترازاو فرەکویغاو کەس کەس ناخوێنێتەوە هەموشیان خۆیان پێ هەمزە ئاغایە !هەرچی گۆڕانیشە لەبازنەی ئیرهابی فکری و توندڕەوی سیاسی میرغەزەبیدا بەحەوسەڵەیەکی تەنگ و جیقڵدانەیەکی بچوک و کورت بین و کوتوکوێر شەڕی قولەی قاف لەگەڵ پارتی و ڕیبازی بارزانیدا دەکات ،ئاخر میشولە چۆن شەڕی قولەی قافی بۆ دەکرێت !

ئیستا ئەم زۆنە له‌ سایه‌ی كێبركێ و ململانێی ناته‌ندروستی یه‌كێتی و گۆران بەسەوزنیلی نەماتەوە بەڵکو بووتە ( زۆنی دێز) و چوار ساڵ جارێك هێزێكی تر له‌ ڕیخۆڵه‌كانی یه‌كێتی به‌رده‌بێته‌وه‌و ده‌كه‌ونه‌ په‌لاماردانی یه‌كترویه‌كدی شكاندن به‌ ناوی ئازادییه‌وه‌! ئیرهابكاران هیچ مانایه‌كیان بۆ حكومه‌تداری و خزمه‌تكردن و خه‌می خه‌ڵك نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌وهه‌موو شتێكیان به‌ حیزبی و له‌ناو حیزبیشدا له‌سه‌ر ئیرهابی فكری بینا كردووه‌، مرۆڤ له‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی یه‌كێتی و گۆران كاتێك مافی سه‌ره‌تایی مرۆڤی هه‌یه‌ كه‌ سه‌ربه‌ ڕێكخستنه‌ شه‌ق و شڕه‌كانی مه‌كۆی گۆڕان و مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی بێت ، خۆئه‌گه‌رنا به‌تایبه‌ت بۆ پارتییه‌كان له‌ هه‌موو مافێك مه‌حرومن و به‌به‌رنامه‌ كار بۆ له‌كه‌داركردن و شكاندنی شكۆی پارتیه‌كان ده‌كرێت چ له‌ناو دام و ده‌زگاكانی ئیداره‌ی سلیمانی وهه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و راپه‌ڕین چیش له‌لایه‌ن هه‌وادارو لایه‌نگره‌كانی گۆران و یه‌كێتی له‌ده‌ره‌وه‌ی دام ده‌زگاكان .

ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورتر بۆ گوتاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌تمه‌دار بكه‌ین له‌سه‌ر ئیرهابی فیكری كه‌ به‌رێزیان فه‌رمویان " ئیرهابی فكری له‌شارێكدا به‌رامبه‌ر پارتی ده‌كرێت " پاشان فه‌رمویان " ئێمه‌ جارێك پارتی بین ئێوه‌ دوجار پارتین ،ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌فاداری پارتی بین "ئێوه‌ وه‌فادارترن له‌ پارتی چونكه‌ ئێوه‌ له‌ ناو ئیرهابی فكری سیستماتیكدان كه‌له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا دژی پارتی ده‌كرێت ".

ده‌وڵه‌تمه‌دار زۆر به‌ ڕوونی و ڕاشكاوی زۆر ڕاستگۆیانه‌و كوردانه‌ خاڵی خسته‌ سه‌ر پیته‌كان و په‌رده‌ی شه‌رم و بێده‌نگی شكاند، ئاخر دوو ده‌یه‌ یه‌كێتی له‌ شاخ هه‌رچی بوختانی سیاسی بوو هۆنییه‌وه‌ بۆ پارتی و ڕێبازی بارزانی هه‌رچی خیانه‌ت و ناپاكی بوو خستیه‌ ئه‌ستۆی پارتی و ڕێبازی بارزانی به‌ڵام پارتی هه‌ربێده‌نگی هه‌ڵبژارد چونكه‌ قۆناغی شاخ قۆناغی سه‌نگه‌رگرتن نه‌بوو له‌ یه‌كتر به‌ڵكو قۆناغی هاوكاریكردن و ده‌ستگرتنی یه‌كتر بوو ، له‌ خه‌باتی شاریش نه‌خێریان هه‌یه‌ نه‌بێربه‌ڵك هه‌مان ڕێچكه‌ی شاخیان گرتووه‌ته‌ به‌رو شارێكیان پێ به‌رێوه‌ ناچێت پارتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن ،كوردایه‌تیان بۆ ناكرێت شه‌ڕ به‌ شۆرشگێرو تێكۆشه‌ره‌كانی نیشتیمان ده‌فرۆشن .

له‌ زۆنی دێز ئیرهابی فكری و ئازادی ئه‌وه‌یه‌ تاهێزو توانات هه‌یه‌ جنێو بده‌به‌ پارتی و ڕێبازی بارزانی ، هه‌میشه‌ دژی پارتی و ڕێبازی بارزانی به‌و داهێنان بكه‌ن له‌ هۆنینه‌وه‌ی تۆمه‌ت و بوختانی سیاسی بۆ باڵای پارتی و ڕێبازی بارزانی ،هه‌ركاتێك حه‌زت كرد په‌لاماری باره‌گاكانی پارتی بده‌ن و خۆئه‌گه‌ر باره‌گات له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو كادرو لایه‌نگرانی پارتی شاپتڕێن بكه‌ن ،ئه‌مه‌ بۆخۆی بێساحێبی بێ خاوه‌نه‌كانی زۆنی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌، ئیرهابی فكری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكه‌یت له‌شاخ به‌ناوی كوردایه‌تی كه‌ جاشایه‌تی جێگه‌ی گرتبویه‌وه‌ ،خه‌باتی شاریش به‌ ناوی مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌ڵام عێراقچێتی جێگه‌ی بگرێته‌وه‌ ، ئیرهابی فكری ئه‌وه‌یه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 دوزخورماتوو گوڵاڵه‌و كه‌ركوك ڕاده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق و قاسم سلێمانی و هادی عامری و قه‌یس خه‌زعه‌لی و مه‌رجه‌عه‌كه‌یان خامه‌نه‌یی بكه‌یت ،پاشان پێت شه‌رم نه‌بیت له‌لایه‌ن هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ كه‌وای عێراقچێتی به‌سه‌ر شاندا بده‌یت ،ئاخر كوانووی خه‌باتی گه‌لی كورد به‌ عێراقچیتی بلێسه‌ ناكات ، پاداشتی گه‌لی كوردستان ئه‌وه‌بوو جارێكی تر ئه‌نفال و جینۆساید بكرێینه‌وه‌ یان ناوبانگی جوامێرانه‌ی پێشمه‌رگه‌و شكۆی پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌دار بكرێت و بشكێندرێت ،نه‌خێر زیاتر برینه‌كه‌ به‌ سوێ ده‌بێت 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.